فازڵ میرانی بەشی یەکەم
ڕۆژی( ١١/١٠) بازنەی گفتوگۆ لە ڕێوڕەسمی دابەشکردنی یەکەمین کتێبیدا، پانێلێکی بۆ فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێکخست، لەبەر گرنگی تەوەری بابەتەکە، بە پێویستمان زانی لێرەدا بە چەند بەشێک بڵاوی بکەینەوە.
دەقی وتەکانی میرانی:
پێشەکی دەستخۆشیی لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتیمان دەکەم، ھەروەھا دەستخۆشیی لەوانە دەکەم کە بەشداربوونە لەم دانوستاندن و دیالۆگە بەشێوەی یەکتر بینین، چونکە وەک ئاشکرایە، ھیچ لەمانە بەبێ یەکتربینین ناکرێن.
بێگومان لەنێو مرۆڤی عاقڵدا گفتوگۆ ھەر ھەبووە و هەر دەشبێت، چونکە خوا ھەموومانی وەکوو یەک خوڵقاندووە، بەڵام ئەمە مێیە، ئەمە نێرە، ئەمە ڕەشە، ئەمە سپییە، ئەمە زەردە، جیاوازییان لەنێو مرۆڤ دروست کردووە. كاتێك ئاینییەکان ھاتوون جیاوازیی بیروڕا پەیدا بووە. لە جیاوازییەکاندا هێندێك جار گرژی پەیدا بووە، کوشتن و یەكتر قڕکردن ڕوویان داوە. ھەر یەکە و لە تەقەللای ژیانی خۆیدا بووە، بەرەنجامی ئەو تەقەللایە وای کردووە ھەر یەکێک لەم ستافانە بیریان لەوە بکەنەوە کە دەبێ لەگەڵ ئەوەی جیاوازییان لە ڕوانین و بیركردنەوەدا ھەیە، یەکتر قبووڵ بکەن.
ئیتر یەکتر قبووڵکردن بووەتە دانوستاندن، دواتر بووەتە گفتوگۆکردن و لە کۆتاییدا بیریان لەوە کردووە کە ناتوانن یەکتر بسڕنەوە و قڕ بکەن، دەبێ گفتوگۆ بکەن؛ چونکە ئەگەر من بمەوێ ئەتۆ نەبی، ئەتۆش دەتەوێ من نەمێنم!
كەواتە لەپێناوی مانەوەی خۆم بیر لە شتێکی تر دەکەمەوە، ئەتۆش لەپێناو مانەوەی خۆتدا بیر لە زمانێکی تر دەکەیەوە، یان کردارێکی تر….
چۆن ئەم زاراوەیە، یان ئەم ھزرە لە نێو مرۆڤدا گەشەی کردووە؛ دێمە سەر ئەوەی کە ناوتان لێناوە دانوستاندن، یان گفتوگۆی سیاسی.
من دەڵێم بۆ تەنیا سیاسی بێت لە چوارچێوەی سیاسەتدا بمێنتەوە؟ یان ئەوەی سیاسەت پێک دێنێ، یان سیاسەت دەکات و لەخۆی دەگرێ؟
لە تەواوی ئەڵقەکانی ئێوەدا تەنها سیاسەتی لە خۆی نەگرتووە، مەسەلەی جڤاکییە، مەسەلەی فەرهەنگە، مەسەلەی گەنجە، مەسەلەی ئافرەتە، مەسەلەی ئابوورییە، مەسەلەی ئایینە …تاد.
من ئەڵێم ئەوە دەرگایەکی باشە ئەمێنێتەوە، چ باشە ئەوانەی گفتوگۆ دەکەن ھەموومان بەشەرین، یان لە ڕووی باگراوندەکان. ئەویتر لەسەر چی گفتوگۆ دەکەین، چۆن بەڕێوەدەچێت، بە ئەقڵیەتی یەکتر قبوڵکردن، یان بە ئەقڵیەتی من گچکە و تۆ گەورە، من زاناو ئەتۆ نەزان، منی تێر ئەتۆی برسی. منی پیاو، ئەتوی ئافرەت، منی سپی، ئەتۆی ڕەش، ئەقلیەتی ئەوانەی گفتوگۆ دەکەن، چۆن ئەویتر ئەبینێ، بەچاوی خۆی ئەبێ خۆشی ببینێ، لەچاوی ئەویتردا.
قسەیەک ھەیە دەڵێ: ئەگەر تۆ بتەوێ گەورە بیت، خەڵک بە بچووک مەبینە. ئەگەر تۆ بتەوێ خۆت بە زانا بزانی، خەڵکی تر بە نەزان مەزانە. ئەگەر بتەوێ خۆت بە ڕاست بزانی، ئەویتر بە هەڵە مەزانە. ئەمانە پرەنسیپی بنەڕەتین. کە گفتوگۆ دەکەین، دەبێت بەرھەمداربێ، ئەنجامی ھەبێت. ئەگەر یەکتر قبووڵ نەکەین، کارەساتە. گفتوگۆ لە نێوان دوو کەس و زۆرتریش بێت، وەکو گرێبەستی قانونی، گرێبەستی تر لەیەک تەرەفە نابێ. خۆ ئەگەر من ڕاستم، تۆ بۆچی گفتوگۆ دەکەیت؟ ئەگەر پێت وایە لە سەرەتاوە تەرەفی بەرامبەر ڕاست ناکات، بۆ گفتوگۆ دەکەیت؟ کەواتە ئەبێ ئەویتر قبووڵ بکەی، وەکوو ھەیە. چۆن بتەوێ ئەو تۆ قبووڵ بکات، ئەتۆش دەبێ بە هەمان شێوە ئەو قبووڵ بکەی. ئەمە بنەمای سەرکەوتن و بەرھەمھێنانی گفتوگۆیە، ئەگەرنا وەکو میسرییەکان دەڵێن دەبێتە ” حوار طرشان”
ئەمە دیدی منە، ئەمە پرەنسیپی گفتوگۆیە، ئەوەی لای من گرنگترە دەرئەنجامەکەیە، دەرئەنجامەکانی گفتوگۆ چی لێ دێت؟ ئێمە گفتوگۆ دەکەین لەپێناوی گفتوگۆدا! فەلاح زراعەت دەکا ، پاییز درەنگ تۆ دەچینێت و ھاوین دەبێت بە گەنم، بە دەڕاسە یان بە دەست دەیدروونەوە.
باشە ئەو گەنمە چی لێ دەکات؟ زەکاتی ماڵی خوای لێ دەدات. ئەوی تر دەبێت بە ئارد، ئەبێتە نان، دەبێتە سەموون دەبێتە ساوار؛ کێ ئەمە بەسەر خەڵکدا دابەش دەکات؟ دەگەڕێتەوە سەر حوکمڕان و سیاسەتمەدارەکان. بە دیدی من، ئەو بەرھەمە دەمێنێتەوە سەر ئەوە کێ ئەم بەرھەمە دابەش دەکات، یان دەور دەبینێ لە بەشداربوون. دەرئەنجام یان بەرھەمی ئەو گفتوگۆیە دەبێ سوودی لێ وەربگیرێ. گفتوگۆکە بۆ کێیە؟ گفتوگۆکە بۆ ئەوانە نییە كە پێکەوە قسە دەكەن، بەڵكوو هی خەڵكە، بەرهەمەكەی هی هەمووانە، هەموو لایەك دەبێ لە گفتوگۆ سوودمەند بن.
ئەی چۆن ئەم خەڵکە سودمەند دەبێت لە بەرھەمی گفتوگۆکە؟ کاتێک دەزگایەک، دەوڵەت یان حکومەت یان حزبێکی دەسەڵاتدار یان بەرەیەک هەبێت، ئەو کاتە خەڵک سوودمەند دەبێت. قبوڵکردنی دەرئەنجامی ئەم گفتوگۆیە بریتییە لە خۆفەرزنەکردنی ئەوانەی گفتوگۆیان کردووە، قبووڵکردنی بەرامبەرەکەیە. ئەمجا ئەو بەرھەمە بە جۆرێک دابەش بکرێت کە سوودی هەمووانی تێدا بێت. لەبەر ئەوە بە دیدی من، ئەو بەرهەمە بۆ ھەمووان باشە، بەڵام ئەو ھەموو باشە ئەگەر تەنها لە کتێبدا کۆبکرێتەوە بەس نییە؛ بەڵی قوتابییەکی زانکۆ، کادیرێکی ئەم حیزبە، یان تەنها ھاووڵاتییەک سوودی لێ دەبینێت ، بەڵام مەبەستە سەرەکییەکە ئەوە نییە؛ بەڵکو مەبەست ئەوەیە ئێمە شێوەی مامەڵە لەگەڵ یەکتر تێبگەین، بەرھەمی کاری ئەو بیرمەندانەی کارەکەیان کردووە هۆشیارانەتر وەربگرین و لە کاری ڕۆژانەمدا پەیڕەوی بکەین پراكتیكی بكەن. ئەو شێوە بیرکردنەوە مامەڵە لەگەڵ یەکترەدا بکرێتە قانوون، واتە لێگەیشتن و چۆنییەتی دابەشکردن و سوودوەرگرتن لە بەرهەمەکانی گفتوگۆ بکرێتە پیشە و کردار. بە ڕای من ئەمە زۆر گرنگە.