گەرمیان گلی – ههولێر
دوێنێ، لەلایەن دەزگای کولتووری یاد لە هەولێر، سێیەمین ساڵیادی کۆچی دوایی نووسەر و ئازادیخوازی کورد ( مەهاباد قەرەداغی) بە ناونیشانی “مەهاباد قەرەداغی قەڵەمێک بۆ ئازادی ژیا” بەرز ڕاگیرا. ئەم یادە بە بەشداریی چەندین کەسایەتی حزبی و حکوومی و ڕێکخراوەیی و ماڵباتی کۆچکردوو بەڕێوەچوو. ئەو یادە لە چەندین پانێڵ و وتار و دۆکۆمینتاری و ستران و میوزیک و شیعر و پێرفۆرمانس و دوا بەرهەم و ڕێزلێنان و گوڵی وەفا و سوپاسنامە پێک هاتبوو.
لە مەراسیمەکەدا، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: لەو یادە گەورەیەدا بە شکۆ و شانازییەوە یادی ئەو قەڵەمە، ئەو ئەستێرەی کە نیشتمان لە باوەشی خۆی دەگرێت دەکەینەوە.مەهاباد قەرەداغی قەڵەمێک بۆ ئازادی ژیا، بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا، بیرێک و ئەندێشەیەک و ڕوانین و دیدگایێک، بۆ یەکسانی و پرسی ئافرەت و ئەدەبیات و ڕۆشنگەرایەتی، ڕۆڵ و کاریگەریی مەهاباد قەرەداغی لە تێکست و لە نووسین، هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە. گەر دیقەت بدەین لە ناونیشانی ئەم مەراسیمە ئەو چەمکانەی هەڵبژێردراون، هەر سێ چەمکی کە لەناو ناخی مەهاباد دا گرینگی زۆری هەبوو، لە تێفکرین و کار و خەباتەکانیدا، لەتەمەنێکی هەرزەکاریدا، ڕاپێچی زیندانیە دڕندەکانی بەعس کرا. سەرباری ئەوەش پرسی ئافرەت و یەکسانی، بابەتێک بووە کە مەهاباد، لە تێکست و نووسینەکانیدا، تا لە ژیانیشدا بوو هەمیشە داکۆکیکار بوو. لەو پێناوەشدا دەیانجار تووشی دەردەسەری بووە لەلایەن ئەو کەسانەی کە باوەڕیان بە ڕۆشەنگەریی نەبووە و ڕووبەڕووی دەبوونەوە؛ بەڵام مەهاباد ئازایانە بە تێکست و دەربڕینێکی تر ڕووبەڕوویان دەبووەوە، هەروەها لە چەمکی ئەدەبیات و دەربڕینەکان و نووسین و تێکستەکانیدا، مەهاباد هەموو تەمەنی خۆی لەو پێناوەدا خستە خزمەت. بۆیە هەولێر شانازی بە مەهاباد قەرەداغی دەکات، کە کچێکی گەرمیانی لە کفرییەوە، بەڵام جگە لەوەی ئەو تەمەنەی لە تاراوگە بەڕێکردووە، بەڵام بەشێکی زۆری تەمەنەکەی و لە نووسین و دەربڕینەکانیدا، لە گوزارشت و خواستەکانی، لە دیدگا و ڕۆشنگەرایەتیەکانی لە هەولێر پەخش کردووە و هەمیشە لەو شارەدا وەکو سیمبولێکی مافی ئافرەت و یەکسانی لە کوردستانەوە سەیر کراوە. دەست خۆشی لە دەزگای کولتووری یاد دەکەم و بەڕێز و شکۆوە لەبەردەم قەڵەمەکەی و لەبەردەم بیر و تێڕوانینەکان و جوانییە ئینسانییەکانی مەهاباد قەرەداغی دەوەستین و دروود بۆ ڕۆحی پاکی دەنێرین.
هەر لە مەراسیمەکەدا، گوتاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، لەلایەن ئاریان سەلاحەددین بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان خوێندرایەوە و گوتی: مەهاباد قەرەداغی وەک نیشتیمانپەروەرێک، کە زۆر نیشتیمانیانە بیری کردەوە لە نووسینەکانیدا، لە هەڵوێست و بۆچوونەکانیدا، زۆر بە ڕوونی هەستمان بەوە کرد کە ئەو ژنە گەورەیەی نیشتیمان، چەند نیشتیمان پەروەرە و کوردستانی خۆی چەند خۆش دەوێت، بۆیە لە زیندانەوە بۆ وشە، لە زیندانەوە بۆ تێکست و ڕۆمان و شیعر و ئازادی. بۆیە وەزارەتی ڕۆشنبیری و نووسەران دەبێ یارمەتی دەربن، هەم لە چاپکردن و کۆکردنەوەی بەرهەمەکانی و خستنەڕووی بەرهەمەکانی، بۆ ئەوەی نەوە دوای نەوە بەبەرچاویان بکەوێت و بەشێک بێت لە ئەدەبیات بۆ نەوەکانی داهاتوو. مەهاباد قەرەداغی وەک ئەدەب و نووسەرێک و ڕۆژنامەنووسێک، هەموو ژیانی پڕ بوو لە نووسین، وە ئەو نووسەر و ئەدیبە گەورەیە هەموو کاتی خۆی بۆ نووسین و ئەدەبیات و ڕۆمان و تێکست و وشە تەرخان کردبوو و وەسیەتەکەی خۆشی سپارد.
هەر لە مەراسیمەکەدا، ئازاد عەبدولواحید، جێگری سەرۆکی مەڵبەندی گشتیی یەکێتیی نووسەرانی کورد و سەرنووسەری گۆڤاری ڕامان گوتی: مەهاباد قەرەداغی لە تەمەنێکدا بەجێی هێشتین، کە لە ترۆپکی بەخشین و لە گەرمەی داهێنان و ئەدەبی فیکری خۆی دابوو، ئەوە ئەو کاتەبوو کە خەریک بوو لەڕووی هۆشمەندی و ئەزموونەوە پێڤەیین هەنگاوی دەنا، لەکاتێکدا بەرەو دونیای جاویدانی ڕۆیشت، کە ببووە خاوەنی بڕوا و تێڕوانینی خۆی بۆ ژیان، ئەوە ئەو کاتەبوو کە خەریک بوو ڕۆژ دوای ڕۆژ، پتر بە پەیژەی سەرکەوتنەکانی دەگەڕا، بۆیە هەموومان دەزانین کە ئەو نووسەرە هەڵکەوتووە، کەلێنێکی گەورەی لەناو میللەتەکەی و ڕووناکبیری کوردیدا بەجێهێشت، قەڵەمێکی نەترسی ئافرەتانەی لەدەست دابوو، قەرەبووکردنەوەی کارێکی هەروا ئاسان نییە. مەهەباد قەرەداغی لە دەربڕینی بیر و بۆچوونەکانیدا، زۆر ڕاشکاوانە و ڕاستگۆیانە، گوزارشتی لە بیروڕا ئەدەبی و سیاسییەکانی دەکرد. وەک کوردێکی نیشتیمان پەروەر لەبارەی پرسی ڕەوای میللەتەکەی، ماف و ئازادی و یەکسانی ئافرەتانی وڵاتەکەی دەینووسی، بێترس و سڵبوونەوە دەینووسی و داکۆکی لە بیروڕاو ڕوانین و بۆچوونەکانی دەکرد و بە گژ نەیارەکانیدا دەچووەوە.
مەهاباد قەرەداغی
مەهاباد قەرەداغی لە تەمەنی 12 ساڵییەوە دەستی بە نووسینی شیعر کردووە و ساڵی ١٩٨٠ لە ئاداری ئەو ساڵەدا یەکەمین بەرهەمی شیعری لە هەفتەنامەی هاوکاری بڵاوکراوەتەوە. ساڵی ١٩٨٥ یەکەمین کۆڕی شیعری لە هەولێر و سلێمانی پێشکەش دەکات و بۆ یەکەمین جار لە تەلەفیزیۆنی کوردی کەرکووک چاوپێکەوتنێکی ئەدەبی لەگەڵ دەکرێت. ساڵی ١٩٩١ بەشداری کارا لە ڕاپەڕین و کۆڕەودا دەکات. یەکەمین موژدەی ئازادکردنی شاری کفری لە ١٠ی ئازاردا بە بڵندگۆ دەدا بە گوێی خەڵکی شارەکە. ساڵی ٢٠٠١ لەگەڵ دوو خانمی تردا شنە هیدایەتی و مونیرە موفتیزادە، رێکخراوی پرۆژەی ژنی کورد دادەمەزرێنن و داخوازینامەی ژنی کورد بەرهەم دەهێنن و چەندین کۆنفرانسی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی بۆ دەگرن کە سەرەتا و ڕاگەیاندنەکەی لە هۆڵێکی پەرلەمانی بەریتانیا دەبێت. ساڵی ٢٠٠٤ لە باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان کۆنفرانسی ‘داخوازینامەی ژنی کورد’ ساز دەکەن و داخوازینامەکە پیشکەش بە پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکریت. ساڵی ٢٠١٨ دەبیتە ئەندامی دەستەی رێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان. مەهاباد قەرەداغی جگە لە زمانی زگماک کە کوردی یە، زمانەکانی عەرەبی، سویدی، ئینگلیزی و تورکی و تا ڕادەیەکیش فارسی دەزانی.
مەهاباد قەرەداغی لە ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی 09-10-2020 بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.