“خەونی گلگامش” دەگەڕێندرێتەوە بۆ عێراق

ئەمریکا تابلۆیەکی لە قوڕ دروستکراو، کە تەمەنی سێ هەزار و 500 ساڵە، دەگەڕێنێتەوە بۆ عێراق. تابلۆکە ناوی ‘خەونی گلگامشە’ و باس لە داستانی گلگامش دەکات کە بە رێنووسی سۆمەرییەکان نووسراوە و بە یەکێک لە دێرینترین نووسراوە مێژووییەکانی جیهان دادەنرێت. ئەم گەڕانەوەیە دوای ئەوە هات، وەزارەتی دادی ئەمریکا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە تابلۆکە لە دەستپێکی شەڕی کەنداو لە ساڵی 1991 دزراوە و بە شێوەیەکی نایاسایی لە بازاڕی ئەمریکادا فرۆشراوە. رێوڕەسمی رادەستکردنەوەکە کاژێر 22:00 [بەکاتی هەولێر] لە رۆژی پێنجشەممە 23-09-2021 لە واشنتن بەڕێوەچوو کە هەریەکە لە جۆو هوود، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست؛ فەرید یاسین، باڵیۆزی عێراق لە ئەمریکا؛ حەسەن نازم، وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزاری عێراق؛ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق؛ ئەندرێ ئازولای، بەڕێوبەری گشتیی یونیسکۆ و نوێنەرانی وەزارەتی دادی ئەمریکا بەشداربوون. تابلۆکە پێشتر لەلایەن زنجیرە مارکێتێکی کاری دەستی بە ناوی ‘هۆبی لۆبی’یەوە خاوەندارێتی دەکرا. لە ساڵی 2014، مارکێتی هۆبی لۆبی تابلۆکەی بە ملیۆنێک و 670 هەزار دۆلار کڕی بۆئەوەی لە مۆزەخانەی بایبڵ لە واشنتن نمایشی بکات کە لەلایەن دەیڤید گرینی ملیۆنێر و خاوەنی زنجیرە مارکێتەکە کرابووەوە. تابلۆکە 15.2 سانتیمەتر درێژە و پانییەکەی 12.7 سانتیمەترە و بەشێکی داستانی گلگامش لەسەر هەردوولای نووسراوە کە لە شەش ستوونی نووسین پێکدێت. لە لایەکی تابلۆکە ستوونەکانی یەکەم و دووەم و پێنجەمی لەسەرە و لایەکەی دیکەش ستوونەکانی سێیەم و چوارەم و شەشەمی لەسەرە. لە ستوونی یەکەمدا، پاڵەوانی داستانەکە چیرۆک بۆ دایکی دەگێڕێتەوە. لە ستوونی دووەمدا کارەکتەرێکی کچ کوڕەکە دەباتە نێو کێڵگەی شوانێکەوە و لە ستوونی پێنجەمدا باس لە شارێک و کچە جوانەکانی نێوی دەکات. پێشتر وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگەیاندبوو، ئەم تابلۆیە، کە لە ساڵی 2019وە لە مۆزەخانەکە وەرگیراوەتەوە، لەگەڵ 17 هەزار پارچەی هونەری دێرینی دیکە، کە باوەڕ دەکرێت لەم چەند دەیەی رابردوودا لە عێراق دزرابن، دەگەڕێندرێنەوە بۆ عێراق. یۆنیسکۆ ئەم هەنگاوەی وەکو “سەرکەوتن بەسەر شەڕ لە دژی بازرگانیی نایاسایی بە کەرەستە کولتوورییەکان” ناوبرد. وا دەخەمڵێندرێت کە ئەم تابلۆیە لە مۆزەخانەیەکی عێراق لە ساڵی 1990 دزرابێت و لە ساڵی 2007 گەیێندرابێتە ئەمریکا. سەبارەت بە کەرەستەکانی دیکە، یونیسکۆ رایگەیاند، لە ماوەی شەڕی داعشدا، لە ساڵەکانی 2014-2019 شوێنەوارەکانی عێراق “بە شێوەیەکی سیستماتیک” تاڵانکراون.