دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

بەڕێوەبەری بانکی جیهان: بانکەکان لە چەندین رووەوە لە پڕۆژەی “هەژماری من” سوودەمەند دەبن

بەڕێوەبەری بانکی جیهان لە هەولێر، جگە لە فەرمانبەرانی حکومەت، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان هەژماری بانکیان کردووەتەوە. دەشڵێت: بانکەکان لە چەندین رووەوە لە پڕۆژەی “هەژماری من” سوودەمەند دەبن.

ئەحمەد عەبدولخالق بەڕێوەبەری بانکی جیهان لە هەولێر لەبارەی پرۆژەی هەژماری من، گوتی: “خۆشحاڵین وەک یەکێک لە بانکەکان بەشدارین لە پڕۆژەی هەژماری من، بانکەکان لە چەندین رێگەوە لەو پڕۆژەیە سوودمەند دەبن، یەکێک لەو سوودانە ئەوەیە سەوداکاریان زۆر دەبێت، لە رێگەی کارت یان هەژماری خۆیان دەتوانن کارەکانی خۆیان راپەڕێنن، هەروەها بەگشتی هاووڵاتیی و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان سوودمەند دەبن لە خزمەتگوزارییەکانی بانکەکان”.

ئاماژەی بەوەشدا: “جاران بانکەکان هەوڵیان دەدا لقی زیاتر بکەنەوە، بەڵام ئێستا بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا ئەوە نەماوە، بەهۆی ئەپڵیکەیشنەکان خەڵک پێویستیان بەوە نییە سەردانی بانکەکان بکەن لە رێگەی مۆبایل و ئەپڵیکەیشن ئاگادار دەکرێنەوە کە مووچەیان هاتووە، هەر لە رێگەی مۆبایلەکەیان دەتوانن چەندین حەواڵە و مامەڵە بکەن، هەر کەسێکیش مەبەستی بێت پارەکەی بە کاش وەربگرێت دەتوانن لە رێگەی ئەی تی ئێمەکان وەریگرن، فەرمانبەر و هاووڵاتی کە بوونە “خاوەن هەژماری من” لە هەر شارێکی هەرێمی کوردستان و عێراق بن دەتوانن بە کارتەکەیان پارە لە بانکەکان راکێشن”.

بەڕێوەبەری بانکی جیهان، باسی لەوەشکرد: “تائێستا کارمەندەکانمان هیچ گرفتێکیان لەگەڵ مامەڵەکانی “هەژماری من” نییە ئێستا پێویستە هۆشیاری لەبارەی ئەپڵیکەیشنەکان هەبێت”.

راشیگەیاند: “هەر کەسێک ببێتە خاوەن “هەژماری من” بە کارتەکەی دەتوانێت لە هەموو جیهان سوودمەند بێت لە خزمەتگوزارییەکانی بانکی، جگە لە فەرمانبەران ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان هەژماری بانک دەکەنەوە”.