هەنار فەرهاد: هەڵبژاردن تاکە ڕێگەیە بۆ ئەوەی بە ئازادی هاونیشتمانیان نوێنەرانی خۆیان دیاری بکەن

خانمە ئەکتەری دیاری بواری سینەما و شانۆ و دراما (هەنار فەرهاد) سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن و بەشداری خۆی وەک هونەرمەندێک لەم پڕۆسەیە دەڵێت:

“هەڵبژاردن تاکە ڕێگەی دیموکراسیە، کە هاونیشتمانیان دەتوانن بە ئازادانە دەنگ بەو لایەنە بدەن، کە ڕابردوویان پڕە لە دەستکەوت و زۆرترین خزمەتیان پێشکەش بە دۆزی میللەتەکەیان کردووە و ئەمڕۆش لە پرسێکی چارەنووسسازدا بەرامبەر بە هێزە شۆڤینیە عێراقیەکان بەشدارە لە هەڵبژاردن دەبێت ئێمە و تاک بە تاکی کورد بچینە سەر سەندوقەکانی دەنگدان بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەین جارێکی تر زوڵم و ستەمکاریی بەسەڕ ئەو میللەتەدا باڵ بکێشێت و کاندید و نوێنەرانمان ببن بە نوێنەرێکی بەرچاو لە داکۆکیی کردن لە مافی کوردی زوڵم لێکراو.
تەنانەت گەر بمانەوێت ئیدی کەس بوودجە و قووتی خەڵکی کوردستان زەوت نەکات دەبێت دەنگ بەو لایەنە بدەین، کە وەک پێشمەرگە ئاسایەک شەڕ بۆ بەدیهێنانی خەونی ئەو نەتەوەیە دەکات و لەوەش جوانتر نیە، کە بە ئازادییەوە ڕای خۆمان دەردەبڕین و نوێنەری خۆمان بە مۆری پەنجەکانمان دیاری دەکەین.
گوتیشی: “با ویژدانت حاکم بێت لەم هەڵبژاردنەدا و بڕواننە ئەوانەی کە ئاشتی و ئاوەدانیان بۆ ئەو کوردستانە فەراهم کردووە دەنگ بە ئەوان بدەن، چونکە هەر ئەوان دەبن کە داکۆکیی لە مافەکانمان بکەن.

شیڤان شێرزاد – هەولێر