رۆژنامەی ھەولێر

دواکەوتنی دوو کەروێشک، گەڕانەوە بە دەستبەتـــــــــــــــــــــــــــــــــــاڵی

 

 

لە گوندەکە کات ١٢ی نیوەڕۆ بوو. (ئاغا شچێلکۆبۆکۆڤ – Major Shchelkobokov) – خاون هەزار دۆنم زەوی و ژنێکی جەحێڵ – سەرە کەچەڵەکەی لە ژێر لێفە گەرمەکەوە دەرهێنا و بە دەنگی بەرز دەستی کردە جنێودان. دوێنێ، کە بەلای پەرژین و سێبەری دارەکەدا ڕەت دەبوو، گوێی لێبوو ژنە جەحێڵەکەی، (کارۆلینا کارلۆڤنا – Karolina Karlovna)، بە میهرەبانییەکی زۆرەوە لەگەڵ ئامۆزا میوانەکەی قسەی دەکرد. کارۆلینا، مێردەکەی (مەیجۆر شێلکۆلۆبۆڤ)ی بە بەران ناودەبرد و بە فیزی ژنانەوە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە بە هۆی دەماخ سسزی و ڕەفتاری دێهاتیانە و شێتانە و مەشرووبخواردنەوە بەردەوامەکانی، نە مێردەکەی خۆش ویستووە و نە خۆشیشی دەوێت.

ئاغاش، بە بیستنی ئەم قسانە واقوڕماو و تووڕە و دەهری بوو و شەو تا بەیانییەکەی خەو نەچووە چاوەکانی. مێشکی دەکوڵا، دەموچاوی وەک قەرژاڵێکی کوڵاو سوور هەڵگەڕابووەوە. مستەکۆڵەکانی گرێدابوون و گیانی وەها تین و غەزەبی تێوە زابوو کە تەنانەت لە هی سەردەمی جەنگەکانی دەوروبەری قارسیش وێنەی نەبوو.

کە لە ژێر لێفەکەوە لە ئاسمانی خوای ڕوانی و چەند جنێوێکی بەگۆڕ و تەڕی هێنایە زمان، بە پەلە لە تەختەکەی دابەزی، مستەکۆڵەکانی هەر بە ئاسمانەوە ڕادەوەشاند، چەند خولەکێک بە ژوورەکەدا پیاسەی کرد، پاشان قیڕاندی:
– هۆی گەمژەینە!

دەرگای ژوورەکە بە جیڕەیەکی زۆر کرایەوە و (پانتێلی – Panteley)ی خزمەتکاری تایبەت – کە لەهەمانکاتیشدا سەرتاش و کەناسی ئاغا بوو – لە دەرگاکەوە هاتنە ژوورەوە. یەکێک لە جلە کورت و کۆن و بەخشراوەکانی ئاغای لەبەربوو و تووتکە سەگێکیشی خستبووە بن هەنگڵییەوە. هەر لەوێ شانی دا بە چوارچێوەی دەرگاکەوە و وەک نیشاندانی ڕێز، چەند جارێک پێڵووی چاوەکانی جووڵاند.

ئاغا گوتی:
– گوێ بگرە پانتێلی! حەزم لێیە ئەوڕۆ وەک ئادەمیزاد قسەت لەگەڵدا بکەم، بێ گرێوگۆڵ و بێ پەردە. ئەوە چ وەستانێکە؟ ڕاست ڕاوەستە! ئەو مێشەی نێو مشتیشت بەرهەڵداکە! ئێستا دروستە! باشە، ئامادەی لەگەڵم ڕاستگۆ بیت یان نا؟
– ڕێزت هەیە ئاغا گیان
– بە سەرسووڕمانەوە تەماشام مەکە. نابێت بە سەرسوڕمانەوە تەماشای مرۆڤە گەورە و کامڵەکان بکەیت، ناشیرینە! دیسان دەمت دادڕی! بەڕاستی گامێشی براکەم! پاش ئەو هەموو ساڵە هێشتا فێر نەبوویتە لە حەزووری بەندە ڕەفتارت چاک بکەیت… لێگەڕێ. ئێستا بێ پێچوپەنا و بێ ئەوەی زمانت تەتەڵە بکات، وەڵامی پرسیارەکەم بدەرەوە! تۆ لە ژنەکەت دەدەیت یان نا؟
پانتێلی بەرە دەستی نا بە دەمیەوە و پێكەنینێکی گێلانەی کرد و بە منگەمنگ و پێکەنینەوە گوتی:
– هەموو سێشەممەیەکەی خوا، جەنابی ئاغا!
– جا بۆ پێدەکەنی! ئەم شتانە پێکەنینان ناوێ! دەمت داخە! لە حەزووری مندا هێندە لەشت مەخورێنە، هیچ حەزم لێ نییە.
ئاغا کەمێک بیری کردەوە و پاشان درێژەی پێدا:
– براکەم، پێم وایە تەنها جەماعەتی دێهاتییەکان نین کە دەستی لێدانیان هەیە. تۆ چ دەڵەی؟
– ڕاست دەفەرموون، قوربان!
– نموونەیەک بهێنەوە!
– هەر لەم شارەی خۆمان، دادوەرێکمان هەیە بە ناوی (پیۆتەر ئیڤانۆڤیچ – Pyoter Ivanovich)، دەبێ بیناسن! نزیکەی دە ساڵ بەر لە ئێستا خزمەتکاریان بووم. لە چاو ئێوەوە نەڵێم، پیاوێکی باش بوو، بەڵام وای لەو ڕۆژەی کە سەرخۆش دەبوو… خوا نەیکاتە نەسیبی کەس! هەندێجار، مەست و سەرخۆش دەهاتەوە ماڵ و بە مست و شەق دەکەوتە گیان و کەلەکەی خانمی ماڵ. خوا هەر لێرە لەناوم بەرێت گەر درۆم بکەم! هەندێکجاریش لەو شەڕەشەقەدا یەک دوو مستیش بەر من دەکەوتن. دەکەوتە گیانی ژنەکەی و دەیقیڕاند: «ژنی بێشعوور، تۆ ئیتر منت خۆش ناوێت! هەربۆیە دەتکوژم، دەمەوێت چرا‌ی تەمەنت بکوژێنمەوە…»
– باشە، ئەی ژنەکەی چی دەگووت؟
– بەردەوام دەیگووت: «لێم ببورە… لێم خۆش بە!»
– نا؟ بەڕاست؟ ئەمە نایابە!

ئاغا ئەوەندە خۆشحاڵ بوو کە دەستەکانی لێکهەڵدەسوو..
– بێگومان ڕاست دەکەم، جەنابی ئاغا! ئاخر چۆن دەکرێت مرۆڤ لە ژنی خۆی نەدات؟ بۆ نموونە هەر ژنەکەی من… مەگەر دەکرێت لە ژنی خۆم نەدەم؟ دەی، ئەو ژنەی سازی خەڵکی بخاتە ژێر پێی ورد و خاشی بکات و دواتر کلکەپەنجەیەک لە شیرینییەکانی تو بخوات، هەقیەتی لێی بدرێت… ئاخر دەکرێت ئەم هەموو سەرپێچی و هەڵەیە بکات؟
– پێویست ناکات فەلسەفەبافیم بۆ بکەیت، کەلەپووک! بەڵگەشم بۆ دێنێتەوە! تۆ و بەڵگەهێنانەوە؟ کارێک کە پەیوەندی بە تۆوە نییە، هەرگیز خۆتی تێهەڵمەقوورتێنە! بەڕاست خانم چ دەکەن؟
– خەوتوون، قوربان.
– هەرچی بووە با ببێت! بڕۆ بە ماریا بڵێ خانم بەخەبەر بێنێت و بینێرێتە لای من.. نا بوەستە، مەڕۆ! تۆ چ دەڵەیت؟ بە بڕوای تۆ، منیش لە دێهاتی جەماعەت دەچم؟
– بۆ دەبێت جەنابتان لە دێهاتییەکان بچن؟ کەی بینراوە ئاغا لە ڕەعیەت و دێهاتی بچێت؟ بێگومان هەرگیز نەبینراوە!
ئەمەی گوت و شانی هەڵتەکاندن و دەرگاکەی بە جیڕجیڕ کردەوە و چووە دەرەوە. ئاغا کە نیگەرانی بە ڕووخسارییەوە دیاربوو، ئاوێکی بە سەر و ڕوویدا کرد و دەستیکردە لەبەرکردنی جلوبەرگەکەی.
ئاغا، هەرکە هاوسەرە دڵگیرە بیست ساڵانەکەی بە تاڵترین شێوە لە دەرگاکە هاتە ژوورەوە، گوتی:
– عەزیزی دڵم، دەتوانیت سەعاتێک لە کاتی گرانبەهای خۆت کە هێندە بۆ هەموومان بەسوودە، بخەیتە خزمەت منەوە؟
ژنە، ناوچاوانی بۆ ماچکردن خستە بەردەم لێوەکانی ئاغا و وەڵامی دایەوە:
– بەوپەڕی دڵەوە، هاوڕێکەم!
– عەزیزی دڵم، حەزم لێیە پیاسەیەک بەسەر گۆلاوەکەدا بکەین.. کەمێک کات بەسەر بەرین… ئامادەی یاوەریم بکەیت؟
– هەست ناکەم هەوا گەرم بێت؟ لەگەڵ ئەوەشدا، بابە گیان، پێشنیارەکەت لە دڵەوە قبوڵ دەکەم، بەڵام بە مەرجێک: تۆ سەوڵ لێدەدەیت و منیش سووکانەکە دەگرم. دەبێت هەندێک خواردەمەنیش لەگەڵ خۆمان بەرین، من لە بەیانییەوە هیچم نەخواردووە…
ئاغا، دەستی خشاند بەو قامچییەی کە لە گیرفانی ئاخەنیبوو و گوتی:
– خواردنم هەڵگرتووە.
نزیکەی نیو کاتژمێر دوای ئەم گفتوگۆیە، ژن و مێرد سواری بەلەمەکە بوون و بەرەو ناوەڕاستی گۆلاوەکە چوونە پێش. ئاغا، ئارەقەی هەڵدەڕشت و سەوڵی لێدەدا و هاوسەرەکەشی سووکانی بەلەمەکەی لەدەست بوو و ئاراستە دەکرد.
ئاغا، چاوی پر لە تووڕەیی بڕیبووە کارۆلینای نیگەران و بەدەم سووتانیەوە لە ئاگری بێئۆقرەییدا، لە ژێر لێوەوە بۆ خۆی دەگوت: «بنۆڕێ! توخوا سەیری کەن!».
هەر کە بەلەمەکە گەیشتە ناوەڕاستی گۆلاوەکە، ئاغا بە دەنگی گڕەوە فەرمانی دا: «بوەستە!»
بەلەمەکە لە جووڵە کەوت.
ڕووخساری ئاغا، ئەرخەوانی ببوو و چۆکەکانی دەلەرزین. ژنەکە، بە سەرسوڕمانەوە تەماشای مێردەکەی کرد و پرسی:
– چیت بەسەر هاتووە ئاپۆلۆشا؟
ئاغا بە هاوارکردنەوە گوتی:
– کەواتە دەفەرموون بەندە بەرانم، ها؟ کەواتە من… من… کێم؟ کەلەپووتێکی گەمژە؟ کەواتە تۆ منت خۆش نەویستووە و خۆشت ناوێم، ها؟ کەواتە تۆ… من…

جارێکی تر نەڕاندییەوە و مستێکی بەرز کردەوە و قامچییەکەی بە ئاسمانەوە ڕاوەشاند و لە نێو بەلەمەکەدا گرژییەکی ترسناک دەستی پێکرد. دەمەقاڵێکەیان بە شێوازێک بوو کە هەر باس ناکرێت!
ئەم ڕووداوە مەحاڵە تەنانەت گەورەترین هونەرمەندی نیگارکێشی ئیتالیش بتوانێت وێنەکەی بکێشێت… پێش ئەوەی ئاغا هەست بە هەڵقەندنی مشتێک قژی سەری بکات و پێش ئەوەی ژنە جەحێڵەکەشی بتوانێت ئەو قامچییە ڕاوەشێنێتەوە کە لە دەستی مرێدەکەی فڕاندبووی، بەلەمەکە لنگاوقووچ بووەوە و وەرگەڕا و…

لەم کاتەدا (ئیڤان پاولۆڤیچ – Ivan Pavlovich)، کلیلداری پێشووی ئاغا کە ئێستا وەک بەشی قەڵەمی ناحیە خزمەت دەکات، لە کەنار گۆلاوەکە و بەدەم فیکەلێدانەوە خەریکی پیاسەکردن بوو. بێئۆقرە چاوەڕێ بوو تا کچە دێهاتییەکان بێن و بە پێی عادەتی هەموو ڕۆژێکیان لە گۆلاوەکە مەلە بکەن..
جگەرە بە جگەرەی دادەگیرساند و بیری لەو چاوباشقاڵییە دەکردەوە کە بڕیار بوو بەنەسیبی بێت.
کتوپڕ گوێی لە هاوارێکی جەرگبڕ بوو. دەنگی ئاغاکەی خۆی ناسییەوە. ئاغا و هاوسەرەکەی هاواریان دەکرد: «یارمەتی! یارمەتی!»
ئیڤان پاولۆڤیچ، یەکسەر و بێ دوودڵی چاکەت و پانتۆڵ و پێلاوەکانی داکەند، سێ جار نیشانەی خاچی لەسەر سینگی کێشا و بۆ ڕزگارکردنی ئەو دووانە، خۆی دە ئاوەکە هاویشت. لەبەر ئەوەی توانای مەلەکردنی لە توانای قەڵەم زیاتر بوو، کەمتر لە سێ خوولەک خۆی گەیاندە لای نەغرۆبووەکان. بە مەلەکردنەوە لە هەردووکیان نێزیک بووەوە و پێشی لێگرتن و لەگەڵ خۆیدا بیری کردەوە: «بەنەعلەت بیت شەیتان! کامەیان یەکەمجار ڕزگار بکەم؟»
توانای ئەوەی نەبوو هەردووکیانی پێکەوە ڕزگار بکات – تەنها دەیتوانی یەکێکیان لەو کارەساتە ڕزگار بکات. ماسولکەکانی ڕووخساری، بە هۆی دوودڵییەکەیەوە گرژ ببوون.. هەر جارەو چنگی لە یەکێکیان گیر دەکرد.. دواجار ڕووی تێکردن و گوتی:
– تەنها یەکێکتان! ناتوانم هەردووکتان! وادەزانن من نەهەنگم؟
کارۆلینا کە چنگی لە داوێنی چاکەتەکەی ئاغا گیر کردبوو، هاواری کرد و گوتی:
ئیڤانی ئازیز، من… من ڕزگار بکە! شووت پێدەکەم! بە هەموو پیرۆزییەکان سوێند دەخۆم دەبمە ژنت! وای، خوایا گیان، خەریکە دەخنکێم!
ئاغاش بەدەم قووتدانی ئاوەکە، ، بە دەنگە بەمەکەی هاواری دەکرد:
ئیڤان! ئیڤان پاولۆڤیچ! پیاو بە! من ڕزگار بکە، براکەم! ڕۆبڵێک و قاپێک ڤۆدکات لەسەر من! مەهێڵە جوانەمەرگ بم! سەرتاپات دە زێڕ دەگرم… پەلە بکە، ڕزگارم بکە! ڕاستییەکەی… بەڵێن بێ هاوسەرگیری لەگەڵ خوشکەکەت ماریا بکەم! بەخوا دەیهێنم! خوشکەکەت زۆر دڵگیرە! گوێ لە قسەی ژنەکەم مەگرە، مردووشۆر ئەو قەد و گیپاڵەی بەرێتەوە! ئەگەر ڕزگارم نەکەیت، دەتکوژم! بە سەلامەتی لە دەستم دەرناچیت!

گۆلاوەکە وەها بە دەور سەری فەرمانبەرەکەوە دەسووڕایەوە کە خەریک بوو بخنکێت. بەڵێنەکەی هەردووکیانی وەک یەک بە گونجاو دەزانی – هەریەکەی لەویتر بەسوودتر بوو. کامەیان هەڵبژێرێت؟ خەریک بوو دەرفەتەکەی لەدەست دەچوو.
دواجار بڕیاری خۆی دا: «هەردووکیان ڕزگار دەکەم! لە هەردووکیانەوە پێمدەگات، ئەوەش باشترە لەوەی لە یەکێکیانەوە پێمبگات… پشت بە خوا!»
خاچێکی لەسەر سینگی کێشا، بە دەستی ڕاستی کارۆلینای خستە ژێر باڵی و پەنجەی شایەتمانیشی لە بۆینباخەکەی ئاغا گیر کرد و بە نقەنق بەرەو لای کەناراوەکە مەلەی کرد. بە دەستی چەپی مەلەی دەکرد و بەدەم ئامۆژگاریشی دەکردن: «پێ بکوتن! دەی پێ بکوتن!»
بیری لە ئایندە درەوشاوەکەی دەکردەوە: خاتوون دەبێتە ژنی خۆم، ئاغاش دەبێتە زاوام… بەه بەه! ئێستا ئیتر چەندی دەتەوێت کەیف و خۆشی بکە!… لەمە بە دواوە پارووت لە ڕۆندایە، کوڕی باش.. شیرینی تازەی خامەدار و جگەرەی بەرگ بکێشە! خوایااا سوپاس بۆ تۆ!

مەلەکردن بە دەستێک، ئەویش بە دوو باری قورس و بە پێچەوانەی ئاراستەی با، کارێکی ئاسان نەبوو بەڵام بیرکردنەوە لە ئایندە درەوشاوەکەی، هێزی ئیڤان پاولۆڤیچی دوو هێندە لێکردبوو. لە کۆتاییدا بەدەم زەردەخەنە و لە خۆشییان لەخۆڕا پێدەکەنی، توانی ژن و مێردەکە بگەیێنێتە ڕۆخ گۆلاوەکە.

دڵخۆشی ئیڤان پاولۆڤیچ بێسنوور بوو، بەڵام هەر کە چاوی بە ژن و مێردەکە کەوت کە دۆستانە دەست لەنێو دەستی یەکتر وەستابوون، ڕەنگ بە ڕووخسارییەوە نەما و لەپەدەستێکی کوتا بە نێوچەوانی خۆیدا و بێ ئەوەی ئاگاداری کچە دێهاتییەکان بێت کە وازیان لە مەلەکردن هێنابوو و بە کۆمەڵ خوولی ژن و مێردەکەیان دابوو و بە سەرسوڕمان و پەسنکردنەوە چاویان بڕیبووە فەرمانبەرە قارەمانەکە، بە دەنگی بەرز دای لە پڕمەی گریان.

ڕۆژی دواتر، ئیڤان پاولۆڤیچ بە پێشنیاری ئاغا لە فەرمانگەی ناحیە دەرکرا. کارۆلیناش، ماریای خوشکی ئیڤانی لە خزمەتکردنی ماڵەکەی دەرکرد و پێی گوت: «ئێستا بڕۆ بە دوای ئاغا میهرەبانەکەت بکەوە!»

ئیڤان پاولۆڤیچ لە ڕۆخ گۆلاوە شووم و نەفرەتییەکە پیاسەی دەکرد و بە دەنگی بەرز لەگەڵ خۆیدا قسەی دەکرد:
«ئەی مرۆڤەکان، هاوار لە دەستی ئێوە! ئاخر ئەو هەموو ناپاکی و بێسیفەتییە؟!»

پەراوێز:
– (ماژۆر- Major) یا مەیجەر، لە ڕووی ماناوە بە چەندین شێوە دێت وەک: ئاغا، گەورە، ئاغا. ئێمە لەم چیرۆکەدا بە (ئاغا)مان هێناوەتەوە تا دەربڕین بێت بۆ کەسایەتییەکە کە ئاغایە و خاوەن زەویوزارە.
– ئەم چیرۆکە بە ڕووسی ناوی (За двумя зайцами погонишься, ни одного не поймаешь)ە کە مەبەست لەو پەندە بەناوبانگەیە: «بە دوو کەروێشکەوە بڕۆیت، دەستبەتاڵ دەگەڕیتەوە». لە زمانی کوردی وەک دەڵێن: «بە دەستێک، دوو شووتی هەڵناگیردرێت».
– (ئاپۆلۆشا – Apolosha) کە بە ڕووسییەکەی دەکاتە (Аполлоша)، بانگکردنی خۆشەویستانە و نازکردنە لە لایەن کارۆلولینا کە ناوی مێردەکەی (ئاپۆلۆن شچێلکۆبۆکۆڤ)ە. لە ڕووسیە، کاتێک کەسێک کەسە نزیکەکان (هاوسەر، منداڵ، یان دۆستەکەی) بانگ دەکات، وەک خۆشەویستی پاشگری (osha) یا (оша) یا (уша) دەخەنە پاڵ ناوەکە. لێرەدا کارۆلینا ناوو مێردەکەی کا ئاپۆلۆنە دەکاتا (ئاپۆلۆشا). لەم چیرۆکەدا چیخۆف بەم شێوەیەکی کۆمیدی ناوی (ئاپۆلۆن)ی بەکارهێناوە کە ناوێکی گەورە و کلاسیکییە (ناوی خوداوەندی جوانی و هونەرە لە ئەستێرەناسی و مێژووی یۆنان) و لەگەڵ کەسایەتییە زبر و گوندییەکەی ئاغادا یەکناگرێتەوە، بەڵام زیادکردنی پاشگری (ۆشا) دیمەنەکە گاڵتەجاڕانە نیشان دەدات. بەمەش ژنەکەی دەیهەوێت تووڕەیی مێردەکەی سارد بکاتەوە.

سەرچاوە:
– سەرچاوە ڕووسییەکە: https://ilibrary.ru/text/34/p.1/index.html
– لە ئینگلیزیشدا بە ناوەکانی (If You Chase Two Rabbits, You Won’t Catch Either) و (Chase Two Rabbits, Catch None) و (Two in One) و (Vint) وەرگێڕدراوە.
– ئەم ناوونیشانە پەندێکە: «ڕاوی دوو کەروێشک و هیچنەگرتن) کە دەکاتە (یک دست و دوو شووتی) و لە زمانی کوردیش دەگووترێت (بە دەستێک دوو گۆندەر هەڵناگیرێت).
– وەرگێڕی چیرۆکەکە بۆ زمانی ئینگلیزی، (دەیڤید مامەت – David Mamet)ە.
– ئەم کورتەچیڕۆکەی ئانتوان چێخۆف، بۆ یەکەمجار لە مانگی ئایاری ١٨٨٠ لە گۆڤارێک بە ناوی (Dragonfly) بڵاوکرایەوە.
– (ماریا بلوشتێن – ) لە کۆمەڵە کورتەچیڕۆکێکی چیخۆف کردیە ئینگلیزی و لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی (New York Review books) بڵاو کرایەوە.