مەشخەڵ كەوڵۆس
حەماس لە چركەساتێكی هەڵەدا، هەنگاوێكی مەترسیداری نا، ئەگەرچی لەڕووی بیروباوەرو مەبدەئییەوە ئەو هەنگاوە پاساوی خۆی هەیە، بەڵام لەڕووی بەرژەوەندی و توانا و هاوكێشەكانی هێزەوە، تاكو سەر ئێسقان هەڵە بوو، ئاسەوارەكانیشی بەڕادەیەك گەورەن ئێستا لەزۆرێك ناوەند و كەناڵ و چاودێری بەئاگاوە، ڕووداوەكە بە 11ی سێپتەمبەری ئیسرائیل ناودەبرێت و، چاوەڕوانیش دەكرێت ئاسەوارەكانی بۆ دەیان سالی تر درێژ ببنەوە.
ئەگەر بێت و زیانەكانی ئەو هێرشانە لەسەر خودی حەماس و كێشەی فەلەستین و مەسەلەی خاك بژمێرین، بێگومان زۆر و زەوەندن و ئەتوانم بڵێم لەژماردن نایەن. بەڵام بۆ ئەوەی گەرماوگەرم هەڵوێستە لەسەر لایەنێكی پەیوەست بەكێشەی كوردەوە بكەین، دەڵێم: زۆرێك لە خەڵكی دنیا تاكو ئێستای ڕوودانی ئەم هێرشان و لێكەوتەكانی دواتر، ئەوەیان نەزانیبوو كە زۆرێك لە خزمەتگوزارییەكانی فەلەستینییەكان، تەنانەت بودجەی بەڕێوەبردن شارەكان و كارەبا و ئاو لەلایەن ئیسرائیلەوە دابین دەكرێن.
خەڵكێكی زۆر ئەوەیان لا چەسپاوە كە فەلەستینییەكان لەڕێگەی مینحەی نێودەوڵەتی، وەك وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و مینجەی ئەمریكا و یەكێتیی ئەورووپا دەژین و سەرجەم سێكتەرەكانی بەڕێوەبردنی ژیانیان لەو چەند سەرچاوەوەیە كە هیچیان لەناو فەلەستین خۆیدا نین.
كەمترین سەرچاوە و زانیاری باس لەپشكی ئیسرائیل دەكەن لەو ڕووەوە، ئەگەرچی ئەو كەسانەی كە بەدواداچوونیان بۆ كێشەی فەلەستین ئیسرائیل هەیە، لەمێژە ئەوە دەزانن كە ئیسرائیل بەشدار و زۆرجار دابینكاری بڕێكی زۆر لەسێكتەرەكانی خزمەتگوزاری و بودجەیە بۆ ناوچە فەلەستینییەكان بەكەرتی غەزەیشەوە!.
ئەوەی لێرەدا دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە: ئیسرائیل بڕێكی زۆری خزمەتگوزاری و بودجەی بۆ فەلەستنییەكان دابین كردووە، تاكو ئێستای ئەم ڕووداوە شۆكهێنەرە، قەت دەستی نەبردووە بۆ بڕینی بودجە و خزمەتگوزاری لەفەلەستنییەكان.
یاریكردنی حەماس بەكلكی شێرەكە، بەتەواوی توڕەی كردو، قەبارەی زیانە گیانییەكان لەوە تێپەری كە هیچ سیاسەتمەدارێكی ئیسرائیلی بتوانێت بەتەنها باجەكەی بدات، بۆیە ئیسرائیل دەستی برد بۆ بڕینی بودجە و خزمەتگوزارییەكان لەفەلەستنییەكان.
بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەوەیە: عێراق دەساڵ پێش ئیسرائیل لەدژی كورد پەنای بردۆتە بەر بڕینی بودجە. ئەوەی عێراق لەگەڵ كورد و بۆ لاوازكردنی كورد دەیكات، تەنانەت
ئیسرائیلیش لەدژی فەلەستینییەكان نەیكردووە.
هەموو داگیركەرەكانی مێژوو، نەیانتوانیوە دەست بەرن بۆ بڕینی مووچە و بودجەی خەڵكی سڤیل و دواتریش بێن شەرعیەت بدەن بەو جینۆسایدە، وەك ئەوەی عێراق دەیكات و دەساڵی ڕەبەقە، مووچە و بودجەی خەڵكی كوردستانی بڕیوە.
ئەگەر بۆ ئێمەی كورد یاریكردنی حەماس بەكلكی شێرەكە هیچ شتێكی نوێی نەهێنابێت، ئەوەی پێ گوتین كە زۆر پێش ئەوەی ئیسرائیل دەست بەرێت بۆ بڕینی بودجەی فەلەستینییەكان، عێراق دەستی بردووە بۆ بڕینی بودجەی ئێمە. زۆر پێش ئەوەی ئیسرائیل بۆمبی فسفۆڕی قەدەغەكراو بەكاربهێنێت لەدژی فەلەستینییەكان، عێراق چەكی كیمیاوی قەدەغەكراوی لەدژی ئێمە بەكارهێناوە. بەكورتی ئیسرائیل هەموو كارێك كەلەدژی فەلەستینییەكان دەیكات، سەرجەمی لەعێراق وەردەگرێت. دروست وەك قوتابییەك دێت هەموو تاوانەكانی عێراق وەردەگرێت و كۆپییان دەكاتەوە.
ئیتر واوەیلا بۆ ئەوانەی پێیان وایە، ئیسرائیل لەچەوساندنەوەی فەلەستینییەكاندا وێنەی نیە و داهێنان دەكات.