مەکتەبی سیاسی پارتی: یه‌كێتی ئافره‌تان بەردەوامە لە خزمەتگەیاندن بە دۆزی ڕەوای گەلەکەمان

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ، به‌ بۆنه‌ی بە بۆنەی(69)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی یه‌كێتیه‌كه‌ ده‌كات.
له‌ په‌یامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتیدا هاتووه‌:
بەڕێزان/ سکرتێر و هەڤاڵانی مەکتەبی سکرتاریەت و ئەنجوومەنی باڵای یەکێتی ئافرەتانی کوردستان
یادکردنەوەی(69)ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، یادکردنەوەی بۆنەیەکی گرنگ و مێژووییە هەم بۆ خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد و هەمیش بۆ رێکخراوی پێشەنگی سەرجەم ئافرەتانی دلێر و سەرفرازی کوردستان، ئەو بۆنەیەی وەرچەرخانێک بوو لە دیرۆکی خەباتی مەدەنی و نەتەوەیی و نیشتیمانیمان.

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی راشیده‌گه‌ێنێت: یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، لە ئاکامی بڕیارەکانی کۆنگرەی سێیەمی پارتیمان دامەزرا، هەرچەندە لەو هەلومەرجە دژوارەی ئەوکات سەریهەڵدا، بەڵام توانی بناخەی راست و دروستی کارنامە و چالاکییەکانی دابڕێژێ و وەک رێکخراوێکی داکۆکیکار لە مافی رەوای ئافرەتان پێگە و جێگەی شیاوی خۆی بچەسپێنێت.
هه‌روه‌ها له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیدا هاتووه‌: توێژی ئافرەتانی کوردستان لە چوارچیوەی ئەو یەکێتیەیەیان دا بە پێی پلانێکی رێکوپێک و نوێخوازانە و گونجاو بەدرێژایی قۆناغەکانی تێکۆشانی گەلەکەمان هەمیشە ئامادەییان هەبووە، بۆیە رۆڵ و پێگەکەیان گەواهیدەری ئەو کاروانە پڕبەخششەی ئافرەتە تێکۆشەر و کۆڵنەدەرەکانە بۆ گەشەپێدانی هۆشیاری و بیری نەتەوەیی و نیشتیمانی لەلایەک و لە پێناو دەستەبەرکردنی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی لەلایەکی دیکەوە.
مه‌كته‌بی سیاسی پارتی ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شده‌كات:ئەمڕۆش پاش ئەو تەمەنە و ئەو خەبات و قوربانیدان و دەسکەوتانە، توێژی ئافرەتانی کوردستان جێگە و پێگەی شیاوی خۆیان لە جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتەکاندا گرتووە و بەشدارن لە دامەزراوە باڵا سیاسی و یاسایی و مەدەنییەکان، هەروەها بڕیاردان لەسەر چارەنووس و دوارۆژی کێشە رەواکەمان، ئەمەش مایەی شانازییە بۆ بزووتنەوی سیاسی و یەکێتییەکەتان.
هه‌روه‌ها راشیده‌گه‌یه‌نن:هەڤاڵانی بەڕێز ، کارنامە و کۆشش و چالاکییەکانی یەکێتییەکەتان رۆژ بە رۆژ گرنگتر و هەستیارتر و قورستر دەبێ بەتایبەتی لەرووی ئەو جەنگە هەمەلایەنەی دژ بەو ئەزموونە و کۆمەڵگا و سەقامگیری دەروونی رۆڵەکانمان دەکرێ، هەروەها ئەو لێشاوەی شۆڕشی تەکنەلۆجیا و ئامرازەکانی پێوەندیکردن کە کاریگەری زۆری بەسەر تاکەکان و سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگا و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە، بۆیە پێویستە بە هەموو لایەک و بە هەموو توانا و جۆرێک کاربکەین بۆ راستەڕێکردن و هاندان و بونیاتنانی تاکی هۆشیار و بەرهەمهێن و داڕشتنی بنەما پێشکەوتوو و سەردەمەییەکان بە جۆرێک لە خزمەتی بەها و مۆراڵ و نەریتە سوودبەخشە رەسەنەکانمان بن.
مه‌كته‌بی سیاسی پارتی راشیگه‌یاندووه‌: بەو بۆنەیەوە و لەم دەرفەتەدا وێڕای پیرۆزبایی گەرممان، جارێکی دیکە تەواوی پشتیوانی و پاڵپشتی خۆمان بۆ کار و چالاکی و بەرنامەکانتان دووپات دەکەینەوە، هەروەها جەخت دەکەینەوە سەر پتەوکردن و بەهێزکردنی بنەما راست و دروستەکانی پەروەردە و پێگەیاندن و، سڕینەوە و نەهێشتن و رووبەرووبوونەوەی هەموو ئەو دیاردە و رەفتار و کردەوە ناپەسند و دزێوانەی بەها و نەریتە مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییەکان لەکەدار دەکەن و دەیشێوێنن و دەبنە هۆی جۆرەها دەردی کۆمەڵایەتی و لێکترازانی کۆمەڵایەتی، کە زۆر دوورن لە دابونەریتە راستەقینەکانی کۆمەڵی کوردەواریمان.
له‌كۆتاییدا مه‌كته‌بی سیاسی رایده‌گه‌ێنێت: ئەو یادە پیرۆزە مایەی شانازییمانە، یادی ئەو یەکێتییەی تا ئەمڕۆش هەر بەردەوامە لە خزمەتگەیاندن بە دۆزی رەوای گەلەکەمان و خواست و ویستی ئافرەتان، بۆیە وەک هەمیشە خوازیارین بە ئەرکی رێکخراوەیی و نەتەوەیی و نیشتیمانی خۆتان هەڵسن لە خستنەڕووی پەیام و کارنامەکەتان.
جارێکی دیکە گەرمترین پیرۆزباییمان ئاراستەی ئێوە و سەرجەم کادیر و ئەندامان و گشت ئافرەتانی کوردستان دەکەین و، ئومێدەوارین هەردەم بەرەو پێش بچن و خزمەتی زیاتر بە توێژی ئافرەتان بکەن.

ھەواڵی زیاتر