بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، بڕیارە ئالپئارسلان بایرەکتار، وەزیری وزەی تورکیا بەمەبەستی بەردەوامیدان بە گفتوگۆکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان سەردانی عێراق بکاتەوە.
راپۆرتەکەی رۆیتەرز، کە لەسەر زاری بەرپرسێکی وەزارەتی نەوتی عێراقەوە وەرگیراوە، ئاماژەی بە کاتی سەردانەکە نەکردووە، بەڵام باسی لەوە کردووە کە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بابەتی سەرەکی گفتوگۆکانی دەبێت.
ئەم سەردانەی وەزیری وزەی تورکیا لە کاتێکدایە کە گفتوگۆکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن لە نێوان بەرپرسانی عێراق و تورکیا، هەروەها رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیاش چاوەڕوان دەکرێت کە سەردانی عێراق بکات.
راپۆرتەکەی رۆیتەرز ئاماژە بەوەش دەکات کە چەند کێشەیەکی دارایی و تەکنیکی هێشتا لەمپەرن لەبەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت کە لە کۆتاییەکانی ئازاری ئەم ساڵەوە لەسەر داوای بەغداد راگیراوە و هێشتا دەستیپێنەکردۆتەوە.
بایرەکتار لە 24ی ئابی ئەم ساڵ بە هاوبەشی لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی بەغدا و هەرێمی کوردستانی کرد.
پێش وەستانی هەناردەکردنی نەوت، نزیکەی 450 هەزار بەرمیل رۆژانەی هەرێمی کوردستان و 250 بەرمیلی تر لە کەرکووکەوە لە رێگەی بۆرییەوە هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیا دەکرا.
دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس لە (25ـی ئاداری 2023)، لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان راگیرا.
بە گوتەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زیانی راگرتنی هەناردەی نەوت بە نزیکەی شەش ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی یەکشەمە رایگەیاند، هەوڵی زۆر هەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و وڵاتانی وەک ئەمەریکا و فەرەنسا و بەریتانیاش بەشدارن لەو هەوڵانە بە ئاراستەی دەستپێکردنەوەی نەوت.