یەکەمین فیستیڤاڵی ڕامانڕا و ڕوانگە و ڕانان

سالار عوسمان

یەکەمین فیستیڤاڵی ڕامان
ڕا و ڕوانگە و ڕانان

بەشی دووەم

گۆڤاری ڕامان، شوێنکاتێکی مانادار
هەر لەنێو ئەم گەڕانەوە مێژووییەدا دەمەوێت باسی شوێنکاتی دامەزراندنی گۆڤاری ڕامان بکەم.
شوێن هاوینەهەواری پیرمام و کات 11 ـی 6 ـی 1996، ئەوکات دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی گوڵان وەک بەشێک لە مەکتەبی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاریدا گۆڤارێکی ئەدەبی دابمەزرێنێت و تەنیا ئارمانجی ئەدەب و ڕۆشنبیریی کوردی بێت و دوورترین قەڵەم لەخۆی نزیک بکاتەوە و هەموو جیاوازییە هزری و تێگەیشتنە کولتوورییەکان کۆبکاتەوە و سنوور ببڕێ و خەونی گەورە بخاتە نێو گۆڕەپانی ڕۆشنبیریی کوردییەوە، کە ئەوکات بەداخەوە شەڕی نێوخۆ گۆڕەپانەکەی بێڕەنگ کردبوو، ڕۆشنبیرانیش لەبەردەم ڕژانی خوێنی براکاندا واقوڕماو و حەپەساو بینەری تراژیدیای نەتەوەیەک بوون، تراژیدیایەک کە پێی دەگوترێت شەڕی براکوژی، هەندێکیش ناویان لێنابوو شەڕی خۆکوژی، کەواتە ئێمە باس لە ڕووداوێکی گرنگ دەکەین، ڕووداوی دامەزراندنی گۆڤارێکی ئەدەبی لە زەمەنێکی شوومدا، زەمەنی براکوژی.

بۆ گۆڤاری ڕامان؟
جارێ دەبێ ئەوە بڵێین، کە یەکەم ژمارەی گۆڤارەکە بەنێوی (تێڕامان) بوو، هەر زوو ناوەکەی گلەیی لێکەوتەوە و لە ژمارە دوویدا بوو بە (ڕامان) و لەوساوە تا ئێستێ هەر بەو ناوە شیرینە: (ڕامان) چاپ و بڵاودەکرێتەوە.
بۆ مێژوو، دوای ڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەقە باسی سێ کەسایەتی بکەین، کە ڕۆڵیان هەبووە لە سەرپێحستنی ئەم گۆڤارە، یەکەمیان شەهید شەوکەت شێخ یەزدین، کە خاوەن ئیمتیازی ئەم گۆڤارەیە و خۆیشی یەکێک بوو لەوانەی حەزێکی قووڵی بۆ نووسین و ڕۆشنبیری هەبوو و خودان بەرهەمیشە لەو بوارەدا، دووەمیان کاک سەرۆ قادر، کە نووسەر و ڕۆژنامەووسێکی بەنێوبانگ و پڕ بەرهەمە و ئەوکات بەرپرسی دەزگای ڕاگەیاندنی گوڵان بوو، کە دەزگاکە گۆڤاری ڕامان ـ یشی لەخۆ دەگرت، سێیەمیشیان نووسەر و ڕەخنەگری بەنێوبانگ کاک ئازاد عەبدلواحید، کە لە سەرەتاوە تا ئێستا سەرنووسەری گۆڤاری ڕامان ـ ە و ئێستایش دوای هەموو ئەو ماوەیە وەک تولازێک کڵر بۆ دەرچوونی گۆڤاری ڕامان دەکات.
بەکورتی دەمەوێت بڵێم: پارتی کە بڕیارێ داوە لە مانگێ شەشی ساڵی 1995 و لە نێو شەڕی نێوخۆدا یەکەم میهرەجانی ڕۆشنبیری لە دهۆک ساز بکات و، دواتر لە ماننگی شەشی ساڵی 1996 و هەر لە نێو شەڕی نێوحۆدا گۆڤاری ڕامان ـ یشی دەرکردووە و لە هەردوو هەنگاویشدا حۆی دوورگرتووە لە حزبایەتی و تەنێ کوردستان و خەمی ڕۆشنبیریی کوردی لا مەتڵەب بووە، ئەوە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە، کە پارتی دەستپێشخەر و پەرۆش و بەخەم بووە بۆ ڕۆشنبیریی کوردی، بۆیە دەبێ بەڕێزەوە ئەو ڕوانگە سیاسییە بێگەردە هەڵبسەنگێندرێت و ئەوەش بیر هەمووان بهێندرێتەوە، کە پارتی پێیوابووە: (ڕۆشنبیری چارەسەرە).

ھەواڵی زیاتر