وه‌زیری كشتوكاڵ: لەمەودوا پارەی هەرێمی کوردستان بۆ کڕینی گوڵ ناچێتەدەرەوە

وەزیری کشتوکاڵ رایدەگەیەنێت، “دوای سەری ساڵ گوڵی بەرهەمهێندراو دەخەینە بازاڕەکان و لەمەودوا پارەی هەرێمی کوردستان بۆ کڕینی گوڵ ناچێتەدەرەوە”.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21-12-2023، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “له‌دوای سه‌ری ساڵه‌وه‌ یه‌كه‌م قۆناغی گوڵی به‌رهه‌مهێنراو له‌ هه‌رێمی كوردستان دەخرێتە بازاڕه‌كانه‌وه‌”.

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، “چیدیکە پاره‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ كڕینی گوڵ ناچێتە ده‌ره‌وه‌ و له‌ناوخۆ بایەخی زۆر به‌م پڕۆژانه‌ ده‌درێت”.

ئەمە لە کاتێکدایە بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باخداری هەرێمی کوردستان، لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو زیاتر لە 55 ملیۆن و 400 هەزار نەمام، دار و گوڵی سرووشتی لە توركیا، ئێران، هۆڵەندا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، كینیا و چەند وڵاتێكی دیكە هاوردەی هەرێمی كوردستان كراون.

 بەپێی داتاكان بازرگانی؛ هاوردەکردنی نەمام و دار و گوڵ ساڵ بەساڵ لە هەرێمی كوردستان لەزیادبووندایە، بە جۆرێك لە سێ ساڵی رابردوودا بەراورد بە سێ ساڵی پێشتر بە رێژەی 41% زیادیكردووە، بۆیە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت لە رێگەی بایەخدان بە پڕۆژەکانی بەرهەمهێانی گوڵ لە ناوخۆی هەرێم، رێگری لە هاوردەکردنی گوڵ بکات.

لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خەرجی کڕینی گوڵ و نەمام بۆ جوانکاری شەقام و شۆستەکان بووە بە سفر و بە تەواوەتی پشت بە نەمامگە حکومییەکان دەبەسترێت.