فازڵ میرانی:دەبێ بە چاوی خەڵك تەماشای خۆمان بكەین

فازڵ میرانی، بەشی دووەم

بەدیدی من دەبێ گفتوگۆ و دانووستان لەیەکتر جیا بکرێنەوە، دانوستان شتێکە لە مابەینی پێكهاتەی دانووساندكارەكان دەكرێت، گفتوگۆ شتێکی ترە. دانووستان لەسەر شتێکی دیاریكراوە لەنێوان كۆمەڵەخەڵكێكی دیاریكراودا. لەڕووی لەفزیەوە من ئەمە دەڵێم، بەڵام تەنانەت لە پرەنسیپی مفاوەزاتدا کە لە مابینی دوو حیزب دەبێت، یان لە مابەینی حکوومەت و حیزبێک دەبێت، یان لە مابەینی بزووتنەوەیەك و حکوومەتێک دەبێت، لەوەشدا واقعبینیەکەی یەکتر قبوڵکردنەکەی، بنەمای سەرکەوتنی گفتوگۆكەیە.
لەم ڕۆژانە پاریزگاری مووسڵ قسەیەكی كرد لۆژیكی تێدا بوو، زۆر جار شتی مەنتقی ھەموو کەس قبولی ناکات، کەچی مەنتق واناڵێت، مەنتق دەڵێت: ئەوەی لە قامووسی مەنتقی بێت دەبێ قبووڵ بكرێت، لەبەر ئەوە منیش ئەڵێم مەنتقیە، بەڵام ئەگەری هەیە قبوڵ نەکرێ، ئەوانەی گفتوگۆیان کردووە دەستخۆشییان لێ دەکەم، ئەگەر (إن بعض الظن إثم) بە واقیعبینی و موجەرەد لەوەی کە لێھاتوونە، گفتوگۆیان بکردبایە، ڕەنگە بەرھەمەکەی جیاوازی ھەبووایە لەگەل بەرھەمی ئێستادا، بەڵام ئەوە باگراوندی پارتییە، ئەمە باگراوەندی یەكگرتووە، ئەمە یەکێتییە ئەمە شیوعییە ئەمە سەربەخۆیە… تاد. پارێزگار وتی: ئەگەر ئەنجوومەنی پارێزگا ھەبووایە ئەم پڕۆژانەی ئێستا نیوەی جێبەجێ نەدەبوو. ڕەنگە وابێت، ڕەنگە وانەبێت، من نازانم نە لە مەجلیسی پارێزگە بوومە، نە پارێزگار بوومە. وتی: ئەگەر سیاسەت واز لە موسڵ بێنێ ئەوە دۆخی موسڵ باش دەبێت. منیش ئەڵێم ئەگەر سیاسەت نەک واز لە گفتوگۆ بێنێت، بەڵكوو سیاسەت سەرپۆشێکی پارێزەر بێت بۆ گفتوگۆ، بەڵام دەستی گفتوگۆ بەردات. پارتی بە پارتی بڵێ: بڕۆ هەرچی لە دەرەوەی پارتییە بڕۆ گفتوگۆی لەگەڵدا بکە، ئەویتریش هەمان بكات، ئیسلامی مولزەم نەبێ بە دەقی جامیدەوە، لەسەر تەحدیدی ئیسلام قسە بکات بۆ ئەوەی لەشوێنێک رانەوەستێ، نەتوانێ بێتەوە پێش، چونکە بەوەوە (ئیسلامییەکان لێم ببوورن ئەمنیش كۆنەفەقێمە) ئەگەر لەسەر ئەوە مانەوە، ناتوانن بێنە پێش و دەڵێن ئێمە لێرەین و بتەوێ نەتەوێ ھەر ئەوەیە! کەچی ئیسلام ئەوە نییە، ئیسلام دەڵێ: قسە بکە من و تۆ گفتوگۆ دەکەین، ئەگەر یەکتر قبوڵ بکەین، ئەگەر لەم گفتوگۆیەدا خەڵکێک ئیستفادەی کرد نەك تەنها من و تۆ، بەڵام ئەو بڵێ نەخێر ئەوەی من دەڵێم ڕاستە، ئەوەی تۆ قبووڵ نییە، خۆی لە مەوقیفەکی سلبیدا ڕاگرت ناتوانێ دۆست بۆخۆی پەیدا بکات، ئەگەر گوتی: ئەتو وای و وای و من لەتۆ باشترم ، ئەویش لە لەبەرانبەردا مۆڕەی لێ دەکات و گوێ لێ راناگرێ.
تەماشاکەن نوح پێغەمبەر فەرمووی: (كلما دعوتهم لتغفر لهم جعلوا اصابعهم في آذانهم ) ئەمە دەبێ لە گفتوگۆدا نەبێت. یەک مەبدەئی تر ھەیە، من دەڵێم ئینسان خۆی دائیمەن لە بازنەی واقعبینیندا ببینێ، نەک تاکبینین، یان تاریکبینین، یان حیزبینین یان ئایینبینین، ھەموو ئەمانە لە بازنەی واقعبینیندا بن، ئایا واقعبینبین چییە؟ من خۆم بە چاوی تۆ ببینم، نەک بەچاوی خۆم. ئینجا شەخسە، حیزبە، حوکمڕانە، بەچاوی خەڵک خۆمان ببینین، یان بەچاوی خەڵک تەماشای خۆمان بکەین، چونکە یەكێك لە هۆكارەكانی گفتوگۆ لەبەر نارەزاییە، لەسەر چییە؟ ئەبێ دیاری بكرێت، ئاخر نارەزاییەکان جیاوازییان زۆرە، لە نارەزایەکدا کە هاوبەشین، نارەزاییەک بۆ چینی دیاریكراوە، نارەزاییەك بۆ دەستەیەك، یان چینێكی دیاریكراوە. ئەبێت پێناسەیەك ھەبێت.
ئەوانەی گفتوگۆ دەکەن دەبێ ئەوەلەن لەسەر ناكۆكییەكە رێککەوتبن، لەبەر ئەوە ئەو دائیرە واقعبینین ھەم ھزرەکت ھەبێ، لەسەر بنەمای ئەو ھزرە بڕیارەک بدەی لەسەر بنەمای بریارەكە ھەنگاوێک بھاوێژی. دڵنیابە ئەگەر قازانج نەکەی زەرەر ناکەی. ئەگەر بەرەو پێش نەڕۆیت، بەرەو دواوە ناڕۆی، بەڵام دەرەوەی بازنەی واقعیبینین ھەر ھزرەک، ھەر بڕیارەک ھەر ھەنگاوەک، بە دڵنیایی ئەگەر زەرەر نەکەی قازانج ناکەی، ئەگەر بەرەو دواوە نەچی بەرەو پێش ناچی (ولكل قاعدة استثناء) جاری وا ھەیە لە واقعبینیندا، پلانێك ھەیە ئەمەش ناکرێ.
کۆمەڵگا یان موسەیەسە، یان بەدوای سیاسەت کەوتووە. ئێمە لە حیزبایەتیدا ھەڵە ئەکەین، ئێمەی خەڵکی ڕۆژھەڵاتی ناوەراست، سیاسەت عیلمێکە، سیاسەت بە میزاج ناکرێت، تۆ یەکێتی خۆشم ناوێی، ھەموو یەکیێتیم خۆشناوێ! تۆ یەکگرتووی خۆشم ناوێیت، ھەموو یەکگرتووم خۆش ناوێت. تۆی کۆمەڵی خۆشم ناوێیت، ھەموو کۆمەڵم خۆش ناوێت. یان تۆی پارتیم خۆش ناوێ، ھەموو پارتیم خۆش ناوێت، ئەمە گشتاندنە لەسەر هەموو: ( الكل أكبر من مجموع أجزائه) ئەوەی لەمەدرەسە بێ ئەزانی ئەمە چییە. سلێمانی دەڵێن چەم بێ چەقەل نابێ، بەڵام من ئەڵێم سیاسەت بە میزاج ناکرێ. ئەوەی کەمن باسی ئەکەم سیاسەت بە كردار و پەرچەكردار ناکرێ، حیزبێک لە حیزبەکان لە کوردستاندا بڕیارێکی دەرکرد لە دیدی مندا ناراستە، بەڵام لە دیدی ئەودا ڕاست بێ، بەڵام دەبێ قەناعەتم پێ بێنێ بریارەکەی راست بووە ، بۆئەوەی من تووشی پەرچەكردار نەبم، منیش قەناعەتی پێ بینم کە بڕیارەکە غەلەتە راست نییە، بۆئەوەی وازی لێ بێنیت، بۆ ئەوەی نەبێتە سەبەبی گرژی. یەکسەر من پەرچەكردار نیشان دەدەم، ناگەینە یەکتر سیاسەت دەرگای قەپات نییە، لەسیاسەتدا، لە جەنگدا دەرگای داخراو نییە، یان ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ.