لەسەروبەندی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ١٠ـی ئۆکتۆبەر، هونەرمەندان وەک چینێکی باڵای نێو کۆمەڵگا خەریکی خۆ ئامادەکردنن بۆ بەشداریکردن لەو پرسە نیشتمانییە چارەنووسسازەی کە مافە ڕەواکانی گەلی کوردی لێ بەدەست دێت و زۆرینەی دەنگی کوردیش دەبێتە فاکتەرێک بۆ داکۆکیی کردن لە ماددەی ١٤٠ و گەڕانەوەی بوودجە و قووتی خەڵکی کوردستان و بەهێزبوونی پێگەی کورد لە ناوچەکەدا.
هونەرمەندی فیلمساز (ساڵح بێکەس) لە بارەی ئەم هەڵبژاردنە و بەشداری خەڵکی کوردستان بۆ (هەولێر) دەڵێت: “لە هەموو کاتێکدا زیاتر بەپەرۆشم بۆ ئەوەی بچمە سەر سەندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بەو کاندیدە بدەم، کە ڕابەری گەلێک بەربژێری کردووە و وەک نوێنەری ئەو لە بەغدا شەڕ بۆ بەهێز مانەوەی کورستان بکات، ئەمەش وامان لێدەکات دووربین بین لە ئاست پرسە نیشتمانیەکان و ڕۆڵی ئەوانە لەبیر نەکەین، کە کوردستانیان لە دەستی چەپەڵی دوژمنان و تیرۆر پاراست و بەدرێژایی ٧٥ ساڵ خەبات و تێکۆشان بۆ دۆزێکی ڕەوای گەل لە خەبات بەردەوام بوون، بۆیە پێم وایە گوناحێکە دەرحەق بە ویژدانی خۆم دەیکەم گەر لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەنگ بە لایەنی دیکە بدەم، کە نەیانتوانیووە بەقەد ئەم هێزە کاریگەر بن و لە ئاستی عێراقدا یەکەم بن و لە خەمی میللەتدا ڕووبارێک خوێن بڕێژن و منی هونەرمەندیش هێندە بێباک بم لە ئاست ئەو مێژووە پڕ لە سەروەرییە، بۆیە بڕیارمداوە تا دوا هەناسە لە ژیان دەنگم بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان بێت، بۆ ئەوەی بتوانین قەرزی خوێنی شەهیدانمان بدەینەوە و خاوەنی کوردستانێکی بەهێزبین و دوژمن نەتوانێ چڕنۆک بۆ دەستکەوتەکانمان ببات.
شیڤان شێرزاد – هەولێر