دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

شاخەوان عەبدوڵڵا: لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی کەرکووک ئەرکی خۆی جێبەجێ نەکردووە

شاخەوان عەبدوڵڵا لە رێوڕەسمی چلەی شەهیدانی 2ی ئەیلوولی خۆپیشاندانەکەی کەرکووک رایگەیاند، لیژنەی لێکۆڵینەوەی رووداوەکەی کەرکووک کارەکانیان بەپێی یاسا جێبەجێ نەکردوو، هەربۆیە داوای دەستکاریکردنی لیژنەکەیان کردووە، بەڵێنیشیدا، رێگەنادەن دۆسیەی شەهیدانی خۆپیشاندانەکەی کەرکووک بەلاڕێدا ببرێت.

شاخەوان عەبدوڵڵا، گوتی: “ئەم شارە ناسنامەی کوردستانییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رێزگرتن لە پێکهاتەکان ئەرکی سەرشانی ئێمەیە، ئەزموونی هەرێمی کوردستان باشترین بەڵگەیە بۆ ئەوەی بزانن کە چۆن رێز لە پێکهاتەکان دەگیرێت و پێگە و سەنگیان چۆنە و لە شوێنەکانی دیکەش چۆن رۆژانە قەتڵوعام دەکرێن، بە ئەنقەست ئاگر لە هۆڵی بۆنەکانیان بەردەرێت”.

سەبارەت بە لێکۆڵینەوە لە رووداوی شەهیدکردنی چوار هاووڵاتی کورد لە 2ی ئەیلوولی 2023 لە کەرکووک، شاخەوان عەبدوڵڵا، ئاماژەی بەوەدا: “تێبینیمان لەسەر لیژنەی لێکۆڵینەوە هەبوو کە ئەرکەکانی خۆیان دڵسۆزانە و بەپێی یاسا ئەنجام نادەن، داوای گۆڕانکاریمان کرد لە لیژنەکە، دواتر لیژنەیەکی پەرلەمانی عێراقمان ناردە کەرکووک، لە هەفتەی رابردووشدا لیژنەی ئاسایش و بەرگری داوای دوا راپۆرتی لە حکومەتی عێراق کرد لەبارەی رووداوەکە، بۆ ئەوەی لەسەر ئەو بنەمایە بڕیاری تاوانبارکردنی ئەو هێزانە بدرێت کە دەستیان لە شەهید کردنی رۆڵەکانمان هەیە، بە توندی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان قسەی کرد، تەنانەت گەیشتە ئاستێک کە سەرۆکوەزیرانی عێراق هەمان رۆژ پەیوەندی بە سەرۆک بارزانییەوە کرد و دڵنیایی دا کە ئەو تاوانە بەبێ سزا تێناپەڕێت”.

رۆژى 2ـى ئەیلوولی 2023، لە گەڕەکی رەحیماوەى شاری کەرکووک، هاووڵاتییان لە دژى داخستنی رێگەى کەرکووک – هەولێر، بە ئاڵای کوردستانەوە دەستیان بە خۆپیشاندانی هێمنانە کرد، بەڵام بەهۆی رێگری هێزە عێراقییەکان، خۆپیشاندان گرژی تێکەوت و چوار هاووڵاتیی کورد بە گولـلـە هێزە ئەمنییەکان شەهیدکران و دەیان خۆپیشاندەری کوردیش بریندار کران.

لە خۆپیشاندانەکەدا، چوار هاووڵاتیی کوردی کەرکووک بە ناوەکانی (هاوکار عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ستار، سەمەد محەممەد و حوسێن سابیر)، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان شەهید کران و نزیکەی 15 کەسی دیکەش برینداربوون.