محمد لادێ – ههولێر
ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٦ـی تشرینی دووەم، لیژنەی دابەشکردنی خەڵاتەکانی نۆبڵ بڕیاری دا خەڵاتی نۆبڵی ساڵی ٢٠٢٣ بۆ ئاشتی ببەخشرێتە ژنە چالاکوانی ئێرانی نێرگز محەمەدی بەهۆی ئەوەی ڕۆڵی هەبووە لە ڕوبەڕوبوونەوەی چەوساندنەوەی ژنان و هەوڵدان بۆ ئازادی و بەدەستهێنانی یەکسانی بۆ هەمووان.
لە ڕاگەیێنراوێکدا کە لە لایەن لیژنەی نۆبڵەوە بڵاو کرایەوە ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو خەڵاتە دەبەخشرێتە ئەو ژنە چالاکوانە چونکە تەمەنی خۆی لە داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ و بەرگری لە ژنانی ستەمدیدە بەخت کردووە و لەو پێناوەدا قوربانییەکی زۆری داوە کە چەندین ساڵی تەمەنی، زیندان کراوە و تەنانەت دەرفەتی ژیانکردنی لەگەڵ بنەمەڵەکەی خۆشی لەدەست داوە. جگە لەوەش هانی هەمووانی داوە بۆ بە دەستهێنانی ئازادی و خەڵاتەکەشی لە ژێر ناوی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ـدا پێ بەخشرا.
نێرگس محەمەدی لە ٢١ی نیسانی ساڵی ١٩٧٣ لە شاری زەنجانی ئێران لەدایک بووە و ژنە چالاکوان و داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤە و بەو هۆیەوە لە دوو دەهەی ڕابردوودا چەندین جار دەستبەسەر و زیندانی کراوە. تائێستا ١٣ جار دەستگیر کراوە و ئێستاش بە هۆی چالاکییەکانی لە بواری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران زیندانی کراوە.
وڵاتی ئێران لە مێژە لە ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەدایە کە ساڵانە زۆرترین ڕێژەی دانیشتووانی خۆیان لەسێدارە دەدەن بە ئەندازەیەک تەنها لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٢ەوە زیاتر لە ٨٦٠ زیندانی لە ئێران، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.
نێرگز محەمەدیش لە ئەنجامی چالاکییەکانی دژی سزای لە سێدارەدان و بانگەشەکانی بۆ یەکسانی و ئازادی مافی مرۆڤ و ئازادی ژنان لە ساڵی ٢٠١٥دا دەستگیرکرا و لەو کاتەوە تا ئێستا تەنها یەک ساڵ لە دەرەوی زیندان بووە، ئەویش دوای پێنج ساڵ و نیو لە زیندانیکردنی، لە ساڵی ٢٠٢٠ بەهۆی تووشبوونی بە کۆرۆنا لە زیندان ئازاد کرا. بەڵام جارێکی تر لە ساڵی ٢٠٢١ لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و لەو کاتەوە تا ئێستاش ناوبراو لە زیندانی کۆماری ئیسلامی ئێراندایە و تەنانەت لە زیندانیشەوە خەریکی بڵاوکردنەوەی بابەت و بەیاننامەیە دەربارەی بارودۆخی ئێران و ناڕەزایی خەڵک و دۆخی خراپی زیندانیانی ناو گرتوخانەکانی ئێران.
خاتوو محەمەدی پێشتریش خەڵاتی بۆ چالاکییەکانی لە پێناو مافەکانی مرۆڤ وەرگرتووە، لەوانە خەڵاتی ساخارۆڤ لە ساڵی ٢٠١٨. مەدالیای ئازایەتی پەیامنێرانی بێ سنوور لە ساڵی ٢٠٢٢ و خەڵاتی ئازادی ڕۆژنامەگەریی پێنی ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠٢٣، خەڵاتی ئازادی ڕۆژنامەگەریی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی٢٠٢٣.
نێرگز محەمەدی لە دوای شیرین عیبادی، دووەم ژنە چالاکوانی ئێرانیە کە خەڵاتی نۆبڵ دەباتەوە. شیرین عیبادیش لە ساڵی ٢٠٠٣ خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئێشتی پێ بەخشرا کە ئەویش پارێزەر و چالاکڤانی مافی مرۆڤ.
یاسای ئێرانیش پێی وایە کە نێرگز محەمەدی لەسەر پێشێلکردنی یاسا لە زیندانە و پێدانی ئەو خەڵاتەش بە ئەو کە هێشتا لە زیندانە دەست تێوەردانە لە یاسای وڵاتەکەی.
خەڵاتی ئاشتی نۆبڵ یەكێكە لە پێنج خەڵاتەكەی نۆبڵ كە ئەلفرێد نۆبڵ دایناوە و ساڵانە لە پایتەختی نەرویج لە ڕۆژی دەیەمی كۆتا مانگی ساڵ لەلایەن لیژنەی خەڵاتی نۆبڵەوە دابەش دەكرێت، بۆ یەكەمین جاریش ئەم خەڵاتە لە ساڵی ١٩٠١ دابەش كرا، تاوەکو ئێستاش ١٠٣ کەس و ٢٧ دامەزراوە ئەو خەڵاتەیان وەرگرتووە و دوو جار خەڵاتەکە بە هاوبەشی دراوە بە سێ کەس ١٨ ژنیش لەنێو براوەکانی خەڵاتەکەدان.