شانۆی(مردن لە چواروەرزدا)

ئەم نمایشه شانۆییە باس لە ئازارەکانی ژنان دەکات لە کۆمەڵگەی داخراودا کە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاریە. ئافرەتی کورد لە دێرزەمانەوە ئەرکێکی قورسی لە سەرشان بووە، لەهەموو کاروکردارێکدا ڕۆڵی کاریگەری هەبووە. جگە لە بەخێوکردن و پێگەیاندنی منداڵ ئافرەت سومبولی ناو خێزانە. ڕەگەزێکی گرنگی ناو کۆمەڵگەیە لە سەرجەم شۆڕشەکاندا بەشداری کردووە، لە بەڕێوەبردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت زۆر بە جوانی ئەرکی جێبەجێ کردووە.

لەو شانۆگەرییەدا تیشک خراوەتە سەر چەوساندنەوەی ئافرەت لەلایەن کۆمەڵگەی پیاوسالاریەوە، کە هەموو ئازادیەکیان بۆ خۆیان فەراهەم کردووە بەڵام بەردەوام ئافرەتیان بێبەش کردووە لە مومارەسەکردنی دابونەریتی کۆمەڵایەتی و ئەو گۆڕانکاریانەی لە سەردەمە جیاوازەکان بەدی دەکرێن. ئافرەت ڕەگەزێکی ناسکە وەکو نەمام وایە ئەگەر ڕێگەی هەناسەی ئازادیی ل ێبگری وەکو درەختی پاییز گەڵاکانی هەڵدەوەرێت، هیوا و خەونەکانی لەگۆڕ دەنرێت.ئەو شانۆیەی ئەو خانمانە پێشکەشیان کرد شێوازێک بوو ل ەشانۆی شەقام، لە کەشێکی کراوەدا بە شێوەی شانۆی ئاهەنگین ل ەتوخمی تراژیدیدا. ئەکتەرەکان جلوبەرگی سپی وەک دەلالەتێک بۆ کفن یان کەسانی مردوو کە هەروەکچۆن بە ناونیشانەکەیشیدا دیارە و نووسەر ئاماژەی پێ کردوە لە هەرچوار وەرزی ساڵدا مردوونە یان لە ژیانێکی کولەمەرگیدا دەژین. دەرهێنەر بە شێوەی بازنەیی ئەکتەرەکانی دابەش کردبوو بە ئاراستەی بینەران، سەرجەم وێنە درامیەکان بە شێوەی زەخرەفە دەردەکەوتن، هەرچەندە چیرۆکێکی دیاریکراو لەناو ناوەرۆکی نمایشەکەدا نەبوو، بەڵام دیالۆگی ئەکتەرەکان پەخشاناوی بوو وەکو ئاماژەیەک بۆ ئازار و مەینەتیەکانی ژنان. لە هەرشوێنێکی دنیا ئەگەر دایکێک بگریێ و فرمێسک لە چاوی بێتە خوارەوە دنیا لەگەڵی دەهەژێت. بەرجەستەکردنی دیمەنەکان بە خێراییی ریتمی دەفژەنەکان بەڕێوە دەچوو هەربۆیە سەرجەم دیمەنەکان خێرا بوون لە جووڵەی هارمۆنی دەچوو.
ئەم نمایشە پێویستی بە بەکارهێنانی ڕەگەزەکانی تەکنیک و تەکنەلۆژیای زیاتر بوو چونکە شێوە و ناوەرۆکی نمایشەکە دنیایەک بوو ل ەخەون و خەیاڵی ژنان، سەرکەوتنی ئەم نمایشە کۆدەکەی لە توانست و ئەزموونی باشی ئەکتەرەکان بوو، نووسەر و دەرهێنەر دەبوایه بە بەکارخستنی ڕەگەزەکانی سینۆگرافیا لە هەرچوار وەرزی ساڵدا بە شێوازی جۆراوجۆر وێنەی مردنی ژنانمان بۆ وێنا بکەن، چونکە ناونیشانی شانۆگەرییەکە دروشمێکە پێویسته لە شێوە و ناوەرۆکی نمایشدا ڕەنگ بداتەوە.
ئەم جۆرە نمایشانە ئەگەر لەسەر بنەمایەکی فکری و زانستی و هونەری و ئیستاتیکی ڕاڤەکردنی بۆ بکرێت پێویستی بە دراماتۆرگ هەیە بۆ شیکردنەوەی ڕستەکانی ناو تێکست و وێناکردنیان بە ئەگەری سیحراوی.دروشمەکان هەڵگری پەیامی مەزن بوون لە ڕوانگەی سیمای شانۆیی و سیمۆلۆژیای ڕووداوە درامیەکان بەڵام لێکترازانی بنیادی درامی لەناو هێڵی بە ئاراستەکردن بەرەو لوتکە لە پانتاییەکی بۆشدا، دەلالەتەکانی ون کردبوو. وەرگرتن و دانەوەیەکی جوان هەبوو لەنێوان ئەکتەرەکان لە ڕوانگەی میزانسێنی کەشی شانۆ، بەمەش سەرجەم ئەکتەرەکان بە ئەدایەکی مۆزیکاڵی بەشدارییان لە لاواندنەوەی کۆرساوی دەکرد بە هاوکاری دەفژەنەکان، لەناو ئاپوڕای هەڵچوونێکی خەماوی.
لە ڕوانگەی فیزیکیەوە هێز و جەستەی ئەکتەرەکان متمانەی بە بینەر بەخشیبوو کە گۆڕوتین لەناو شادەمارەکانیاندا گەرمه، ماوەی نمایشەکە بیست خولەک بوو بەڵام لەو ماوە کەمەدا نمایشکاران بەرهەمێکی پوختیان پێشکەش کرد کە تایبەت بوو بە ڕۆژی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان.

نووسین/ بەیان ئەحمەد
ئامادەکردن و دەرهێنان/خەرمان هیرانی
نواندن/بەیان زەریفی، تەلار هیرانی، فەریدە ئەحمەد، خەرمان هیرانی، بەیان ئەحمەد
ڕێکەوت/ ٢٩-٣٠ی ١١ی ٢٠٢١
شوێن/ باخچەی ئوتێل چوارچرا، پارکی سامی ئەوڕەحمان، پارکی شار کاتژمێر/ ١١ی بەیانی

ھەواڵی زیاتر