ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان نیگەرانییەكی زۆری سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی پەرەسەندنی ململانێكان لە غەززە دەربڕی ، كە دەتوانێت دەرئەنجامە وێرانكەرەكانی كاریگەری بۆ سەر هەموو ناوچەكە هەبێت.
ستیفان دوجارێك، وتەبێژی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە، گۆتێرێس هۆشدارییداوە لە بەردەوامی مەترسی ئاگرێكی ناوچەیی فراوانتر تا ململانێكان زیاتر لە غەززە بەردەوام بن.
هاوكات ئەمینداری گشتی نیگەرانی خۆی لە هێرشە بەردەوامەكانی گروپە چەكدارەكان لە عێراق و سوریا دەربڕیوە ،دەشڵێت هێرشەكانی حوسییەكان بۆ سەر كەشتییەكان لە دەریای سوور لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پەرەی سەندووە.
هەروەها ناوبراو داوای ئاگربەستی دەستبەجێی لە غەززە بە پاساوی مرۆیی و ئازادكردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی سەرجەم بارمتەكان كردووە.