دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:سەرۆکی حکوومەت پاڵپشتێکی گەورەی پرۆژەکەیە

دوێنێ، ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەساتەکان لە ناوەندیی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان JCC کرایەوە. وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی: ئیشی ئەو ژوورە لەسەر بنەمای هەماهەنگی و کاری هاوبەشە لەنێوان دامەزراوەکان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، ئەمڕۆ نوێنەری 15 وەزارەت و پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەبنە ئەندام لە ژووری ئۆپەراسیۆنی هەرێمی کوردستان، بەیەکەوە هەڵسەنگاندن، رووبەڕووبوونەوە، ئیدارەکردن، وەڵامدانەوەی قەیران و چارەسەری ئاسەواری قەیرانەکان دەکرێت.

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، باسی لە گرنگی کردنەوەی ژوورەکە کرد و گوتی: ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەساتەکان، لەگەڵ وەزارەتی ئەڵمانیا لە ڕێگەی ڕێکخراوی THWی ئەڵمانی و ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ کراوەتەوە.
گوتیشی: دەستخۆشی لە بەڕێوەبەر و کارمەندانی JCC دەکەم کە لەو ماوەیەدا توانیویانە هەماهەنگییەکی باش لەناوخۆ و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دروست بکەن، بەتایبەتی رێکخراوی THW کە پەیوەستە بە وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا، کردنەوەی ئەم ژووری ئۆپەراسیۆنە هەنگاوێکی پێشکەوتووە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لە قۆناغێکی پێشکەوتوودا بێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانە دەستکرد و سرووشتییەکان، ئەم ژوورە ئیش لەسەر ئەوە دەکات کە هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی پێشوەختە هەبێت بۆ ئەو کارەسات و قەیران و مەترسیانەی لە داهاتوودا دروست دەبن.
ئەوەشی گوت: هەمیشە ڕێنمایی و ئاراستەکانی سەرۆکی حکوومەت، مەسرور بارزانی، ئەوەبووە کە پێویستە هەماهەنگی باش لەنێوان دامەزراوەکانی حکوومەت هەبێت، زۆرجاریش سەرۆکی حکوومەت خۆی بەشدار دەبێت لەگەڵ پارێزگار و دامەزراوەکانی حکوومەت، بۆ ئیدارەکردنی قەیران و کارەساتەکان و نەهێشتنی ئاسەوارەکانیان، کە ئەمە پاڵپشتییەکی زۆر گەورەیە کە جەنابیان لەگەڵمانە، لەم پڕۆژەیەدا پاڵپشتێکی سەرەکیمان دەبێت.
وەزیری ناوخۆ زیاتر باسی لە ناوەڕۆکی ژووری قەیرانەکان کرد و گوتی: ئیشی ئەو ژوورە لەسەر بنەمای هەماهەنگی و کاری هاوبەشە لەنێوان دامەزراوەکان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، ئەمڕۆ نوێنەری 15 وەزارەت و پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەبنە ئەندام لە ژووری ئۆپەراسیۆنی هەرێمی کوردستان، بەیەکەوە هەڵسەنگاندن، رووبەڕووبوونەوە، ئیدارەکردن، وەڵامدانەوەی قەیران و چارەسەری ئاسەواری قەیرانەکان دەکرێت، لە هەمانکاتدا هەڵدەستن بە هەماهەنگی لەگەڵ کەرتی تایبەت، هەروەها هاوکاری هاووڵاتییان لەکاتی ڕوودانی هەر قەیران و کارەساتێک، کە ڕەنگە زۆر لە هاووڵاتییان بیانەوێت خۆبەخشانە هاوکاری دامەزراوەکانی حکوومەت بکەن، بۆ ئەمە لە JCC پێشوەختە لەگەڵ رێکخراوی THW ناوەندێکی راهێنانی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان دروستکراوە بۆ راهێنانی خۆبەخشەکان، واتە کەسێک کە بیەوێت هاوکاری حکومەت بکات دەبێ راهێنرابێت، خۆبەخشەکان راهێنانیان پێدەکرێت و دواتر دەخرێنە ناو سیستەم لە چوارچێوەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان”.
ئەوەشی گوت: JCC لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتیی و ناوخۆییەکان بەتایبەتی دەزگای خێرخوازی بارزانی توانیویانە ڕووبەڕووی قەیرانەکان ببنەوە، وەک چۆن لە ڕابردوودا لەکاتی هاتنی بە لێشاوی ئاوارە و پەنابەران ئێمە ڕووبەڕووی قەیرانێکی دارایی گەورە و بڕینی بودجە و مووچەی بووینەوە، ڕووبەڕووی شەڕی داعش بووینەوە، لەوکاتە کە بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان بڕدرا، زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارەی ناوخۆیی روویان کردە هەرێمی کوردستان، ئەمەش بەهۆی بارودۆخی ئەمنی و نەبوونی دڵنیایی بوو، خەڵک لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق ڕوویان کردە هەرێمی کوردستان، بڕیاری حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەوەبوو بەهانای خەڵکەوە بچن، بەشێکی ئاوارەکان گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، بەڵام تائێستاش نزیکەی ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن”.
باسی لەوەشکرد، هەندێکجار لێدوانی نابەرپرسانە دەبیستن سەبارەت بە ئاوارەکانی نێو هەرێمی کوردستان و گوتی: جێگەی پرسیارە هاووڵاتییەکی عێراقی پێی خۆشە لەژێر خێوەتێکدا بژیت لە هەرێمی کوردستان نەک بگەڕێتەوە شاری خۆی، ئەوە بڕیاری خۆیانە ئێمە دەیانخەینە سەرچاوی خۆمان ئەگەر نانێکمان هەبێت دەیکەین بە دوو لەت لەگەڵ هەموو ئەوانەی پێویستیانە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆی و حکوومەتەکەی بە پابەند دەزانێت بۆ ئەوەی هاوکاری هەموو لێقەوماوان بکات، بەردەوامیش دەبین لەو هاوکاریانە، ئەگەر پلانێکیش هەیە بۆ گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە ئێمە پاڵپشتی سەرەکی بووینە و لیژنەمان دروستکردووە بۆ ئەوەی هاوکاری ئاوارەکان بکەین، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، بەڵام زۆرجار لە بەغدا بەتایبەتی وەزارەتەکانی کۆچ و کۆچبەران و ناوخۆی عێراق تۆمەت ئاراستەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، حکوومەتی فیدراڵ هەمیشە وەک بابەتێکی سیاسی مامەڵەی لەگەڵ پرسی ئاوارە و پەنابەران کردووە، نەک وەک پرسێکی مرۆیی، داوا لە حکوومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین بەردەوام بن لە هاوکاریکردنی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی کە ئێستا دەچینە ناو وەرزی سەرما و سۆڵە، دەتوانن سەردانی کەمپەکان بکەن و دەرگای کەمپەکان کراوەیە، هەفتانە بەرپرسانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بۆ سەردان و کات بەسەربردن دێنە هەرێمی کوردستان، بەڵام لەجیاتی ئەوە با سەردانی کەمپەکان بکەن”.