ئەمڕۆ سێشەممە 10/10، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە ماوریتزیۆ گرێگانتی باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانكاری و پەرەسەندنەكانی عێراق و ناوچەكە و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئیتاڵیا ئاڵوگۆڕ كرا.
هەروەها باس لە كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ كرا و جەخت لە چارەسەركردنی بنەڕەتیی گشت كێشەكان بە تایبەتی بابەتی شایستە داراییەكانی هەرێم لە چوارچێوەی دەستوور و یاسای بودجەدا كرایەوە، بە شێوەیەك كە مووچەخۆرانی هەرێمیش وەك سەرجەم مووچەخۆرانی عێراق، مانگانە بەبێ هیچ كێشەیەك و بە شێوەیەكی ئاسایی مووچەكانیان وەربگرن.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆ لەبارەی پێویستیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا كرا.