سوپاسنامە

حەمەسەعید حەسەن

لە سوێد لە گەلێک سەرتاشخانە، ئەگەر نۆ جار سەریان لا بتاشی، جاری دەیەم بەلاشە. ڕۆژێک زەنگم بۆ خاوەنی چاپخانەی ئاپێک لێ دا و پێم گوت: تا ئێستا نۆ کتێبم لای ئێوە چاپ کردووە، کۆشیعرێکم بۆ چاپ ئامادەیە، لەبەر ڕۆشناییی ئەو ڕێسایەدا کە زۆر لە سەرتاشخانەکان ڕەچاوی دەکەن، بینێرم بۆم چاپ دەکەن؟ گوتی: بینێرە.

کە ١٩٩٨ کتێبی (شێعر و تەور)م چاپ کرد و داوای کۆمەکم لە یەکێتیی نووسەرانی سوێد کرد، هێندەیان یارمەتی دام، توانیم ڤۆڵڤۆیەکی نوێی پێ بکڕم، بەڵام هێندەی دڵم بە ڕستەیەکی جوانی نێو ئەو کتێبە خۆشە، نیو هێندە دڵم بە جوانترین ماشێن خۆش نییە. یەکێک لە باسەکانی ناو ئەو کتێبە، لێكۆڵینەوەیەکی ئەدەبییە بە ناونیشانی: گەڕان لەدووی خود، سوپاس بۆ جەزا چنگیانی کە دوای خوێندنەوەی ئەو باسە، بۆی نووسیبووم: “ئەگەر لەسەر هەمان ڕێچکە و بە هەمان ئاست، درێژە بە توێژینەوەی ئەدەبی بدەیت، ئەوا ڕۆژی لەدایکبوونت، دەبێت بە ڕۆژی لەدایکبوونی ڕەخنە لە ئەدەبی کوردیدا.
بەهۆی کتێبی (هونەری ڕاوەژەن)ەوە (ساتیرەچیرۆک ٢٠٠٠) کە هیچ بەرهەمێکی لە ئەورووپا چاپکراوم، هێندە زوو نەفرۆشراوە، خوێنەرانم لەو غەریبییە، قاقا لە ناخەوە پێکەنیون، تەنانەت یەکێکیان کە هونەرمەندێکی ناسراوە، بۆ نووسیبووم: ‘لەوساوە هونەری ڕاوەژنم پێ گەیشتووە، ژنەکەم پێی وایە تێکچووم. خوێنەرێکی دیکە بۆ نووسیبووم: “بەدزی ژنەکەمەوە دەیخوێنمەوە، نەوەک دڵم لێ پیس بکات.”
سوپاس بۆ قارەمانی سەرەکیی هونەری ڕاوەژن کە بەهۆی ئەوەوە، دەرگای حوجرەیەکی نوێم لە ئەدەبی کوردیدا خستە سەر پشت و ساڵانێکە چەندان نووسەری کورد، لەو بوارەدا شوێنپێمیان هەڵگرتووە. سوپاس بۆ ئەوە قارەمانە لاوەکییەشم کە هێنندە شەیدای ڕادیۆیە، ماوەیەک ڕادیۆ کوردییە ناوچەیییەکانی ستۆکهۆڵمی لێ گرتبووم و داوای مێزگردی لێ دەکردم، ئاخر ئەو کارێکی کرد، لەسەر ئاستی جیهان، من یەکەمین نووسەر بم، قارەمانێکی ڕادیۆی لێ گرتبێت.
سوپاس بۆ گۆران مەریوانی کە شیعری (سەفەر)می کرد بە سوێدی، ئاخر ئەو شیعرەم لە کتێبێکدا لەگەڵ بەرهەمی چەندان نووسەری دیکەدا بڵاو کرایەوە کە تایبەت بوو بە ناساندنی نووسەرانی ناسوێدی. هەر ئەو شیعرەم وەک بەشێک لە تێکستی شانۆنامەیەکی سوێدی نمایش کرا، بەرگی پرۆگرامی هەمان شانۆگەرییان پێ ڕازاندەوە و خاتوونە هونەرمەندێکی سوێدییش لەبەر ڕۆشناییی ئەو شیعرەدا کە لە سەروەختی پرۆڤەی شانۆگەرییەکدا چەند جارێک گوێی بۆ ڕادێرابوو، هەندێک تابلۆی کێشا. سوپاس بۆ ئاشنا کەمال کە ئەو بەشەی شانۆگەرییەکەی لە تەلەڤیزیۆنی شاری (ماڵموێ)وە پیشان دا.
سوپاس بۆ ئەو دوو کۆلکەنووسەرەی ڕاپۆرتیان بۆ پەکەکە لی نووسیبووم. سوپاس بۆ ئەو نووسەرەی ڕووبەڕوو ستایشم دەکات، بەڵام چونکە ئیرەییم پی دەبات، لە پاشملە پاشقولم لێ دەگرێت. سوپاس بۆ ئەو نووسەرەی هەرچەندە من ڕێم بۆ ڕۆشن کردەوە، کەچی سیخوڕانە ڕەوتاری لەتەکدا کردم، ئاخر ئەو جۆرە هەڵوێستانە هانم دەدەن، چالاکتر ببم. سوپاس بۆ ئەو خوێنەرەی لە هۆڵاند، لە کەمپێکی پەنابەراندا، لەسەر کەڵەپشکۆ چاوەڕێی وەرگرتنی مۆڵەتی مانەوە بوو، کە لەسەر خواستی خۆی، هەندێک لە کتێبەکانی خۆمم بۆ پۆست کرد، لە نامەیەکدا بۆ نووسیم: “کتێبەکانت گەیشتن، هێندەیان خۆشی پی بەخشیم، دەڵێی مافی مانەوەی هەمیشەیییم وەرگرتووە.
سوپاس بۆ ئەو خوێنەرانەم کە کاتێک لە کۆڕێکدا لە ستۆکهۆڵم، هەندێک چەقۆکێش پەلاماریان دام، بازنەیەکیان بەدەورمدا دروست کرد. سوپاس بۆ (کاروان) کە لەپێناوی گۆڤاری (خەرمانە) و چاپکردنی کتێبی مندا، چاپخانەیەکی دامەزراند و دواتر نابووت بوو. سوپاس بۆ ئەو خوێنەرەی بڕێک پارەی بۆ ناردبووم و بۆ نووسیبووم: “ماوەیەکە کتێبی نوێت دیار نییە، دەمەوێت بەشێک لە ئەرکی لەچاپدانی کتێبی داهاتووت، لەسەری ئەستۆی من بێت.”
سوپاس بۆ ئەو خوێنەرەم گوتی: “من بە سەلیقە قینم لە لایەنێک بوو، بەڵام نەمدەزانی بۆچی. بەهۆی نووسینەکانی تۆوە، بۆم دەرکەوت لەسەر هەق بووم. هەندێک لە نووسینەکانم بەجۆرێک پارسەنگی ئەو لایەنەیان تێک دابوو، هێندەی نەمابوو بۆ تەنبێکردنی من، حەمەفەریق حەسەنی برام تیرۆر بکەن. سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی کە بە ڕەخنەم هاوسەنگییان تێک دەچێت، داوام لی دەکەن سەردانی دۆکتۆری دەروون بکەم. سوپاس بۆ ئەو مۆچیارییە کە دەشێت زادەی نیازخاوێنی بێت، هەرچەندە (ستالین)یش هەر لە هەمان ڕوانگەی ئینساندۆستانەوە، نەیارەکانی ڕەوانەی سیبریا یان نەخۆشخانەی دەروون دەکرد.
سوپاس بۆ ئەو خوێنەرەی ئەوەندە متمانەی پێم هەبوو، لە سەقزەوە بەهۆی منی سوێدنشینەوە، پێوەندیی بە حیزبی دیموکراتەوە کرد. سوپاس بۆ ئەو نووسەرە دانمارکنشینەی بۆ نووسیبووم: “ڕاپەڕین لە سەنتەری هەولێردا، بە شیعری (هاژە)ی تۆ دەستی پێ کرد. سوپاس بۆ ناسر ڕەزازی و تەها عەزیز کە یەکی چەند شیعرێکمیان پاراستبوو. “سوپاس بۆ تیشکی وشەکانت کە بەرچاوم ڕۆشن دەکەنەوە، بەوپەڕی هۆشیارییەوە دەڵێم: خۆزگە وشەیەک دەبووم لە ڕستەیەکی تۆدا.” سوپاس بۆ(کانی)ی بەریتانیانشین، کە من کتێبی (زەردەخەنی هەنسک)م بۆ نارد، ئەو بەو وشە جوانانەی بەسەری کردمەوە.
سوپاس بۆ دڵشاد، ئەو ژنە هەڵەبجەیییە جەرگ بە گڕەی بای مەرگ سووتاوەی، لە یادی شازدەی ئاداردا، کارتێکی بۆ ناردبووم، تێیدا گوتبووی: “ئازارەکانم بە نووسینەکانی تۆ فەرامۆش دەکەم.” سوپاس بۆ ئەو ژنەی بۆی نووسیبووم: “پەنجەکانم دەکەم بە مۆم یا لە تاریکیی شەوانتدا بتوێنەوە.” سوپاس بۆ (شەپۆل) کە لە لەندەنەوە بەبۆنەی سەری ساڵی نوێوە، زەنگی بۆ لێ دام و گوتی: “هەرچەندە دژی بتپەرستیم بەڵام تا ئاستی پەرستن، لەژێر کاریگەریی جادووی نووسینەکانی تۆدام.”
سوپاس بۆ خوێنەرە دۆکتۆرەم کە جارێک بۆی نووسیبووم: “هیوادارم هەر نەخۆشییەک کە دەشێت تووشی تۆ ببێت، تووشی من ببێت.” سوپاس بۆ بەرپرسی ئەو وەرزنامەیەی پێی گوتم: “مایەی شانازیمە کە ئێمە بەسەر دەەکەیتەوە و بەرهەمی خۆتمان بۆ دەنێریت.” سوپاس بۆ سەرنووسەری ئەو مانگنامەیەی پێی گوتم: “هەر چییەک تۆ بینووسیت، بڵاوی دەکەمەوە، با دژی ئەو لانەیەیش بێت کە من کاری بۆ دەکەم.” سوپاس بۆ سەرنووسەری ئەو هەفتەنامەیەی لاپەڕەی دواییی پێ بەخشیم.”
وەڵامی نامەی نووسەرێکی لاوی هەولێرنشینم دابووەوە، لە نامەیەکی دواتریدا بۆی نووسیبووم: “نامەکەتم لە شووشە گرتووە و هەڵمواسیوە، لە بڕوانامەی زانکۆ زیاتر دڵم پێی خۆشە.” سوپاس بۆ ئەویش. سوپاس بۆ کوردە ڕۆژهەڵاتییە ئاوارەکانی ڕومادی و باشوورییەکانی پاکستان کە خۆشەویستیی وان بۆ بەرهەمەکانم، وام لێ دەکات لەسەر نووسین سوور بم. سوپاس بۆ کرمانج حەقی کە پێنج کتێبی چاپنەکراومی لەڕێی ئینتەرنێتەوە گەیاندە خوێنەرانم.
سوپاس بۆ ئەو خاتوونە سوێدییەی بۆی نووسیبووم: “ناونیشانی نووسینەکانت سەرنجیان راکێشاوم، تکایە چیت کراوە بە سویدی، بۆمی بنێرە.” سوپاس بۆ ئەو خوێنەرەی پێی گوتم: “ببوورە ناوێرم کتێبەکانت بۆ کوردستان ببەمەوە، ئاخر تۆ ڕەخنەت تەناننەت لە (یوو ئێن)یش گرتووە.” سوپاس بۆ ئەو شاعیرە کۆمۆنیستەی کە لە نامیلکەیەکدا شیعرەکانمی هەڵسەنگاندبوو، بە ناسیۆنالیستێکی ناڕازیی لەقەڵەم دابووم و دواتر لەو بۆچوونەی پاشگەز بووەوە. سوپاس بۆ ئەو ڕەخنەگرە پرۆلیتارییەی کە لە شیعرێکمدا (شاسوار)ی بینیبوو، وای بۆ چووبوو، زاراوەی سەردەمی دەرەبەگایەتیم بەکار هێناوە، هەرچەندە شاسوار لەو شیعرەمدا، ناوی ڕاستەقینەی شەهید ئارام بوو. من گلەیی چیم لەو هەبێت، لەکاتێکدا مەنسوور حیکمەت، گلەیی ئەوە لە ئەحمەد شاملۆ بکات کە شیعری دژی: (حیجابی ئیسلامی، کاری کرێگرتە و حەساری ئیقتیسادی لەسەر عێراق)(*) نەنووسیوە!
سوپاس بۆ ئەو چەپڕەوانەی کە زۆر بەپەرۆشەوە داوای کتێبەکانم دەکەن و کەچی بۆ ناردنی بەهاکانیان خۆیان لە گێلی دەدەن. سوپاس بۆ ئەو خوێنەرانەی لەبری کتێبەکانم، تەنیا سوپاسم بۆ دەنێرن، هەرچەندە بە هەزار سوپاس، پەڕەیەک نە چاپ دەکرێت نە پۆست. سوپاس بۆ ئەو سەرنووسەرانەی لەکاتێکدا من یاریم لەتەک وشەدا کردووە، ئەوان پێیان وایە کەوتوومە هەڵەوە و لە دڵسۆزییەوە بۆم ڕاست دەکەنەوە. سوپاس بۆ خۆم کە متمانەم بە نووسینەکانم نییە و پێ دەچێت تا دەمرم هەر بە ترسولەرزەوە بۆ بڵااوکردنەوەیان بنێرم.
خوێنەرەکانی خۆمم خۆش دەوێ، تەنانەت ئەوانەیشی ڕکیان لێمە و داوا لە هەندێک بڵاوکراوە دەکەن، بەرهەمی من بڵاو نەکەنەوە. وەک نووسەرێک بۆی نووسیبووم، خاوەنی قەڵەمێکی سەرکێشم، ئەمەیش بە گەشترین لایەنی خۆم دەزانم، کەچی هەندێک خوێنەرم داوام لێ دەکەن، نەرم و نیانتر بنووسم! هێشتا گوێم لە یەکێک لەو خوێنەرانەم نەگرتووە، بریا قسەی خۆیان لە گاشەبەرد نەدابا. بریا تا نووسینی دوا ڕستە، ئەسپی قەڵەمەکەم هەر سەرکێش دەبوو.
سوپاس بۆ هەموو ئەو خوێنەرانەی خۆشیان دەوێم، سوپاس بۆ ئەوانەیشی ڕکیان لێمە. بەهۆی ئەڤینی دۆستان و قینی ناحەزانەوە، خاترجەمم ماندووبوونم بەفیڕۆ نەچووە. تا بە قووڵایی ساڵاندا ڕۆ بچم، تەمەنی قینم کورتتر دەبێت، وشەی ناسک و جوان لە سەرچاوەی دڵێکەوە هەڵناقوڵیت، لەشکری قین داگیری کردبێت. من هەرچەندە بە نووسین ناژیم، بەڵام بەبێ نووسینیش ناژیم.

(*) لە پێوەند بە مەرگی شاملۆوە، نامەی تایبەتی مەنسوور حیکمەت، و. ئاسۆ، فیدراسۆن، ل٤ ژمارە پێنج، دێسەمبەری ٢٠٠٠ هێلسنکی.

ھەواڵی زیاتر