عارف ڕوشدی
گەلی کوردستان خاوەن شارستانییەتێکی پرشنگدارە، بوونی هەزاران ئاسەواری ڕۆچوو لە دێرینیدا، گەواهی ئەو ڕاستییەیە. لە هەمو بوارەکاندا زانای بلیمەتمان هەیە، هەر وەک لە ئاستی ئاینپەروەریدا، فەیلەسوف و سۆفی بێهاوتامان هەیە، لە کاتێکدا سۆفیگەری (باڵاترین شێوازی بەرجەستەکردنی هزر و پاپەندییەکانی ئایینەکانە و لەوانەش ئایینی ئیسلام)، سۆفیگەری هێمای جوانی و بێگەردی خواپەرستی و توانەوەیە لە ناوەڕۆکی حەق ناسیدا .
گەلی کورستان خاوەنی سەدان سۆفی گەورەیە، لە پێناوی گەلەکەیاندا لە کۆشش و خەباتی نێشتیمانیدا ئەستێرەی دیارن، پێویستە بیان ناسین و ڕێبازەکەیان ڕێپێشاندەرمان بێت لە پەیرەوکردنی داب و نەریتی ئیسلامێکی بێگەردی کوردانە .
لێرەدا هەندێ بیری جوانی سۆفی و زانای گەورەی گەلەکەمان(مەحوی) دەخەمە ڕوو، کە لە چوارچێوەی چەند دێریکی شعرەکانیدا خۆی دەنوێنێ.
“خەڵاصی بوونی قەت ناوێ ئەسیری زوڵفی زنجیرت
لەبەر تیرت مەلەک بێ هەڵفڕینی نەبووە نەخچیرت”
مەبەستی ؛ بۆ گەیشتن بۆ ئاستی خواناسی باڵا، دەبێ بێ وچان لەسەر لێبوردنی سۆفیانە خۆمان ڕابێنین و لە هەمو خواستێکی ناڕێک و ناڕەوا خۆمان بەدووربگرین و گومڕا نەبین.
هەروەها دەڵێت؛
“لە خەزنەی دڵمدا هەرچی هەیە هەر داغی سەودایە
دەسا ئەم نەقدە دەردی عیشقی پێ سەودا نەکەم چیپکەم؟”
واتە؛ خۆشەویستی سۆفیانە دەروازەیەکی ڕوحییە و ژێردەستەی یاسا و خواستەکانی مرۆڤ نییە، ئەزمونێکە لە ناخی سۆفیدا هەڵدەقوڵێت و لە کانوی عێشقێکی بێ سنوردا دەتوێتەوە لە پێناوی مەعشوقەکەیدا.
سۆفیگەری ڕێبازی بێتەفرەدانە، تەنها لە ڕاستگوییدا لەنگەر دەگرێت، دوورە لە خشتەبردن و ڕاچنینی واتای دور لە جوانی و ویستی خودا، بۆیە سۆفی ئامادەیە لە پێناوی پاراستنی بیروباوەڕە پاراوەکانیدا، گیانی خۆی ببەخشێت، لەو بارەیەوە ( مەحوی) دەفەرموێ ؛
“هەتا حەق ناصیرە هەر حەقمە مەنزور
وەکو (مەنصور) ئەگەر بمکەن، بەدارا”