رۆژنامەی ھەولێر

حكوومه‌تی هه‌رێم پلاتفۆڕمێك بۆ دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕاده‌گه‌یه‌نێت

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م پلاتفۆڕمێكی به‌ناوی (Jobs.KRD) ڕاگه‌یاند كه‌ بۆ له‌مه‌ودوا ده‌بێته‌ مینبه‌رێك بۆ دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار و دروستكردنی پردی په‌یوه‌ندی له‌نێوان خاوه‌نكاران و ئه‌وانه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌دوای كاردا ده‌گه‌ڕێن.

پلاتفۆڕمه‌كه‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م له‌ رێوڕه‌سمێكدا به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كونسوڵی وڵاتان و گه‌نج و لاوانی هه‌رێمی كوردستان ڕاگه‌یه‌نرا، هه‌ر له‌ كاتی راگه‌یاندنی پلاتفۆڕمه‌كه‌شدا هه‌روه‌ها ئیڤێنتێك له‌ شاره‌كانی‌ هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك، هه‌ڵه‌بجه‌ و زاخۆ به‌ڕێوه چوو كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ گه‌نجانیش له‌وێ به‌شداربوون.

پلاتفۆڕمی بریتییه‌ له‌ وێبسایتێك به‌ناوی (Jobs.KRD) و بۆ له‌مه‌ودوا ده‌بێته‌ پردێكی په‌یوه‌ندی له‌نێوان كۆمپانیاكان و هه‌موو ئه‌و گه‌نج و هاووڵاتییانه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌دوای كاردا ده‌گه‌ڕێن، به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی ده‌رچووی زانكۆ و په‌یمانگه‌كان و ده‌توانن له‌نێو وێبسایته‌كه‌دا ده‌ستنیشانی ئه‌و هه‌لی كارانه‌ بكه‌ن كه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نرێ و (سی ڤی) خۆیان بۆ كۆمپانیاكان بنێرن.

ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ گه‌نجان و خوازیارانی كار ده‌توانن هه‌ر له‌نێو وێبسایته‌كه‌دا‌ راسته‌وخۆ فۆڕمی تایبه‌تی هه‌لی كاره‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كان‌ له‌ كۆمپانیاكانه‌وه‌ پڕبكه‌نه‌وه‌ و هه‌روه‌ها خۆشیان له‌ناو رێكاره‌كانی پلاتفۆرمه‌كه‌ ناونووس بكه‌ن.

بۆ كارئاسانی ئه‌وانه‌ی به‌دوای هه‌لی كاردا ده‌گه‌ڕێن، له‌ وێبسایته‌كه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌لی كاره‌كان پۆلین كراون به‌گوێره‌ی پسپۆری و پێویستییه‌كان و له‌ هه‌ردوو كه‌رتی گشتی و تایبه‌تدا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی به‌دوای كاردا ده‌گه‌ڕێن به‌ كورترین و ئاسانترین ڕێگه‌ ده‌ستیان پێ بگات و بخرێته‌ به‌رده‌ستیان