سەرۆك مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازی لە خاتوو ڤیكتۆریا نولاند جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری سیاسی و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە خاتوو ئەلینا رومەنسكی باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و بەڕێز مارك سترۆ كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك دیپلۆماتكاری ئەمەریكی.
لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق و پێویستیی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان و بابەتی مافە دەستوورییەكان و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا ڕۆشنایی خرایە سەر هەڕەشە ئەمنییەكان و مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش لە عێراق و ناوچەكە و جەخت لە هەماهەنگیی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و هاوپەیمانان كرا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆر و ئاستەنگە ئەمنیەكان.
بارودۆخی سیاسیی ناوخۆی هەرێمی كوردستان تەوەرێكی تری دیدارەكە بوو و شاندی میوان پێزانینی بۆ پێشڤەچوونی ژێرخانی هەرێم و ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان هەبوو و، جەختیشی لە پێویستیی هەماهەنگی و یەكڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كردەوە.
لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە هەرێمی كوردستان هەمیشە هەوڵی داوە لە عێراقدا فاكتەری سەقامگیری و چارەسەر بێت و خوازیاری ئەوەش بووە كە گرفتەكانی لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵ بە گفتوگۆ چارەسەر بكات بەڵام كۆمەڵێك فاكتەر هەن كە بوونەتە ڕێگر لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵ و گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاساییبوونەوەی بارودۆخی دەڤەری شنگال.