محەممەد شوکری: 2023 ساڵێکی نموونەیی بوو بۆ کاری وەبەرهێنان

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان رایدەگەیەنێت، ساڵی 2023 ساڵێکی نموونەیی بوو، بۆ کاری وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان. دەشڵێت، “لەمساڵدا چەندین مۆڵەتی پڕۆژەیان هەڵوەشاندووەتەوە کە پابەند نەبوونە بە یاسا و ڕێنماییەکانی وەبەرهێنان”.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 20-12-2023، د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا کار و چالاکییەکانی دەستە و، داتا و ئاماری پڕۆژەکانی جێبەجێکراوی ساڵی 2023 لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.

“ساڵی 2023 نموونەیی بوو”

د. محەممەد شوکری ساڵی 2023 بە “ساڵێکی نموونەیی ئیشکردن لە دەستەی وەبەرهێنان” ناوبرد و، گوتی، “لەم ساڵدا مۆڵەتمان بە 151 پڕۆژەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان داوە و ئاسانکاری دەکەین بۆ ئەوەی زۆرترین مۆڵەتی وەبەرهێنان بە وەبەرهێنەران بدەین”.

بە گوتەی د. محەممەد شوکری، دەستەی وەبەر‌هێنان لە ساڵی 2023 “زیاتر لە 10 هەزار هەلی کاری بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان” رەخساندووە. ئەوەشی خستەڕوو، “سەرەڕای قەیرانەکان گۆڕانکاری جۆریمان لە شێوازی ئیشکردنی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان کردووە”.

وەکو ئەوەی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی پێ دا،  لە ساڵی 2023، کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو پڕۆژانەی لە ساڵانی رابردوودا پەکیان کەوتبوو کراوە و “بەشی هەرە زۆریان چارەسەر کراون”.  گوتیشی، لەمساڵدا چەندین مۆڵەتی پڕۆژەیان هەڵوەشاندووەتەوە کە “پابەند نەبوونە بە یاسا و ڕێنماییەکانی وەبەرهێنان”.

کاریگەریی بوومەلەرزەکەی تورکیا

بەرەبەیانی رۆژی 6ـی شوباتی 2023، دوو بوومەلەرزەی وێرانکەر بەگوڕەکانی 7.7 و 7.6 پلەی رێخته‌ر تورکیا و باكووری كوردستان، هه‌روه‌ها سووریا و رۆژئاوای كوردستانیان ھەژاند و لە ھەرێمی کوردستانیش بەگوڕی 4.7 پلەی رێخته‌ر ھەستی پێکرا. بەهۆی بوومەلەرزەکان، هەزاران هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و سەدان باڵەخانەش وێرانبوون.

وەکو ئەوەی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان باسی کرد، “بوومەلەرزەکەی تورکیا کاریگەری لەسەر بازاڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەنێویشدا هەرێمی کوردستان کرد؛ بەڵام دواتر دەستەی وەبەرهێنان جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونی دەستپێکردەوە و پشکنینی بۆ سەلامەتی هەموو یەکەکانی نیشتەجێبوون کرد”.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان جەختیکردەوە، “لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پارێزگا و ئیدارەسەربەخۆکانەوە خاوەن پرۆژەکان پابەند کراون لە دیزایینەکانیان سیسیتەمی بوومەلەرزە رەچاو بکەن بۆ پاراستنی پرۆژەکانیان و دانیشتووان لە بوومەلەرزەکان”.

پڕۆژەکان لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان

  د. محەممەد شوکری ئەوەی خستەڕوو، “گرنگییەکی زۆرمان بەو پڕۆژانە داوە کە ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان بەهێز دەکەن، لەوانە پڕۆژەکانی پیشەسازی خۆراک، بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران، بەرهەمی پەتاتە، خانووی پالستیکی و هەناردە و بەبازاڕکردنی بەرهەمی ناوخۆیی لە دەرەوەی وڵات”.

هەر لەبارەی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی دەستە ئاماژەی بەوە کرد، “لەلایەن فەرمانگەکانمانەوە چەندین لێکۆڵینەوە لەسەر بەرهەمە ناوخۆییەکان کراوە؛ لەوانە ئاسن، چیمەنتۆ، هەروەها بەرهەمە کشتوکاڵییەکان ئەمەش بۆ بەرچاو روونی زیاتر بۆ پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان”.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوەش کرد، “لە ساڵی 2023 وێبسایت و بڕاندنی ئینڤێست کوردستانمان راگەیاند؛ نەخشەی وەبەرهێنانی گەشتیاری بە هاوکاری دەستەی گەشتوگوزار لە ئێستادا لەسەر ماڵپەری ئینڤێست کوردستان دانراوە”.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان گوتی، خاوەن پڕۆژەکان پابەند کراون بە:

1.  جێبەجێکردنی گشت ڕێنمایی و ستانداردەکانی ژینگەیی و رێژەی سەوزایی لە پرۆژەکانیان.

2. پێویستە لانیکەم سەدا 75ـی دەستی کاری پڕۆژەکان ناوخۆیی بێت.

3. لەبەرچاوگرتنی پێداویستییەکانی خاوەن پێداویستی تایبەت.

4. خێراکردنی پڕۆسەی بە ناوکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون بە ناوی هاووڵاتییان.

ڕێککەوتنامە نێودەوڵەتییەکان

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایگەیاند، “وەکو دەستەی وەبەر‌هێنان لە ساڵی 2023 چەندین رێککەوتنامەی نێودەوڵەتیمان کردووە کە بوونەتە هۆی ئەوەی کەشی وەبەر‌هێنان لە هەرێمی کوردستان باشتر ببێت”.

هەر لەماوەی ئەمساڵدا، بە گوتەی د. محەممەد شوکری، “یاداشتی لێکتەگەیشتن لەگەڵ ڕێکخراوی دراوی نێودەوڵەتی (IFC) و هەروەها لەگەڵ کۆمەڵێک لە زانکۆکانی ناوخۆ و بیانی واژووکراوە بەمەبەستی پەرەدان بە کاری وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان”.

چارەسەرکردنی ئالوودەبووانی ماددەی هۆشبەر

بەگوێرەی ئامارێکی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر، لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ هەشت هەزار و 894 کەس بەتۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون، لەو ژمارەیەش 1849 کەسیان بازرگان بوون و کڕین و فرۆشتنیان بە ماددەی هۆشبەرەوە کردووە.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، “بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کەسانەی ئاڵوودەی ماددەی هۆشبەرن؛ مۆڵەتمان بە نەخۆشخانەیەک و چەند سەنتەرێک داوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کەسانە”.

ھەواڵی زیاتر