دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

لە 2024دا ئاكەپە دەیەوێت ئۆپۆزیسیۆن بەتەواویلاواز بكات

ساڵی 2024، ساڵێكی زۆر گرنگ و ستراتیژی دەبێت بۆ ئۆپۆزیسیۆنی توركیا، چونكە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان ئەنجام دەدرێت و ئەنجامی هەڵبژاردن دەریدەخات، كە ئۆپۆزیسیۆنی توركیا توانای هەیە بمێنێت و نەكەوێت؟ یان بەرامبەر بە هاوپەیمانیی كۆماری دەڕوخێت و ئیدی ئومێدی ئەوە لەدەست دەدەن دەسەڵات بگرنە دەست.

لە 2023دا، گرنگترین بابەت كە باسی لێوە دەكرا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی بوو، ئەوكات شڕۆڤەكارانی سیاسی پێیانوابوو، ئەگەر پارتی دەسەڵات (ئاكەپە)، هەڵبژاردن بدۆڕێنێت ئیدی سەردەمی زێڕینی ئۆپۆزءیسیۆن لە توركیا دەست پێدەكات، بەڵام رەجەب تەییب ئەردۆغان، بووەوە بە سەرۆككۆمار و ئاكەپە و مەهەپەش، بوونەوە بە زۆرینەی پەرلەمانی توركیا.
بۆ ساڵی 2024یش، گرنگترین بابەت هەڵبژاردنی شارەوانییەكانە، ئەگەر ئەمجارەیان ئۆپۆزیسیۆنی توركیا دووچاری شكست ببێتەوە، ئیستانبۆڵ و ئەنكەرا و ئەنتاڵیا لەدەست بدات، ئیدی ئەستەمە تا ماوەیەكی زۆر ئۆپۆزیسیۆنی توركیا هەستێتەوە و دووچاری رووخانێكی مێژوویی دەبێتەوە.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2019، ئۆپۆزیسیۆنی توركیا، توانی شارەوانییەكانی ئیستانبۆڵ و ئەنكەرا و ئەنتاڵیا و مێرسین و ئەڵانیا لەدەستی ئاكەپە و مەهەپە دەربهێنن، ئەمەش ئومێدی دایە ئۆپۆزیسیۆنی توركیا، كە كار بكەن تا بتوانن لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی سەركەوتوو بن، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی 2024، هەمان

بوونی نییە، چونكە ئۆپۆزیسیۆنی توركیا پەرش و بڵاوبوونە، بەتایبەت لە ئیستانبۆڵ پشتگیری لە یەك بەربژێر ناكەن.
ئەردۆغان، هەموو هەوڵێك دەدات تا بتوانێت شارەوانیی ئیستانبۆڵ بباتەوە، ئەگەر لەوەیاندا سەركەوتوو بێت، كەواتە دوو كودەتای گەورەی بەسەر ئۆپۆزیسیۆندا كردووە، چونكە لە 14ی ئایاردا توانی سەركەوتنێكی گەورە بەدەست بهێنێت و ئەگەر لەم هەڵبژاردنەشدا سەركەوتوو بێت، كاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 2028یشدا دەبێت.
بۆچوونەكان بۆ ئەوەن، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا پارتی دەم و جەهەپە، بەسەركەوتووی لێی دێنە دەرەوە، بەڵام پارتی خاس و ئاییندە و دەوا، دووچاری شكستێكی گەورە دەبنەوە، چونكە ئەوان بوونە هۆی ئەوەی ئۆپۆزیسیۆن پەرت بێت.
بابەتێكی تری گرنگ لە توركیا، لە دوای ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەكان دەردەكەوێت، ئەویش گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنە، واتە كۆتایی بە 50+1 بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بهێنن، چونكە ئەردۆغان بە ئاشكرا داوای كردووە ئەو سیستەمە بگۆڕێت و ئیدی هەر بەربژێرێك توانی زۆرینە بەدەست بهێنێت ئەو ببێتە سەرۆككۆمار.
بەڵام بەگوێرەی بۆچوونی چاودێرانی سیاسی، ئەگەر بێت و ئاكەپە و مەهەپە، توانیان شارەوانییە گەورەكان ببەنەوە، ئەوكات باس لە گۆڕینی سیستەمی 50+1 ناكەن، چونكە دەزانن بەو بردنەوەیە ئۆپۆزیسیۆن لەكار دەخەن و بە تەواوی لاوازی دەكەن و نابێتە جێی مەترسی بۆ هەڵبژاردنی 2028، بەڵام ئەگەر شارەوانییە گەورەكانی لەدەستدا، ئەوكات ئەگەر زۆرە لەناو پەرلەمان بە زۆرینەی دەنگ 50+1 نەهێڵن، ئەمەش لە بەرژەوەندی ئەردۆغانە، بەوەی كێ توانی لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردندا زۆرینە بێت، ئەو ببێتە سەرۆككۆماری توركیا.
لە 2024دا، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا، ئەگەر ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە سەركەوتوو نەبێت و شارەوانی ئیستانبۆڵ و ئەنكەرا نەباتەوە، ئەگەر زۆرە ئەو پارتە بچێتە ناو كۆنگرەی نائاسایی و ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی ئێستای شارەوانیی ئیستانبۆڵ ببێتە سەرۆكی پارت، چونكە ئیمامئۆغڵو، خۆی بەشایەنی ئەو پۆستە دەزانێت و بنكەی جەماوەری جەهەپەشی لەگەڵدایە، بۆیە شكستی جەهەپە، واتە هاتنی( ئیمامئۆغڵو)ـه بۆ بوون بە سەرۆكی پارت.
دەبێت باس لە رۆڵی دەم پارتی بكەین لە 2024دا، ئەو پارتە دەرگای گفتوگۆی بەسەر هەموو پارتە سیاسییەكاندا كردووەتەوە، دەڵێت ناچینە ناو هیچ رێككەوتنێكەوە ئەگەر رێككەوتنەكە نهێنی بێت، دەبێت رای گشتی توركیا بیزانێت، بەڵام دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو 12 سەربازی توركیا بەدەستی پەكەكە لە باشووری كوردستان كوژران، فشارەكان بۆ سەر پارتی دەم زیادی كردووە و تەنانەت داوا دەكەن، مووچەی پەرلەمانتارەكانیان ببڕدرێت و وەكوو تیرۆریست ناویان دەهێنن، بۆیە رەنگە هیچ پارتێكی سیاسی لە توركیا نەتوانێت بەئاشكرا رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ دەم پارتیدا بكات.