نامۆبوون یەکێکە لەو چەمکانەیە بەردەوام لەنێو کارە هونەریی و ئەدەبییەکاندا ڕەنگدانەوەی هەیە و کاری لەسەر دەکرێت. پرسیاری ئەوەی مرۆڤ بۆچی تووشی نامۆیی دەبێت پرسیارێکی گەلێک دێرینە و هاوکات وەڵامدانەوەی گەلێک سەختە. پرسیارەکە دێرینە بەو پێیەی مرۆڤ لە یەکەم فڕێدانی بۆ سەر زەویی ئیدی تووشی نامۆیی بووە. سەختە بەو پێیەی جۆرەکانی نامۆبوون جیاوازن و هەر مرۆڤەی بە شێوەیەک و بەهۆی شتێکەوە نامۆ دەبێت. نامۆیی تەنها لە دەرەوەی زێدی خۆت ڕوو نادات، چونکە نامۆیی تەنها بە بەجێهێشتنی شوێن دروست نابێت، بەڵکو زۆرجار نامۆیی بەرهەمی زۆر مانەوەیە لە شوێندا، یان بەرهەمی ونبوونە لە شوێندا.
یۆن فۆسە؛ نووسەر و شانۆکار و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتی بۆ ساڵی ئەمساڵ (2023) لە شانۆیی “سێبەرەکان”دا ئاوڕ لە چەمکی نامۆبوون و ونبوون دەداتەوە، کە لێرەدا دەمەوێت سەرنجێکی کورت لەبارەیەوە بخەمەڕوو. “سێبەرەکان”؛ سێیەم شانۆیی ئەم نووسەرەیە کە بە زمانی کوردی لەم ماوەیەدا خوێندمەوە و هەر سێ شانۆییەکە لە وەرگێڕانی “هاودەم ساڵح جاف”ن و جێگەی دەستخۆشییە. شانۆییەکە (سێبەرەکان) چەشنی دوو شانۆییەکەی پێشتر، شانۆیی “کەسێک هەر دێ” و “شەوگار گۆرانییەکانی خۆی دەڵێ” لە دیالۆگی کورت و سادە پێکهاتووە، کە ئەمە یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی دەقەکانی ئەم نووسەرە. هەروەها دیالۆگەکان لەگەڵ پرسی ژیانی ڕۆژانە و کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا پرسی گرنگ و سەرنجڕاکێش تاوتوێ دەکەن. یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی ئەم کارە و سەرجەم کارە شانۆییەکانی دیکە ئەو پشووە کورتانەی نێوان دیالۆگەکانە، کە هێمنییەکی زۆر بە دەقەکە دەبەخشێت و لە کاتی نمایشیشدا دەبێتە هۆی ئەوەی بینەر بە وردی لە جوڵە و ڕستەکانی تێبگات، چونکە فۆسە نایەوێت بینەر/خوێنەر بە ڕستەی درێژ و بەدوایەکداهاتوو بۆمباباران بکات.
تایبەتمەندییەکی دیکەی ئەم شانۆییە لابردنی کات و شوێنە بۆیە خوێنەر لە دەقەکەدا هەست بە نامۆبوون لە شوێن دەکرێت و لەبری شوێن ناشوێن هەیە، ئەوەی پێی فەزای شوێن هێندی هێدی کاڵ دەبێتەوە و دواجار مرۆڤەکان خۆشیان بەرەو کاڵبوونەوە دەچن و تەنها دەنگێک (یان ڕۆحیانەتێک) دەمێنێتەوە بۆ دیالۆگکردن. لێرەشەوە خوێنەر هەست بەو گەمە دەکات، کە نووسەران لەنێوان ژیان و مردندا دروستی دەکات. گەمەیەک درێژ دەبێتەوە تا دوا ڕستەکانی شانۆییەکە و فیگۆرەکان فانی دەبن، یان دەبنە سێبەر. ڕەنگە پەیامی خودی نووسەر ئەوەبێت پوچێتی ژیان پیشان بدات، چونکە ژیان جگە لە گەمەیەک (وەک لە شانۆییەکەدا هەستی پێ دەکرێت) هیچی دیکە نییە.
ڕەنگدانەوەی نامۆبوونی مرۆڤ لەو شوێنەی تێیدایە لەو جێگەیەدا بەتەواوی ڕەنگدەداتەوە، کە کاراکتەری دایک دەڵێت: “من دەترسم. ئێمە دەبێ بڕۆین.”، بەڵام کاراکتەری پیاوەکە دەڵێت “ڕەنگە ئێمە بۆ هەمیشە لێرە بین.”، هاوکات کاراکتەری کچەکە بە سەرسامییەوە دەڵێت “بۆ هەمیشە”. ئەم ڕستە کورتانە دەرخەری ئەوەن، کە ئەم کاراکتەرانە لەم جێگەیە نامۆبوون و هەتا دەگاتە ئەوەی دایک بڵێت “من نامەوێ لێرە بم.” بەدوای ئەویشدا کچەکەش دەڵێت: “من دەمەوێ لە شوێنێکی دیکە بم.” کاتێکیش دەپرسن لە کوێین هیچ وەڵامێک دەست ناکەوێت. لە جێگەیەکی دیکە کچەکە دەپرسێت “ئێمە لە کوێین؟” هاوڕێکەی دەڵێت: “بەڕاستی بڵێم، من بەتەواوی نازانم.” ونبوون ئەو خاڵەیە کە نووسەر لەم دەقەدا ویستوویەتی لە گۆشەیەکی دیکەوە کاری لەسەر بکات. دوای خوێندنەوەی شانۆییەکە پرسیاری ئەوەم لا دروست بوو ئایا مرۆڤ ونبوویەک نییە لەم گەردوونەدا؟
بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە ئاسان نییە، بەڵام ئەگەر مرۆڤ ونبوویەکی ڕاستەقینەی نێو ئەم گەردوونە نییە ئەم هەموو پەلەقاژەیەی لە چییە؟ بۆ بە ئاوەدانکردنەوەی زەوییەوە ناسرەوێت، بەڵکو پەل بۆ هەسارەکانی دیکەش دەبات و دەیەوێت قەرەبووی ئەو خاڵە بکاتەوە، کە وەکو ونبوویەک لەسەر ئەم زەوییە نیشتەجێیە. دەشێ هەموو جوڵەکانی مرۆڤ وەکو ئەوە ببینین وەکو جۆرێک لە قەرەبوو بۆ ئەو ونبوونەی کە لە سەرەتای ژیانەوە تووشی بووە و بە هیچ شتێک ئەوەی بۆ قەرەبوو ناکرێتەوە.
دەستخۆشی بۆ کاک “هاودەم ساڵج جاف” و وەرگێڕانی ئەم شانۆییە لە زمانی یەکەمەوە کە نەرویجییە و سوپاس بۆ دەزگای چاپ و پەخشی “سەردەم”یش کە کتێبەکەیان بە چاپ گەیاندووە.