ئەفسەرێکی پێشووی هەواڵگری ئەمەریکا رایگەیاند، یەکێک لە هەڵە دیارەکانی هەواڵگری ئیسرائیل کە لە هێرشەکەی چاوەڕواننەکراوەکەی حەماسدا ئەوە بوو، ئیسرائیل زۆر سەرسام بووە بە زیرەکی دەستکردەکانی خۆی.
ئەفسەری پێشووی هەواڵگری ئەمەریکا سکۆت ریتەر بە “کۆنسۆرتیۆم نیوز”ـی راگەیاند: ئەو هەڵە گەورەیەی ئیسرائیل کردوویەتی ئەوە بوو، کە بە ئاشکرا شانازی بە رۆڵی زیرەکی دەستکردەوە دەکرد، کە لە ساڵی 2021دا لە ئۆپەراسیۆنی “پاسەوانی دیوار” بۆ سەر کەرتی غەززە بەکاری هێنابوو.
بە گوتەی ناوبراو، یەکەی هەواڵگری ئەلیکترۆنی ئیسرائیل، بە ملیارەها دۆلاری خەرج کردووە بۆ کۆکردنەوەی کۆمەڵێک زانیاری هەواڵگریی بەرفراوان لە کەرتی غەززە، ئەوانیش پەیوەندی مۆبایل و ئیمەیڵ و کورتە نامە بووە.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە، ” بەهۆی مانگی دەستکرد و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و کامێرای چاودێری، مەزەندە دەکرێت کە هەر مەتر چوارگۆشەیەکی غەززە هەر 10 خولەک جارێک وێنەی بگیرێت”.
ئەو ئەفسەرەی پێشووی ھەواڵگریی ئەمەریکا دەشڵێت: قەبارەی داتا ھەواڵگریەکان چیتر ناتوانرێت بە شێوازی شیکاری ستاندارد، لەسەر بنەمای عەقڵی مرۆڤ پرۆسێس بکرێت، لەبەر ئەم هۆکارەش ئیسرائیل پشتی بە زیرەکی دەستکرد بەستووە، کە لە ئۆپەراسیۆنی پاسەوانی دیوارەکاندا بە سەرکەوتوویی لە دژی بزووتنەوەی حەماس بەکاری ھێناوە.
ریتەر باسی لەوەشکرد، ئەو جۆرە چاودێریکردنەی ئیسرائیل، دەکرا حەماس بێنێتە ناو پرۆسەی هەواڵگری ئەلیکترۆنییەوە، لەکاتی بەکارهێنانی مۆبایل و کۆمپیوتەردا.
ریتەر ئاماژەی بەوە شکرد، پێدەچێت حەماس هەمان ئاستی پەیوەندییەکانی بپارێزێت بۆ ئەوەی گومانی دوژمن نەوروژێنێت، لە هەمان کاتدا پلانێکی وردی زانیاری هەڵە دەپارێزێت. بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە حەماس جوڵە و چالاکی جەستەیی خۆی پاراستبێت بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی زیرەکی دەستکردی ئیسرائیل دڵنیابن لەوەی هیچ شتێک روونادات.
رۆژی شەممە، بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستین ئۆپەراسیۆنی “لافاوی ئەقسا”ـی دەستپێکرد و پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و تاوەکو ئێستاش شەڕ و پێکدادان لەنێوان هەردوولا بەردەوامە.