ئارام كۆشكی – سلێمانی
ئەندێرس ئۆلسۆن؛ سەرۆکی لیژنەی نۆبڵی ئەکادیمیای سویدی لە گوتارنامەی پێشکەشکردنی خەڵاتی نۆبڵی ئەمساڵدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە لای یۆن فۆسێ “بەهێزترین هەستی مرۆڤی دڵەڕاوکێ و بێدەسەڵاتی بە سادەترین زاراوەی ڕۆژانە دەردەبڕێت.” لە درێژەدا ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە فۆسێ “وەک داهێنەرێکی سەرەکی لە شانۆی هاوچەرخدا سەیر دەکرێت”.
هەر لەو گوتارنامەیەدا گرنگی فۆسێ لە چەند خاڵێکی دیکەشدا خراوەتەڕوو، بەڵام دیارترینیان ئەو خاڵەیە، کە باس لەوە دەکات “دەقەکانی فۆسێ بارودۆخی ڕۆژانە دەخاتەڕوو کە لە ژیانی خۆمانەوە لە یەککاتدا دەناسرێنەوە. وەک چۆن لە کتێبی یەکەمیدا، ڕۆمانەکە بە شێوەیەکی زۆر بچووک دەکرێتەوە بۆ ستایلێک کە بە ‘مینیمالیزمی فۆسێ’ ناسراوە.”
“شەوگار گۆرانییەکانی خۆی دەڵێ”، یەکێکی دیکەیە لەو دەقە شانۆییانەی بە زمانی کوردی بەردەستە و لەلایەن “هاودەم ساڵح جاف”ـەوە لە نەرویجییەوە کراوە بە کوردی و دەزگای ئاراس لە ساڵێ 2010 چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. شانۆییەکە چەشنی شانۆیی “کەسێک هەر دێ” دیسان باس لە کێشەی خێزانێک دەکات کە بەدەست کۆمەڵێک گرفتی ڕۆژانەوە دەناڵێنن، ئەمە بێجگە لەو گرفتە ڕیشەییانەی تر کە ڕووبەڕووی مرۆڤی سەردەم دەبێتەوە.
یەکێک لە بابەتە بنەڕەتییەکانی ئەم شانۆییە ونبوونی خۆشەویستییە لەنێو خێزاندا و نووسەر دەیەوێت لەڕێی چیرۆکێکی سادەوە، (کە هەموو شانۆییەکانی سادەییەکی سەرسوڕهێنەر تێیدا بەرجەستە کراوە، بەڵام بە ناوەرۆکێکی قووڵ و پڕ لە کێشەوە.) کار لەسەر دۆخی خێزان دەکات، لەوکاتەی یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکە (ئافرەتە گەنجەکە) بەدوای خۆشەویستییە ونبووەکەی خۆیدا دەگەڕێت و پاش گەڕانێکی زۆر دەیدۆزێتەوە و دەیەوێت لە خۆشەویستییەکی سەپێنراوەوە هەڵبێت و دونیایەکی نوێ بۆ ژیانکردنێکی ڕاستەقینە کە هەڵبژردەی خۆی بێت و دونیایەکی ماسکاوی نەبێت. (ئافرەتە گەنجەکە) ئەو ڕیسکە دەکات و خۆشەویستی ڕاستەقینەی دەدۆزێتەوە. لە بەرامبەردا (پیاوە گەنجەکە) بەهۆی بێموبالاتییەوە ئەوەی هەیەتی لە دەستی دەدات و خێزانەکەی هەڵدەوەشێت و دواجار خۆی بە چارەنووسێکی تراژیدی دەگەیەنێت.
چرکەساتی تەقینەوەی کێشەی نێوان (ئافرەتە گەنجەکە) و (پیاوە گەنجەکە) ئەوکاتەیە، کە کەسێکی دیکە لەنێوانیاندا پەیدا دەبێت و در https://kurdipedia.org/files/photos/2012/73236.JPG ز دەخاتە نێوانیانەوە. ئەم کەسەش (بەستا)یە. پێش ئەم کەسە هەردوو کەسایەتی (باوکەکە) و (دایکەکە)ش دێن، بەڵام هیچ کامیان ڕۆڵێکی سەنتەرییان نییە لە درزخستنە ژیانی ئەم خێزانەوە، بەڵام (بەستا) لەو کەسانەیە کە درزی گەورە دەخاتە نێوان هەردوو کارەکتەری سەرەکییەوە و ئیدی ئەو درزە بە درێژایی دوو بەشی کۆتایی شانۆییەکە هەر لە گەورەبووندا دەبێت.
چرکەساتی خیانەتکردنی (ئافرەتە گەنجەکە) لە مێردەکەی ئەو چرکەساتەیە، کە ئیدی هیچ شتێک ناتوانێت جێگەی خۆی بگرێتەوە. هەردوو کاراکتەرەکە لەگەڵ ئەوەی دەیانەوێت لەیەکتری جیا ببنەوە و تا دەگاتە ئەوەی ئافرەتە گەنجەکە دەست بە کۆکردنەوەی شتەکانی بکات، بەڵام لەمساتەدا دەنگی فیشەکێک ئەو بێدەنگییە درێژە دەشکێنێت کە لە نێوان ئەم ژنە و پیاوەدا هەیە و پیاوەکە بۆ هەمیشەیی ماڵئاوایی لە ژیان دەکات و لە ڕێی فیشەکەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت.
کاتێک گەیشتمە ئەم کۆتاییە تراژیدییەی شانۆییەکە دەست بەجێ شانۆیی “پەیوەندی کراوەی هاوسەرگیری” داریۆفۆم بیرکەوتەوە، کە لە کۆتایی شانۆییەکەدا دوای ئەوەی ژنەکە پیاوێک دەهێنێتەوە ماڵەوە و پێکەوە خەریکی نۆشکردنی شەرابن، ئیدی پیاوی ئەو ژنە (کە خۆی پێشتر چەندین ژنی هێناوەتەوە و بەحساب بڕوای بە پەیوەندی کراوەی هاوسەرێتی هەیە)، بەڵام بەرگەی بینینی هاوسەرەکەی ناگرێت لەگەڵ پیاوێکی دیکەدا، بۆیە هەمان چارەنووسی خۆکوژی بۆ خۆی هەڵدەبژێرێت. بێگومان من قسەم لەسەر لێکچوونی ئەم دوو دیمەنە نییە، بەڵکو مەبەستم لە کارکردنی هەردوو نووسەرە تێمەیەک، کە هەریەکەیان بە شێوازی خۆی دەیەوێت گوزارشت لە دۆخێکی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەیەک بکات، کە لەنێو خێزانی مۆدێرندا دەبینرێت.
خاڵێکی گرنگ لەم شانۆییەدا ئەوەیە کە هەتا نەگەینە کۆتایی شانۆییەکە نازانین بۆچی شانۆییەکە ناوی “شەوگار گۆرانییەکانی خۆی دەڵێ”تە. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ناونیشانی شانۆییەکە دەبینین ئەوەی گۆرانییەکانی خۆی دەڵێت شەوگارە، کە هێمایە بۆ تاریکی و کۆتاییەکی تراژیدی. شانۆییەکە لەسەرەتاوە بە ململانێ دەست پێ دەکات، ئەم ململانێیە درێژ دەبێتەوە تا تاریکی تەواوەتی کۆی شانۆکە و ژیانی کاراکتەرەکان دادەپۆشێت. ئێستا دەشێ بپرسین ئەوە کێیە، کە گۆرانییەکانی خۆی دەڵێ؟ ئایا تاریکییە؟ یان چ شتێکی دیکەیە؟
ئەم شانۆییەی فۆسێش چەشنی شانۆییەکانی دیکەش شایستەی خوێندنەوە و هەڵوەستە لەسەرکردن و نمایشکردنە. دەستخۆشی بۆ کاک هاودەم و وەرگێڕانی ئەم شانۆییە.