پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

لەم ساڵدا حەفتا و یەک پڕۆژەی ڕێگەوبان لە سنووری پارێزگای دھۆک جێبەجێ کراون

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری بە ڕێگەوبانەکان داوە، بەتایبەتی ڕێگەی گوند و ئاواییەکان، لە چوار ساڵی ڕابردوودا بەگوژمەی سەدان ملیار دینار ڕێگەی زیاتر لە دوو سەد و پەنجا گوند قیر کراون، ئێستەش ڕێگەی دەیان گوندی دیکە قیر دەکرێن، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت حکوومەتی ھەرێم دەستی ئاوەدانی بۆ ھەموو ناوچەکان درێژ کردووە.

لە ئیدارەی سۆران، بەگوژمەی دەیان ملیار دینار بە دەیان پڕۆژەی ڕێگەوبان لە گوندەکان جێبەجێ کراون، ئێستە چەند پڕۆژەیەکی ڕێگەوبان لە گوند و ئاواییەکان چاککراون، یان لە قۆناغی کۆتاییدان، ئەوەش بۆتە ھۆکار کە کۆچی پێچەوانە دەست پێ بکات و زۆرێک لە ھاووڵاتییان ڕوو لە گوندەکان بکەن و ئاوەدانی بکەنەوە.
لە سنووری پارێزگای دھۆک، چوار سەد و نەوەد و چوار کیلۆمەتر ڕێگەی سەرەکی ھەن، تاوەکو ئێستە سێ سەد و ھەشت کیلۆمەتر ڕێگە سەرەکییەکانی پارێزگاکە کراونەتە دووساید، تەنیا ئەم ساڵ حەفتا و یەک پڕۆژەی ڕێگەوبان لە سنووری پارێزگای دھۆک جێبەجێ کراون و سەد و پەنجا و یەک گوندی سنوورەکە لێی سوودمەند بوونە، گوژمەی پڕۆژەکانیش نزیکەی سی ملیار دینارە. ئەندازیار ڕێدیر سلێمان، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی دھۆک، دەڵێت: زۆرینەی پڕۆژەکانی کەرتی ڕێگەوبان کە ئەمساڵ جێبەجێکراون لەسەر بودجەی پارێزگای دھۆک، ڕێگەوبانی گوندەکان بووە.
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێم، ڕایگەیاندووە: سەرەڕای قەیرانی دارایی لە کارەکانمان نەوەستاوین و لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، ڕێگەی زیاتر لە دوو سەد و پەنجا گوندمان قیر کردووە.