کاردیناڵ لویس ساکۆ ئاماژە بەوە دەدات، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی عێراق بەسیاسی کراون و بێدەنگ نابێت لە داواکردنی مافەکانی خۆی.
مەرسوومەکەی سەرۆککۆمار و بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی
رۆژی یەکشەممە، 3-7-2023، مەرسوومی ژمارە (31)ی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ژمارەی (4727)ـی رۆژنامەی وەقائیعی عێراق بڵاوکرایەوە و تێیدا بڕیاری کشانەوەی مەرسوومی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013ی راگەیەندرا؛ تێیدا پلەی پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان لە کاردیناڵ لویس رافایل ساکۆ سەندرایەوە.
بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16-11-2023، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سکاڵای یاسایی، کاردیناڵ لویس ساکۆی لە دژی دەرکردنی مەرسوومی ژمارە (31)ی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق رەتکردەوە و رایگەیاند، رێکارەکانی دەرکردنی مەرسوومەکە دەستوورین.
“دادگا ناونیشانی دادپەرەوەی بوو، بەڵام ئەمڕۆ بە سیاسی دەکرێت”
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16-11-2023، کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارك و سەرۆكی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان نیگەرانی خۆی لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەربڕی و لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: “دادگا ناونیشانی دادپەرەوەی بوو، بەڵام ئەمڕۆ بە سیاسی دەکرێت”.
کاردیناڵ لویس ساکۆ دەڵێت، ئەگەر دەرکردنی مەرسوومی ژمارە (31)ی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دەستووریی و یاسایی بووبێت، “بۆچی مەرسوومەکە (مەرسوومی ژمارە 147) تەنها لە پاتریارک کشێندرایەوە، نەک پیاوانی ئایینی دیکەی پلە نزمتر؟ بۆ دروستە لەو بکشێندرێتەوە، نەک پیاوانی ئایینی دیکە؟ ئایا ئەمە بە سیاسییکردن نییە؟”.
دەشڵێت: “پێدانی مەرسووم بە پیاوانی ئایینی مەسیحی پلە باڵا بووەتە نەریتێکە کە تەمەنی 1400 ساڵە و 10 ساڵ بەسەر مەرسوومی پاتریارک تێدەپەڕێت، مانای چییە ئێستا سەرۆککۆمار بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەم نەریتە کۆنە دەدات؟”.
کاردیناڵ لویس ساکۆ ئاماژەی بەوەش کردووە، “بڕیارەکە بە واژووی پێنج دادوەر لە کۆی نۆ دادوەر دەرکراوە. کاتێک سەرۆککۆمار لە ئیتاڵیا بوو، بە هەندێک کەسی گوتبوو، دادگا لەبارەی بابەتی کشاندنەوەی مەرسووم، لە بەرژەوەندی ئەودا بڕیار دەدات”.
لویس ساکۆ کشاندنەوەی مەرسوومی ژمارە 147 بە “ناڕەوا و بێ بیانوو” دەزانێت و جەخت لەوە دەکاتەوە، کە بێدەنگ نابێت لە داواکردنی مافەکانی.
کەنیسەی کلدانی یەکێکە لە گەورەترین کەنیسەکانی عێراق دادەنرێت. بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی، ژمارەی کرستیانەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر لە 400 هەزار کەس دەبێت. بەشێک لە کریستییانەکانی عێراق و دەشتی نەینەوا بەتایبەت، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی ناسەقامگیری بارودۆخی ئەمنی، ناوچەکانیان بەجێهێشتووە و چوونەتە دەرەوەی وڵات.