چۆن دەبیتە كەسێكی بەختەوەر؟

شاخەوان عەلی حەمەد مامۆكی

كەس نییە لەئێمە حەز نەكات خەو بەشتێكەوە ببینێ كە شادو دڵخۆشی بكات!! دڵخۆشی سنوورێكی دیاریكراوی نییەو خاڵێكی تێدا نابینیەوە بۆ ئەوەی لێی بوەستی و پێت وابێ ئەوە دوا لوتكەی بەختەوەرییە، تەنانەت ئەوانەی خەو بەوەوە دەبینن بگەنە دواترۆپك و لوتكەی بەختەوەری سەر چیاوشاخە سەركەشەكان، كەچی لەبەردەم ژیانكردندا هەر دەبێ بۆ ئەو شوێنە بگەڕێنەوە كە لێیەوە هاتوون.
هەڵبەتە زۆر جار ئەوەمان بەبیرو كەلكەلەو خەیاڵ دادێ لەخۆمان دەپرسین: بۆچی هەموو شتێكمان هەیە كەچی دڵخۆش نین، وەك چۆن هیچشمان نییە هەر دڵخۆش نین؟
كەواتە دەبێ بزانین دڵخۆشی چییە؟ چۆن بەدەست دێ و چۆن ببینە كەسێكی دڵخۆش؟ سەرەتا بەر لەهەر شتێ دەبێ لەو هەقیقەتە تێبگەین كە هەڵەین ئەگەر واتێبگەین هەموو شت دەزانین كەچی ئاگامان لە زۆر شت نییەو زۆر شت نازانین!!هەڵەین ئەگەر وابزانین لەهەموو شت تێ دەگەین، كەچی ئاگامان لەڕەفتارو هەڵس و كەوت و دنیابینی خۆمان نییەو هەر ئەو شتە بەڕاست دەزانین كە پێمان ڕاستەو ڕاست نییە!!
لە ڕۆژنامەفرۆشێكم پرسی: ئاخۆ بیرو هۆش و هزركردنی خوێنەر لەكوێی گۆڤارێكە كاتێ دێتە لات، گۆڤارێكت لەلا دەكڕێ؟
ئەویش بەدەم زەردەخەنەیەكی گەشەوە دەستی بۆ یەك لەو گۆڤارانەی بەردەمی درێژكردو وتی: خوێنەران هەر یەكە حەزی و خولیاو ئارەزوویەكی هەیەو دڵخۆشی و بەختەوەری خۆی لە گۆشەنیگایەكی ئەو گۆڤارە دەدۆزێتەوە كە باوەڕی پێیەتی، هەیە ئەم گۆڤارە تەنها لەبەر بابەتە سیاسییەكان دەكڕێ، هەیە ئەم گۆڤارە لەبەر بابەتە كۆمەڵایەتیەكان دەكڕێ، هەیە تەنها حەزی لەلاپەڕەی وەرزشەو هەیشە سەرنجی خۆی تەنها لە بابەتە هەمەڕەنگەكان كۆ دەكاتەوەو …هتد.
ئەوە پێمان دەڵێ: هەقیقەتی ئەم ژیانە ئەوەیە هەر یەكەمان خۆشنوودی و شادمانی خۆمان لەشتێ بەرجەستە دەكەین و بەبایەخەوە پەنا دەبینە بەر شتێك و شتێكی تر پشتگوێ دەخەین، لەشتێ بەختەوەری بۆ خۆ مسۆگەر دەكەین و لەشتێكی دیكەدا خەفەت بۆ ئەو شتە دەخۆین كە پێی ناگەین و دەستمان نایگاتێ با زۆریش دەوڵەمەند بین!!.
گومانیش لەوەدا نییە هەموو ئەو خەڵكە بێشومارو زۆرو زەوەندو لەبن نەهاتووەی وا لەسەر ئەم هەسارەیەدا (سەر گۆی زەوی) دەژێن، ناكرێ بەڕەهایی بڵێین: كەس دڵخۆش نیە، نا، نەخێر، هەیە دڵخۆشی خۆی لەخێزانێكی بەختەوەر دەبینێتەوە، هەیە لە سەروەت و سامان، هەیە لەخۆشویستنی كچێك، كوڕێك، هەیە لە گەڕان و سوڕان، هەیە لە نووسین و چی و چی….
تۆ ئەگەر شوفێری دەكەی، ئەگەر فەرمانبەری لە كۆمپانیاو دەزگایەكی مەدەنی یا سەربازی، ئەگەر قوتابی، مامۆستای، كارمەندی لە سۆپەڕماركێتێك، چ لەماڵەوەبیت یا دەرەوە، دەبێ بزانی چۆن بەختەوەری بەدەست دێنی؟ چۆن دەبیتە كەسێكی بەختەوەر؟ بەختەوەری تەواو راستەقینەی عەیار بیست و چوار ئەوەیە ئەوە شتەی بۆ خۆی پێ خۆشە، ئەوەیشی بۆبەرامبەرەكەی پێ خۆشە بەمەیش بوغزو رق و كینەو ئیرەیی ودرۆو دەلەسەو زمانی خەنجەر لێك وەشان دەتارێ و بەختەوەری جێی دەگرێتەوە، بەختەوەری بەزەردەخەنەیەك بەدی دێت ئەگەر بەوزەردەخەنە دڵی كەسێك خۆش بكەی، ئەگەر لەكەوتنی كەسێك راستی بكەیەوە، دەستی یەكێك بۆ چاكە بگری، ئامۆژگاری ئەوانە بكەی كە رێیان ون كردووە تا بگەڕێنەوە سەر راستەقامی بەختەوەری و شتەكان زۆرن ئەگەر مرۆڤ نیەتپاكی ئەوەی هەبێ ببێتە كەسێكی چاكەكار، بەوە بزانە بەختەوەری كاتێ چوویە سەر جێگاو سەرت نایە سەر سەرین، بەدڵخۆشی بخەوی، خەوێكی خۆش ببینی.

سەرپەرشتیاری هاوڕێی ڕەخنەگر/ شارۆچكەی تەق تەق

ھەواڵی زیاتر