ڕێکخراوێکی خێرخوازیی فینلەندی سەردانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دەکەن

لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیمۆکراتی کوردستان پێشوازی کرا لە خاتوو ماریا باوگارتنێر کە دۆستێکی فینلەندیی گەلی کوردە و هاوسۆزییەکی زۆری بۆ هاوکارییکردنی ئافرەتان و منداڵانی کوردی ئێزدی هەیە کە لە ڕابردوودا لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش پاکتاوی ڕەگەزی و قڕکردنیان بەرامبەر کراوە و بەهۆیەوە دەیان ڕێکخراوی مرۆیی و نێودەوڵەتی دەستی هاوکاریی بۆ درێژ کردوون.

ڕێکخراوی هیوا بۆ منداڵانی ئێزدیKommikerho – Hope for the Yezidis  کە ڕێکخراوێکی فینلەندییە و خاتوو ماریا باوگاتنێر سەرۆکایەتیی دەکات بۆ ماوەی چەندین ساڵە هاوکاریی ئافرەتان و منداڵانی بێسەرپەرشت و قوتابییە هەژارەکانی کوردانی ئێزدی دەکات و بۆ گەڕاندنەوەی ژیان و هیوا بۆیان کە لە دۆخێکی سەختدا لە کەمپەکانی پارێزگای دهۆک دەژین و هێشتا دۆخی دەڤەری شنگال ئاسایی نەبووەتەوە و هیچ ئاوەدانی و خزمەتگوزاری و ئاسایش و سەقامگیرییەک لە دەڤەرەکەیاندا نییە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ سەر شوێنی پێشوویان و بەهۆی دواکەوتنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال لەلایەن حکوومەتی عێراقی فیدراڵ لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا و بوونی هێزەکانی میلیشیا لە حەشد و پەکەکە و مەترسییەکانی پەلامارەکانی فرۆکەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە و سەرهەڵدانی مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش لەم ناوچەیە و ناوچەکانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، هێشتا دەیان هەزار لە ئاوارەکان و کوردانی ئێزدی و کریستیانەکان و ئاوارەکانی ناوچەکانی تری عێراق کە لە سەردەمی هێرش و پەلامارەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش بۆ سەر ناوچەکانیان ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد و ئەوسا و ئێستاش هەرێمی کوردستان تاکە شوێنی ئارام بووە لە ناوچەکەدا کە ڕێز لە ئایین و ماف و ئازادی و کەرامەتی پێکهاتەکان و ئاوارەکان گیراوە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی ڕێکخراوە خێرخوازییە نێودەوڵەتییەکان لە سەردەمی شەڕدا داڵدەی نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارەی دابوو کە لە دوای داعش و نەبوونی پشتگیری و خزمەتگوزاری و ئاوەدانی و بەتایبەتی بەهۆی نەبوونی ئاسایش و بەردەوامیی هێرش و مەترسییە تیرۆریستییەکان ژمارەیەکی بەرچاو لە ئاوارەکان بڕیاریان داوە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستاندا بمێننەوە، تاکوو دۆخی ناوچەکانیان ئاسایی دەبێتەوە.

خاتوو ماریا کە نزیکەی ١٤ ساڵە خۆی و ڕێکخراوەکەی لە کوردستان چالاکن و هاوکاری و سەردانی دەیان ماڵباتی کوردانی ئێزدییان کردووە کە توندوتیژییان بەرامبەر کراوە لە سەردەمی هێرشەکانی داعش بۆ سەر دەڤەری شنگال، هەروەها دەستی هاوکارییان بۆ منداڵانی بێسەرپەرشت درێژ کردووە و بۆ چەندین ساڵێش دەبێت کە ژیانی (٤٠) قوتابیی هەژاری ئێزدی دابین دەکەن بۆ ئەوەی لە خوێندن بەردەوام بن. ئێستا هاوکارییەکان زۆر کەم بوونەتەوە، لە کاتێکدا کە خەڵکێكی زۆر هێشتا لەنێو کەمپەکاندا دەژین و بەردەوام پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە، بۆیە داوا لە حکوومەتی فینلەندی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکی هیمەتبەرز و کەسانی خێرخواز لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەوە و کۆمپانیا و خاوەنکار و بیزنیسمەنەکان دەکەن کە هاوکاریی ڕێکخراوە خێرخوازییەکان بکەن بۆ ئەوەی بەردەوام بن لەسەر کاری مرۆییان.

خاتوو ماریا ڕایشیگەیاند کە ئامادەیە پشتگیری و پسپۆڕیی خۆی بخاتە خزمەتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ئەوەی بە یەکەوە بەردەوامی بە گەیاندنی هاوکارییەکانیان بدەن بۆ خەڵکی هەژار و ئاوارە و بەتایبەتی گرنگیدانی زیاتر بە ئافرەتان و منداڵان کە توندوتیژییان بەرامبەر کراوە لەلایەن تیرۆریستانەوە و لە دۆخێکی سەختی دەروونیدا ژیانی ڕۆژانەیان بەڕێ دەکەن، ئەو نووسەری پەرتوکێکە بە ناوی ”هەتیوەکانی جیهانی هەستی” کە بەشێکە لەو لێکۆڵینەوە و نووسینانەی لەسەر پرسی کورد و بەتایبەتی لەسەر تراژێدیای کوردانی ئێزدی و پێکهاتەکان و دۆخی کوردستان و ناوچەکە نووسیویەتی کە هەموو داهاتی فرۆشتنی پەرتوکەکەشی لە ڕێگەی ڕێکخراوی فینلەندیی –گەڕاندنەوەی هیوا بۆ ئێزدییەکان- پێشکەش بە ئافرەتان و منداڵانی هەژاری ئێزدی کردووە.

لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) بەرپرسی مەکتەب دەستخۆشیی کار و چالاکییە مرۆیییەکانی لە خاتوو ماریا و ئەم ڕێکخراوە خێرخوازییەی فینلەندا کرد و هەموو هاوکاری و ئاسانکارییەکیش خرایە ڕوو بۆ سەرکەوتنی کار و بەردەوامیی پڕۆژە خێرخوازییەکانیان لە هەرێمی کوردستان و لینکێکی پەیوەندیشیان لە نێوان ڕێکخراوی فینلەندیی – هیوا بۆ ئێزدییەکان لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانیدا بۆ ڕێکخستن بۆ هاوکاری و هەماهەنگی و ڕاگۆڕینەوە و سوودوەرگرتن لە پسپۆڕی و ئاسانکاری لە نێوان هەردوو دەزگادا.

ڕۆژی ٦/١٢/٢٠٢١ خاتوو ماریا و دۆستانی فینلەندی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان شادمان بوون کە لەگەڵ دۆستانی کوردی خۆیان بە ئامادەبوونی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) یادی ١٠٤مین ساڵی ڕاگەیاندنی سەرەبەخۆییی کۆماری فینلەندیان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی کۆمەڵەی دۆستایەتیی کوردستان – فینلەندا ساز کرد کە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بەڕێوە چوو.

ھەواڵی زیاتر