ئەمڕۆ دووشەممە، 9ی تشرینی یەكەمی 2023، لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە كریستیانە هۆمان، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد كە لە ژمارەیەك دیپلۆماتكار و ڕاوێژكاری سەربازیی ئەڵمانیا پێكهاتبوو.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی باڵیۆزی تازەی ئەڵمانیای كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست. هەروەها هێمای بە پەیوەندیی و دۆستایەتیی نێوان گەلی ئەڵمانیا و گەلی كوردستان دا و، سوپاسی گەل و حكومەت و سوپای ئەڵمانیای كرد كە لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا یارمەتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان داوە.
سەرۆک بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە تیرۆر هەڕەشەیەكی هاوبەشە بۆسەر هەموو مرۆڤایەتی و ئازادیخوازان و ئەو هەڕەشەیە هێشتا هەر بەردەوامە و بە پێویستیشی زانی هەوڵە جیهانییەكان بۆ ڕیشەكێشكردنی تیرۆر بەردەوام بێت.
لەبەشێكی دیکەی ئەو دیدارەدا باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق وێڕای ئاماژەدان بە مەترسیەكانی بەهێزبوونەوەی تیرۆر، جەختی لە بایەخپێدانی وڵاتەكەی بۆ كاری هاوبەش و هەماهەنگی لە گەشەسەندنی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و ئابووریی بەهێز لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان كردەوە.
بارودۆخی سیاسیی عێراق و پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی كوردستان و بایەخدان بە كشتوكاڵ و ئابووریی فرەچەشن تەوەری دیکەی ئەو كۆبوونەوەیە بوون.