فرسەت سەیدشکور
لەدوای ساڵی (٢٠٠٣)ەوە كە ڕژێمی بەعس ڕووخا، هەمیشە ویست و خواستی پارتی دیموکراتی کوردستان چەسپاندنی دیموکراسی و سازانی نێوان پێکهاتەکانی کەرکووک بووە.
پارتی، لە ڕابردوو و ئێستاشدا پرسی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانی کردووەتە بنەمای یەکەمین و سەرەکیی گفتوگۆکانی لەگەڵ حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق.
پارتی، مەبەستیەتی لە ڕێگەی دیاریکردنی دەسەڵاتی خۆجێیەتی و نەهێشتنی ئەو زوڵمە بەردەوامەی بەرامبەر بە هاووڵاتییان لە پارێزگای کەرکووک دەکرێت، بە لیستی (١٩٧) بەشداریی هەڵبژاردنی ١٨ی ١٢ی ٢٠٢٣ی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بە ئامانج و دیدگای قووڵی (پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن) بكات.
خواست و ئیرادەی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بریتییە لە بەدیهێنانی دادپەروەری و تەبایی و ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەمنی و سیاسی و ئیداریی پارێزگای کەرکووک، هەروەها چاکسازیکردن و دابینکردنی خزمەتگوزاری لە کۆی سێکتەرەکانی پارێزگای کەرکووک.
لە کارنامەی پارتیدا سەبارەت بە کەرکووک، هەوڵەکان لە ڕێگەی نوێنەرانی ڕاستەقینەی کەرکووکییەکان چڕ دەکرێنەوە، بە مەبەستی وەدەستهێنانی ژیانێکی شایستە و ئاسوودەی پڕ لە کەرامەت، هەروەها دوورکەوتنەوە لە کێبڕکێی ناڕەوای دوور لە خواستی کوردستانییانی کەرکووک.
لە قۆناغی داهاتوودا، پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری و پێداگریی لەسەر ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، هەوڵەکانی دەخاتە گەڕ.
ئەوەی لە پەیام و کارنامەی پارتیدا ڕەنگی داتەوە، پەیامی هاریکاری و پێکەوەژیانی ئاشتییانە و هەماهەنگیی نێوان هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەكانە، کە ئەمەش داواکاریی هاووڵاتییانی پارێزگای کەرکووکە.
چەند خاڵێکی گرنگی دیکە کە بنەما سەرەکییەکانی پارتیین بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لەوانە: پێداگری لەسەر نەهێشتنی شوێنەواری گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و بەردەوامیدان بە پاراستنی ناسنامە و کوردستانی بوونی کەرکووک.
لە ڕووی خزمەتگوزاریی گشتییەوە؛ لیستی (١٩٧)ی پارتی كار دەكات بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ گەڕەکە پشتگوێخراوەکان و چارەکردنی کێشەکانیان و تەواوکردنی پرۆژە خزمەتگوازییە وەستێندراوەكان.
لیستی (١٩٧)ی پارتی لە هەوڵەکانی بۆ چارەی بنەڕەتیی کێشەی زەوی و زاوری جووتیاران لە
پارێزگای کەرکووک، جەخت دەکاتەوە لەسەر ڕێزگرتن لە ئیرادەی گەل و قووڵكردنەوەی دیموكراسی و باڵادەستی و سەروەریی یاسا لە کەرکووک، بۆ ئەم مەبەستەش سڵ لە هیچ بەربەستێک ناکاتەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بەخشینی گەورەترین بارەگاكەی بە زانكۆی کەرکووک، خەمخۆریی خۆی بۆ سەقامگیری و تەناهیی کەرکووک سەلماند.
پارتی بە دروشم و ئامانجی (سیاسەتی پارتی لە کەرکووک پاراستنی شکۆی کوردستانییانی کەرکووکە) بەرەو سەرکەوتنی گەورە و زامنکردنی دادپەروەری و یەکسانی لە کەرکووک، هەنگاوی هەڵگرتووە.