نوێنەرانی کورد و تورکمانی جوتیارانی تۆپزاوا لە کۆنفراسێکی رۆژناوامەوانیدا بەئامادەبوونی سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان رایانگەیاند: ئەوەی لە کەرکووک دەسەڵاتدارە لەگەڵ ئێمە نییە، بەڵکو هاوکاری ئەوانەن کە دەیانەوێت زەوییەکانمان داگیر بکەن.
یەکێک لە نوێنەرانی جوتیارانی تۆپزاوا لەو کۆنفرانسەدا رایگەیاند، ئەو زەویانەی لە ساڵانی حەفتاکانەوە لە کەرکووک داگیرکراوە، زەوی کورد و تورکمانە.
گوتیشی: ئێمە وەک کورد و تورکمان ناڕازین لە رۆڵی نوێنەرانی خۆمان لە ماددەی 140 و پەرلەمانی عێراق، چونکە هەوڵەکان لاوازن و تا ئێستا بەڵگەیەکی دڵخۆشکەرمان دەستنەکەوتووە.
ئاماژەی بەوەشدا، دەستوور و یاسا لەگەڵ ئەواندایە بەڵام ناتوانن جێبەجێی بکەین، گوتیشی: بەردەوام لە دڵەڕاوکێداین و فشارمان لەسەرە.
نوێنەری جوتیارانی تۆپزاوا راشیگەیاند: زۆرینەی ئەو بڕیارانەی لە کەرکووک دەردەچن، لە بەرژەوەندی ئەوان نییە، گوتیشی: کەیسی ئێمە تەنیا کشتوکاڵ نییە، بەڵکو پرسی خاکە.
فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەری جوتیارانی تۆپزاوا کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوە سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان رایگەیاند، لە ئۆفیسی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکان، لەگەڵ نوێنەرانی کورد و تورکمانی جوتیاران لە شاری کەرکووک کۆبووینەوە.
گوتیشی: لە کۆبوونەوەکەدا دوا ئاکامەکانی کێشەی زەوی و زاری جوتیاران گفتوگۆی لەسەرکراو جوتیارانیش لەسەر کۆی گرفت و ئاستەنگەکانیان یاداشتێکی وردیان بە واژۆی جوتیاران پێشکەش کردین و ئێمەش بەڵێنمان پێدان وەک هەمیشە پشتیوانی هەوڵەکانیان بین.