شێرکۆ حەبیب
کەرکووک شارێکی کوردستانی جیاوازە لەگەڵ شارەکانی دیکە، ئەگەری هەیە کاتی پێش دەرهێنانی نەوت لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان هۆکاری ئەو جیاوازیە بوو بێت، لەگەڵ ئەو هۆکارەش هەمدیس کەرکوک جیاوازە بە پێکهاتەکانی لە چەندین میللەت و نەتەوە و ئاین پێک هاتووە. کەرکووک هەر لەسەردەمی پاشایەتی و پێشتریش ئەو گرفتەی هەبووە. بێگومان بوونی سامانە سروشتیەکان بەتایبەتی نەوت لەسەر دەمی داگیرکەرانی ئینگلیز بۆ عێراق هەوڵ دراوە ئەو شارە داببڕن لە کوردستان و هەر سەر بە عێراقی عەرەبی بێت، کە ئەمەش جێگای قبووڵی کورد نەبووە و نابێ کە شاری دڵی کوردستان لە کوردستان داببڕن، دەبینین جەنابی مەلا مستەفا بارزانیی نەمر ساڵی ١٩٧٤ ڕەزامەند نەبوو کەرکوک داببڕن لە کوردستان ئەوەش بووە هۆی نسکۆی ساڵی ١٩٧٥، واتە کورد شۆڕشێکی کردە قوربانی کوردستانیەتی کەرکووک، ئەمڕۆشی لەگەڵدابێ جەنابی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیی پارتی سازش لەسەر کوردستانی بوونی ئەو شارە ناکەن.
ئەمڕۆ لەسەرو بەندی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی ئەو پارێزگایە کورد بەیەک هەڵوێست و یەک لیست بەشداری ناکەن، بەڵکو بە لیستی جیاواز جیاواز، ئەگەر حزبەکان ئایدلۆجی و بۆچوونی جیاوازیان هەیە، بەڵام کەرکووک دەبێ خاڵی یەکڕیزیی کورد بێت، چونکە کوردستان بەبێ ئەو شارە وەک جەستەیەکی لاوازە. ئەگەر حزبەکان لەسەر کۆمەڵێک بابەت نا تەبا بن دەبێ کەرکوک هۆکاری یەکریزی بێت، ئەگەر هاتوو خوا نەکات کورد دەنگی کەم بێت و زۆرینەی کورسیی ئەنجوومەن بەدەست نەهێنێ ئەوە کوردستانی بوونی کەرکووک لای نەیاران دەبێە جێگای گومان و دەبێتە هۆی پەرەسەندنی کارە شوڤێنیەکان. بۆیە ڕێز لەیەکدی گرتن و هێورکردنەوە و ئاسایی باردۆخەکە لە نێوان لایەن کوردەکان زامنە بۆ سەرکەوتنی کورد و بەدەست هێنانی ئەندامییەتی زێدەتر لە ئەنجوومەنی دڵی کوردستان ئەمەش خۆی لە خۆیدا دەبێتە پێگەیەی بەهێز بۆ کورد و وەڵام دانەوەیەکە بۆ نەیاران و شۆڤێنیەکان کە کەرکوک دڵی کوردستان و بەشێکی گرنگە لە جەستە و ڕۆحی کوردستان، دەبێ خەڵکی کەرکووکی بەشەرف کوردستانی بوونی کەرکووک لە سەرووی هەموو بەرژەوەندیەک دابنێن و کێ سازشی لەسەر مافی کەرکووک نەکردووە و هەردەم لە هەوڵی تەبایی ویەک ڕیزیی نێوان دانیشتوانی ڕەسەنی ئەو شارە بووە.