هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

بەفر و باران بارین دەستپێدەکاتەوە

بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە هەندێک ناوچە بەفر دەبارێت.

بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاسمان نیمچە هەور دەبێت، پاشان دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، پلەی گەرما نزم دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.

راشیگەیاندووە، سبەی ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لە کاتەکانی بەیانیدا بارانبارین لە ناوچە شاخاوییەکان و سنووری پارێزگای دهۆک دەستپێدەکات، پاشان کاریگەرییەکەی درێژ دەبێتەوە بۆ سەر هەندێک لە ناوچەکانی هەرێم و لە هەندێک ناوچە بارانی مامناوەند دەبارێت، لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ لە سەنتەری پارێزگای هەولێر و سلێمانی نمە باران دەبێت، ئەگەری بەفربارین لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی دهۆک و هەولێر هەیە پێشبینی دەکرێت بۆ رۆژی شەممە کاریگەری ئەم شەپۆلە زیاتر بێت.

کەشناسی ئاماژەی بەوەشدا، پلەی گەرما بە نزیکەی 2 تـــــا 4 پلە نزمتر دەبێت لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:

هەولێر:  16 پلەى سیلیزى

سلێمانی: 14 پلەى سیلیزى

دهۆک: 13  پلەى سیلیزى

کەرکووک: 17 پلەى سیلیزى

هەڵەبجە: 13 پلەى سیلیزى

 زاخۆ:   13 پلەى سیلیزى

گەرمیان: 19 پلەى سیلیزى

حاج ئۆمەران: 2 پلەى سیلیزى

سۆران: 11  پلەى سیلیزى