بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان ئەمڕۆ شەممە 30-12-2023 لە ڕاگەیاندراوێك رایگەیاند: لە بەردەوامی هەوڵەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەو نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان، لە دوو چالاكیدا تۆمەتبارێك دەستگیركراو بڕێكی زۆر ماددەی هۆشبەریش لە جۆری حەبی كەپتاگۆن دەستی بەسەردا گیرا .
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان روونیكردۆتەوە، لەشەوی 29/ 30ـی 12ـی 2023، دوای كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی بەردەوام كە زیاتر لەمانگێكی خایاند، هەروەها دوای ئاڵۆگۆڕی زانیاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانی نەینەوا و یەكگرتنەوەی زانیاریەكان و پشتڕاستكردنەوەی، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاساییش، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان توانرا بازرگانێكی نێودەوڵەتی بیانی ماددە هۆشبەرەكان لەشاری هەولێر دەستگیر بكرێت، لەم چالاكییەدا بڕی (136 كیلۆگرام) حەبی هۆشبەر لەجۆری كەپتاگۆن دەستی بەسەرداگیرا.
ئاماژەی بەوەشدا،هەروەك لەبەیاننامەی پێشووترمان لە ڕێكەوتی 25ـی 12ـی2023 ئاماژەمان بەوەدابوو كە بەهۆی دەستگیركردنی بازرگانێك لەشاری هەولێر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیەكەمان و دوای لێكۆڵینەوەو هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ، توانرا بڕی (100كیلۆگرام) حەبی كەپتاگۆن لەپارێزگای زیقار دەستی بەسەردا بگیرێت، لە درێژەی لێكۆڵینەوەكاندا لەگەڵ هەمان تۆمەتبار توانراوە بڕی (76 كیلۆگرام)ـی تریش لە هەمان ماددە دەستی بەسەردا بگیرێت و كە كۆی گشتی ماددە دەستبەسەرداگیراوەكە بووەتە (176)كیلۆگرام.
دەشڵێت: بۆ بەرچاوڕوونی زیاتر، لەم ساڵەدا لەلایەن بەرێوەبەرایەتیەكەمان چەندین بڕی تر لەم جۆرە حەبە مەترسیدارە كەنزیكەی یەك تەن و نیو دەبێت(كە بە دەنك زیاتر لە 10 ملیۆن دانە حەب) دەكات، توانراوە دەستی بەسەردا بگیرێت لەگەڵ ژمارەیەك بازرگانی ناوخۆیی و دەرەكی.
شایانی باسە، بەكارهێنانی ئەم حەبە لەلایەن ئاڵوودەبوانەوە لەهەرێمی كوردستان زۆر كەم و سنوورداربووە، دەستبەسەرداگرتنی ئەو بڕە زۆرەو لەماوەی یەك ساڵدا بەڵگەیە بۆ ئەوەی كە هەوڵی جددی هەبووە بۆ ئەوەی كە لەهەرێمیش كەسانێك فێری بازرگانی و بەكارهێنانی ئەم جۆرە حەبە مەترسیدارە بكرێت.