دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

ئیمان یادەوەر: چارەنووسی شیعر بەستراوەتەوە بە بیری ئینسانەوە نەک ململانێی تەکنەلۆژیا

گەرمیان گلی – هەولێر

شاعیر ئیمان یادەوەری کەرکووکی، تەمەنی ٢٣ ساڵانە و، دانیشتووی هەولێر. براوەی خەڵاتی دووەمی فێستیڤاڵی شەن بۆ شیعرە و براوەی خەڵاتی یەکەمی هاوبەشی، فێستیڤاڵی مەلای جەبارییە و خاوەن شەش بڕوانامەی ڕێزلێنانە. ئیمان شاعیرێکە، ئەزموونێک و تەمەنێکی کورتی هەیە لەنێو دنیای شیعر، نزیکەی پێنج ساڵێکە دەنووسێت و شیعرەکانی لە سۆشیال میدیا و لە هەندێک ڕۆژنامە و ماڵپەڕدا بڵاو دەکاتەوە؛ شاعیرێکی لاوە و بەم تەمەنە بچووکەی توانیویەتی چەندین دەقەشیعری ناوازە و جوانمان پێشکەش بکات؛ وەکو: دەرد لە بەرد کەوتووە تۆش لە من، جەستەی ژیان بە دەمی مەرگەوە، پڕم لە هیچ، شانۆی مەرگ، خۆم لە تۆ دادەکەنم و، بەم دواییەش زەویی شاعیرەکان و، چەند دەقێکی تر.

ئیمان یادەوەر تا ئێستا دوو خەڵاتی وەرگرتووە، لە فێستیڤاڵی “شەن” بە شیعری (خۆم لە تۆ دادەکەنم) خەڵاتی دووەمی وەرگرتووە و لە فێستیڤاڵی (مەلای جەباری) بە شیعری (زەویی شاعیرەکان) بە هاوبەشی لەگەڵ دەقێکی تر خەڵاتی یەکەمیان وەرگرتووە. ئیمان یادەوەر بە شێوەیەکی بەرچاو ئیشی لەسەر چەمکی (گومان و پرسیار و پارادۆکس ) کردووە، تا ئاستی ئەوەی سیمایەکی جوانیان بە شیعرەکانی بەخشیوە. هاوکات وەک شاعیرێک و بوونێکی یاخیش دەردەکەوێت لەنێو دەقەشیعرەکانیدا، ئەمەش تا ئاستێکی باش جیای دەکاتەوە لە شاعیرانی هاوتەمەن و سەردەمی خۆی، دەتوانم بڵێم بە دیدێک و فۆرمێکی جیاوازتر دەنووسێت، شاعیرانەتر مامەڵە لەگەڵ زماندا دەکات، قووڵتر مەبەستەکانی دەردەبڕێت، ئەو شاعیرە بە سەرەتایەکی جوانەوە دەستی پێکردووە و توانایەکی شاراوەی شیعری نایابی پێوە دیارە. ئیمان یادەوەر لەو دیمانەیەیدا بۆ “ڕۆژنامەی هەولێر” دەڵێ: چارەنووسی شیعر بەستراوەتەوە بە بیری ئینسانەوە نەک ململانێی تەکنەلۆژیا.

باسێکی بەرهەمە شیعرییەکانت بکە؟
بەرهەمی چاپکراوم نیە، سەبارەت بە دەقەکانم لە ڕۆژنامەو گۆڤارو سایتەکان و ئەکاونتەکانی موبایلمدا بڵاوکردونەتەوە، سێ بەشداری فێستیڤاڵی شیعریم هەیە، کە خەڵاتەکانی یەکەم و دووەمم بەدەست هێناون. وە چەند دەقێکم وەرگێڕدارونەتە سەر زمانەکانی فارسی و عەرەبی و زاراوەی کرمانجی ژووروو.

سەردەمی شیعری ئەمڕۆ لەچاو سەردەمەکانی پێشووتریدا چۆن دەبینی؟
شیعر وەک دەریا هەڵچون و داچوونی هەیە، هەموو سەردەمێک شاعیری باش و شیعری باش و بپێچەوانەکەشی هەبووە، ئەوەی دەمێنێتەوە لەبێژەنگی زەمەن دەدرێت، بەڵام شیعر بەرکەوتنە بەو ژینگەیەی تێیدا دەژین، ئێمە بەرسەردەمی پێشوو نەکەوتوین، ئەوەی هەیە لە سندوقی شیعردا هەڵگیراوە ئێمە ئێستا دەیکەینەوە، بەڵام زەمەنی ئێستا هەموو شتێک دەبینرێت و دەخوێندرێتەوە و ئەوەی شایەنی مانەوە بێت خۆی زەمەن دەبڕێت، هەروەکو ئەوشیعرانەی زەمەنی پێشوو کە بەو هەموو گۆڕانکارییە گەورانەوە مانەوەو کەوتنە بەردیدی ئێمە.

وەک شاعیرێکی ئافرەت، چۆن دەڕوانیتە ئازادی ئافرەت لە کۆمەڵگای کوردیدا؟
گەر لەڕوانگەی ڕەگەز و جێندەرییەوە تەماشای دۆخی ژن و پیاویش بکەین، وەک یەک کۆت و بەندی هەندێک کولتوور و داب و نەریتن کە لە باوانەوە ماوەتەوە، بەڵام بەگشتی ژن دەبێت بزانێت چۆن مومارەسەی ئازادی دەکات و ئازادی تەنیا هاتنەدەرەوە نییە، بەڵکو پێویستە بزانێت کەدێیتە دەرەوە چی بۆناوەوەی خۆت دەبەیتەوە. ئافرەت لەسەردەمی ئێستەدا تاڕادەیەکی بەرچاو ئازادی پێدراوە، بەڵام چونکە ئەم ئازادییە پێشینەیەکی مەعریفی و ئاگایی نییە سەبارەت بەخۆی و ژینگە و کولتوورەکەی بێ قووربانی تێناپەڕێت و ئەمەش زۆری پێ دەچێت تا جێگەی خۆی بەتەواوی دەکاتەوە.

زۆرێک لە شاعیران بێزارن بەدەست ئەشقەوە، تۆش لەو شاعیرانەی ئەشق بێزاری کردبی؟
ئەشق گەر ئەشق بێت بێزاری تێدا نییە. ئەوە ئارەزووی مرۆڤە توشی مەلەل و بێزاری و ئیحراجی دەبێتەوە، دەنا ئەشق پڕۆسەیەکی خودی و زۆر تایبەت و هەڵگیراوە لە مرۆڤدا ئەشق هی بەیانکردن نییە، هەرشتێک بۆ ئەوەبێت قسەی لەسەر بکرێ ئەشق قسە هەڵناگرێت، ئەوەی لەسەر ئەشق دەوترێت خۆی نییە، بەڵکو هۆکار و دەرئەنجامەکانی ئەشقە، بەڵام مرۆڤ جیاوازی نەکات لەنێوان حەز و خۆشەویستیدا، لەنێوان غەریزە و گرینگیپێداندا لەنێوان ڕێز و بەزەییدا، چۆن دەتوانێت باسی ئەشق بکات؟ بۆیە ئەشق نە بێزارییە و نە تەنیایی، ئەشق شتێکە ناتوانێ بەر هەوای دەرەوە بکەوێ.

باشترین ڕێگا بۆ دەستپێکردن و کۆتاییهێنان بە شیعر چییە؟
شیعر خۆی باشترین ڕێگایە کاتێک دەست پێدەکات؛ هەستەکانت دەژیێتەوە و سەرت پڕ دەبێت لە پرسیار و دڵت پڕ دەبێت لە جوانی و زارت پڕ دەبێت لە وشە، بۆیە کە دەست پێ دەکەیت هەموو شتێک دەچێتە خزمەتی شیعرەوە. بۆیە ڕەنگە شیعرێک لە ڕووی نوسینەوەوە چەند پەڕەیەک بێت و تەواو ببێت، بەڵام لە ڕاستیدا دنیابینی شیعرەکە لە تۆدا هەرگیز کۆتایی نایەت.

بە چ فۆڕمێک شیعر دەنووسی، کلاسیک، ئازاد، یان ئەو پێکهاتەی خۆت دروستی دەکەی؟
من شیعری ئازاد دەنووسم و لە هەوڵی دۆزینەوەی فۆرمێکی تایبەتم بە زمان لە شیعرەکانمدا.

شیعری ئەمڕۆ چەقیوە؟ گەر وایە چۆن شیعر لەو چەقینە دەربهێنین؟
هۆکاری ئەوەی شیعری باش درەنگ دەبینرێت و دەخوێندرێتەوە، ئەو هەموو کتێبە بەبێ فلتەر بە ناوی شیعرەوە بڵاو دەبێتەوە وادەکات تاڕادەیەکی زۆر شیعر تووشی قەیران و مەلەلێک بکات بەوەی زۆری دەوێت تا دەگەیە شاعیر و شیعری دڵخوازی خۆت، ئەوەی وادەکات شیعر نەچەقێ، دەبێت بە هەندێک نووسەر بڵێیت لەپێناو ڕێزگزتن لە زمان و شیعر چیتر ئەو هەموو وشەیە بەخەسار مەدەن و بە ناوی شیعرەوە بڵاوی بکەنەوە. ئەوەی شیعر لە تەنیا گۆشەی بینینەوە دێنێتە دەرەوە بۆ نێو چوارگۆشەی دنیا، لێکۆڵینەوە و ڕەخنەگرتنە، کە هیوادارم لەو ڕوانگەوە ئاوڕی جدی لە شاعیرانی گەنج بدرێتەوە.

چارەنووسی شیعر لە نێوان تەکنەلۆژیا و ئامێرەکاندا چۆن دەبێت؟
شیعر هەمیشە دەمێنێتەوە، تەلیسمێک نییە بەتاڵ ببێتەوە، بەڵکو ژینگەیەکە پێویستە تێیدا بژیت و، هەست بە جوانی و ناسکی و هەقیقەتی شیعر بکەیت، بۆیە ئەرکی شیعر بەرەو پێشبردنی زمانە نەک بەربەرەکانێی ئەو کایە زانستیانەی دێنە گۆڕێ شیعر وەک خۆی دەمێنێتەوە. چونکە چارەنووسی شیعر بەستراوەتەوە بە بیری ئینسانەوە نەک ململانێی تەکنەلۆژیا.

گەر باسی ڕەخنە بکەین، پێت وایە ڕەخنەی باش شیعری باش بەرهەم بهێنێت؟
بەڵێ زۆریش گرنگە تۆ کتێبێکی ڕەخنەیی لە شیعری شاعیرێک دەخوێنیەوە، تێدەگەیت دەبێ زمان چۆن بێت و هەڵەی زمانەوانی و دنیابینیی ئەوانی ترت بۆ کەشف دەکات، ڕەخنەی باش بەرهەمی شیعری باشە و شیعری باش دەتوانێت دنیایێک ڕەخنەی باش لەخۆیدا هەڵبگرێت، بۆیە بوونی ڕەخنە هۆکاری زیندوومانەوە و کەشفکردنی هەموو لایەنە شاراوەکانی شیعرە.