هۆزار تۆفیق ابراهیم
وەك ئافرەتێك پیرۆزبای خۆم ئاراستەی سەرجەم ئافرەتان و ئەندامانی كۆنگرە و كادران و ئەندامانی ئەم یەكێتیە دەكەم.
دیموكراسی پێش ناكەوێت ئەگەر ئافرەتان خۆیان بڕیاردەر نەبن لە دیاریكردنی نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان هەر بۆیە (پارتی دیموكراتی كوردستان) ساڵانێكی زۆرە ئەم هەلەی ڕەخساندووە بۆ یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان تا بتوانن نوێنەری خۆیان بە شێوەیەكی ئازاد و لە پرۆسەیەكی دیموكراسیدا هەڵبژێرن.
هیواخوازم لە ستافی نوێی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان لە ئاست ئەو بەرپرسیارییەتییە بن كە نوێنەرەكانیان دەنگیان پێ داون وە ببنە پارێزەری سەرجەم مافەكانی ئافرەتانی كوردستان و كاری جیددی و پڕۆژەی گەورەیان هەبێت و بە ئامانج و میكانزمی نوێ كاربكەن و بەردەوام برەو بە بەرەوپێشبردنی تواناكانی خۆیان و ئافرەتانی تر بدەن لەسەرجەم بوارەكاندا؛ بە تایبەتی لە ڕووی زانست و تەكنەلۆجیای سەردەم و بەرەو پێشچوونی كۆمەڵگا پێشكەوتووەكان، بەردەوام هەڵسەنگاندن و بەدواداچونیان هەبێت بۆ كارەكانی ڕابردوو وە پێشنیاز و پلانی تۆكمە و نەخشە ڕێگایان هەبێت بۆ كارەكانی داهاتوویان.
و ئافرەتان وەك یەك تیم كاربكەن بۆ پاڵپشتی و ئاسانكاری و ناساندنی ئافرەتانی بە توانا و خاوەن ئەزموون و داهێنەر.
لێرەوە داواكار و هیواخوازم كە ستافی نوێی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان بەرنامە و كاری ئایندەیان لە ئاست خواست و داواكارییەكانی گشت ئافرەتانی كوردستان بێت هەوڵبدرێت پێگە و ڕۆڵی ئافرەت لە نێو كۆمەڵگە و كاروباری حكوومەتی و كەرتی تایبەت بەرزبكرێتەوە چی تر بەكەم سەیری توانای ئافرەتان نەكرێت، چونكە بە پێی زانستی پێشكەوتوو هیچ جیاوازیەك لە نێو ئافرەت و پیاودا نییە، بۆیە لە وڵاتە پێشكەوتووەكاندا ئەو بایەخپێدانە بەشێوەیەكی یەكسانە. دەبێت ڕێكخراوی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان چی تر قبوڵی نەكات كە ئافرەتان بە كەمتر لە پیاوان سەیر بكرێن و كۆتایی بەو ڕێژانە بهێنرێت كە وەك خێركردن دەدرێتە ئافرەتان بە نموونە پێدانی پۆست و پلەوپایە لە دام ودەزگای حكوومەتی وحزبیەكاندا داوابكەن ئافرەت ڕۆڵ و پێگەیان زیاتربێت. چونکە زۆرجار ئەو ڕێژەیەی كە دادەنرێت زۆر كەمە لە ئاست تواناكانی ئافرەتان پێویستە ئەگەر یەكسان نەبن لە پۆستەكاندا ڕێژەیەكی بەرچاو دابنرێت بۆ ئافرەتان كە لە كاتێكدا مافی خۆمانە یەكسان بین. بەهۆی پێنەدان و یاخود ڕێژەیەكی كەمی پلە و پۆست و بەرپرسیارێتیی بۆ ئافرەتان ئەمەش بۆتە هۆكار بۆ دروستكردنی چەندین كێشەی كۆمەڵایەتی و ناتەبایی لە نێوان خودی ئافرەتاندا كە بەڕای من سەرچاوەیە بۆ سەرهەڵدانی ئەم كێشانە، لە كاتێكدا لە نێو پیاوان لەبەرامبەر پێدانی چەندین پۆست تەنها پۆستێك ئەگەر بدرێتە ئافرەتان بۆیە پێویستە ڕیژەیەكی باش بدرێتە ئافرەتان تا ئەو ناتەبایی و كێشانەی كە لە نیوان ئافرەتاندا هەیە كەم ببێتەوە.
یەكێتی ئافرەتانی كوردستان ڕێچكەیەكی نوێ بگرێتە بەر بۆ گەیاندن و پاڵپشتی و داواكاریی مافی ئافرەتان چی تر بەو ڕێگە كۆن و تەقلیدیانە كار نەكەن كە پێیان وابێت ئەتوانن پاریزەرێكی باشبن بۆ داكۆك و دەستەبەركردنی مافەكانیان. گۆڕانكاری ڕیشەی بكەن، ئەمە هەلێكی زێڕینە بۆ ستافی نوێ و ببێتە بەشێك لە بەرنامە و كاری ئایندەیان.
لە ڕووی كۆمەڵایەتیشەوە پێویستە ئەم ڕێكخراوە هەوڵ بدات ئەو داب و نەریت و بیرۆكە كۆنانەی كە زۆرجار لە نێو بەشێك لە خەڵكاندا بە بیانووی جۆرا و جۆر و دوور بەرامبەر ئافرەت بەكاردەهێنرێت بە شیوەیەكی زانستی توێژینەوەی لەسەر بكات و هەوڵ بدات گۆڕانكاری لە ئایدیای تاكەكانی كۆمەڵگەدا دروست بكات كە ئەمەش هۆكارە بۆ دروستكردنی (كۆمەڵگەیەكی تەندروست و ئافرەتێكی تەندروست و فەرمانبەر و مامۆستا و پارێزەر و ئەندازیار و پزیشكێكی تەندروست،هتد) لە كۆتایدا دایكێكی میهرەبان كە پەروەردەی كۆمەڵگای لە ئەستۆگرتووە.