پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

هەڵکشانی نرخی زێڕ؛ ئاستەنگە گەورەکەی بەردەم هاوسەرگیری

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بازاڕی کڕین و فرۆشتنی زێڕی لاواز کردووە و بەو هۆیەشەوە رەوتی هاوسەرگیری ڕووی لە کەمی کردووە و زێڕنگرانیش هۆکارەکەی بۆ هەڵکشانی نرخی زێر دەگەڕێننەوەو دەڵێن ئەگەر ساڵانی ڕابردوو ٢٠ مسقاڵ زێر بۆ مارەبڕین دیاری بکرایە ئێستا بە پارەی ئەو٢٠ مسقاڵە تەنها دەتوانی ١٢ مسقاڵ زێڕ بکڕیت.

وەکو ئاشکرایە زێڕ وەک بەشێک لە داواکاری و پێویستی کچان دادەنرێت لە پرۆسەی هاوسەرگیریدا و ئەمە بووە بە بەشێک لە کولتووری زۆربەی وڵاتان و ئەرک و قورساییەکی زۆر دەخاتە سەر شانی کوڕەکە.
هەندێک لە کچان لە کاتی هاوسەرگیریدا داوای بڕێکی زۆر زێڕ دەکەن و ئەمەش وای کردووە بەشێک لە گەنجان سڵ لە هاوسەرگیری بکەنەوە و سەرەڕای گونجاوی تەمەنیان بۆ پرۆسەکە بەڵام بەهۆی بەرزی نرخی زێڕ و تێچووی زۆری پرۆسەکە، ناتوانن هاوسەرگیری بکەن.
مارەیی، ئەو بڕە ئاڵتوونەیە کە لە کاتی پرۆسەی هاوسەرگیریدا کچ و خێزانەکەی داوای دەکەن، ئەم کولتوورە لە هەندێ ناوچەدا بووە بە پارە یان کاڵای تر، زۆرجار لەسەر ئەم بڕە پارە یان ئاڵتونە گرێبەست و ڕێککەوتنی هاوسەرگیری دەکرێت یاخود هەڵدەوەشێتەوە.
پرۆسەی هاوسەرگیری ئێستاکە بەشێوەیەکی بەرچاو، چاولێکەری و خۆ دەرخستنی پێوە دیارە و و لای زۆرینەی خێزانەكان زیاتر لە پرۆسەیەكی بازرگانی دەچێت، کە بڕی ئاڵتوون و مارەیی و هۆڵی ئاهەنگگێڕانەكە و مۆدێلی ناو ئاڵە (كەلوپەلەكانی ناوماڵ)، زۆرترین بابەتی گفتوگۆكانی نێوان ماڵی کچ و کوڕ پێک دەهێنن، ئەمە لەكاتێكدایە کە دەبێت تێگەیشتن لە خاڵە هاوبەشەکان و هەوڵدان بۆ قبووڵکردنی جیاوازییەكانی نێوان دوو دنیای کوڕ و کچەکە خەمی لەپێشینەی خودی ئەو دوو کەسە و خێزانەکانیان بێت، هەروەها هەوڵدان بۆ زیاتر ناسین و لێکگەیشتن و گفتوگۆکردنی ئەقڵانی لەپێناو بنیادنانی پەیوەندییەکی بێوەی و بێکێشە.
ئێستاکە داواكاریی زێڕی زۆر وەك نەریتێكی باوی لێ هاتووە لە بەشێك لە هاوسەرگیرییەكانی باشووری کوردستان و بە تایبەتی ناوچەی بادینان و دهۆك کە چیرۆكی سەیر و سەمەرە دەكەوێتە بەرگوێی خەڵك و هەندێكیان باسی یەك كیلۆ زێڕ و زیاتریش دەکەن بە جۆرێک هەندێک ڤیدیۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەبنەوە کە ژنەکە بە کیلۆ ئاڵتونی پێوە دەکرێت و لە ڕۆژی هاوسەرگیریدا ئاڵتوونەکە بۆ خەڵک نمایش دەکرێت کە چەندی بۆ کراوە؛ ئەمەش وەک چاولێکەریەکی لێ هاتووە بە جۆرێک کە بەشێک لە کچان بە زێڕی کەم ڕازی نابن.
ئەوەی مایەی نیگەرانییە لەم ڕۆژانەدا ڕێژەی هەڵوەشاندنەوەی خێزان بەتایبەتی خێزانە تازە پێكهاتووەكان ڕوو لە زیادبوونە، زۆرینەی كێشەكانی ژیانی هاوسەرگیری دەگەڕێتەوە بۆ نەشارەزایی لە یەکتر و بۆ ئەوەی پێش هاوسەرگیری، کچەکان زیاتر لە خەمی ماددەدان؛ كەواتە بەر لە هاوسەرگیری با خێزانی كچ و كوڕە گەنجەکان، لە خەمی ئەو كەلێنە مەعریفیانەدا بن زیاتر لەوەی لە خەمی دنیایەكی ماددیدا بن؛ لە کاتی جێبەجێکردنی پڕۆسەی هاوسەرگیری هەر بیر لە کڕینی ئاڵتون و ماددەی تر نەکەنەوە.
لەم بارەیەوە مامۆستایەکی ئایینی پێی وایە ئەگەر ھاوسەرگیری لەسەر بنەمای خۆشەویستی و بە ڕێگەیەکی دروست کرابێت، ئەوا پێویست ناكات زێڕ و پارەی زۆر بكرێتە پێوەر، بە گوتەی ئەو مامۆستایە ئایینییە ناكرێت باری ئابووری و كڕینی زێڕ بخرێتە پێش بنەمای خۆشەویستی و ڕێزگرتنەوە.
ئاوات نەقشبەندی، مامۆستای ئایینی گوتی: “شەرعی ئیسلام، دیاری نەكردووە كە مارەیی و زێڕ چەند بێت، پێغەمبەری ئیسلام فەرموویەتی: ئەو ھاوسەرگیرییە بەرەكەتی تێ دەكەوێت كە مارەییەكەیان كەم بێ.”
ئاماژەی بەوەش دا: “یەكێك لە ھۆكارەكانی کەمبوونەوەی هاوسەرگیری، لایەنی داراییە، بۆیە گرنگە ئەگەر كچ و كوڕێك بیانەوێت بە یەكتر بگەن، دەبێت ڕێز و خۆشەویستی لەنێوانیان ھەبێت، نەك ھەموو شتێك بە مارەیی و پارە ببەستنەوە”.
ئێستاکە بەدەیان گەنج ئاواتیانە ژیانی هاوسەرگیری پێک بینن بەڵام، بەهۆی نەبوونی و گرانی و هەڵکشانی نرخی زێڕەوە ناتوانن نیازەکەیان جێبەجێ بکەن؛ با هەوڵ بدەین بە بەرزکردنەوەی هۆشیاریی تاک، بۆیانی ئاسان بکەین. با کۆمەڵگا هوشیار بکەینەوە کە ئاڵتوون پێوەر نیە بۆ بەختەوەری لە ژیاندا، با کارئاسانی بۆ گەنجەکان بکەین و داوای زێڕ و مارەیی و پارەی زۆر نەکەین بۆ کچەکانمان، لەوە زیاتر قورسایی نەخەینە سەر شانی گەنجەکان.