پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

توركیا لەو ٤٥ ساڵەدا بە ملیار دۆلاری خەرج كردووە تا رۆژانە ملیۆنێك بەرمیل نەوتی عێراق بە توركیادا بگاتە بازاڕی جیهان

كارزان گلی – هه‌ولێر

وەكو ئەوەی چەند رۆژێك بەر لە ئێستا، وەزیری سامانە سروشتییەكانی توركیا ئاماژەی بۆ كرد، نەوتی هەرێمی كوردستان، گرنگییەكی یەكجار زۆری هەیە بۆ وزەی جیهانی، بۆیە ئەوان هەموو ئامادەكارییەكیان كردووە بۆ ئەوەی نەوتەكە هەناردەی جیهان بكرێت. ئەگەر بێت و بەزووترین كات نەوتەكە هەناردە نەكرێتەوە، كاریگەریی لەسەر بەرهەمهێنان دەبێت. باسی لەوەش كردوە، لە ماوەی 45 ساڵی رابردوودا، بە ملیار دۆلاریان خەرج كردووە تا بەئاسانترین شێوە ملیۆنێك بەرمیل نەوتی عێراق بە توركیادا بگاتە بازاڕی جیهان.

هەرێمی كوردستان، كاتێك توانی سەركەوتوو بێت لەوەی كۆمپانیا جیانییەكان رابكێشێت بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە بیرە نەوتییەكاندا بكەن، ئەمە عێراقی نیگەران كرد، بۆیە هەموو هەوڵێكیدا تا بتوانێت لە شادەماری ئابووری هەرێمی كوردستان بدات و توانی لە رێگەی دادگای نێوبژیوانی پاریسەوە، هەناردەكردنی نەوت رابگرێت، بەڵام وەكوو ئەوەی حكوومەتی توركیا باسی دەكات، ئەوان گرێبەستێكیان لەگەڵ عێڕاقدا هەیە لە 1972 واژۆیان كردووە، كە دەبێت رۆژانە یەك ملیۆن و 400هەزار بەرمیل نەوت لەرێگەی توركیاوە هەناردەی بازاڕی جیهان بكرێت.
ئاڵپئارستان بایراكتار، وەزیری سامانە سروشتییەكانی توركیا، لە تازەترین دیمانەیدا بۆ كەناڵی تەلەڤزیۆنی (NTV)، ئاشكرای كرد، راستە رۆژانە ئەو رێژەیە لە نەوتی عێڕاق بەرێگای توركیادا نەفرۆشراوە، چونكە عێڕاق بەردەوام لەڕووی سیاسییەوە كێشەی هەبووە و ئارام نەبووە، بەڵام بەردەوام 700 بۆ 800 هەزار بەرمیل هەناردە كراوە.
ئەم گوتەیەی بایڕاكتار دەیسەلمێنێت، كە ناكرێت عێراق رێگری لە ناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و كەركووك بكات بۆ توركیا و لەوێشەوە بۆ بەندەری جێهان، چونكە ئەمە رێككەوتنە و ئەگەر جێبەجێ نەكرێت توركیا زیانی پێدەگات و دەتوانێت داوای یاسایی تۆمار بكات.
بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ بایراكتار لەو دیمانەیەدا گوتی، لەوەتەی ئەو گرێبەستەمان لەگەڵ عێراقدا ئیمزا كردووە كە 45 ساڵە، ملیارەها دۆلارمان خەرج كردووە بۆ مەبەستی راكێشانی بۆری و كارە تەكنیكییەكانی تر.
وەكوو ئەوەی شارەزایانی بواری نەوت لە توركیا باسی دەكەن، ئەگەر عێراق هەر رێگە نەدات لەماوەیەكی نزیكدا نەوتی هەرێمی كوردستان و كەركووك كە نزیكەی 500 هەزار بەرمیلی رۆژانە دەبێت بە توركیادا بگاتە بازاڕی جیهان، ئەوكات توركیا بۆی هەیە داوای یاسایی تۆمار بكات و داوای قەرەبوو لە عێراق بكات.
ئاژانسی (BBC) توركی، چەند مانگێك بەر لە ئێستا، لە راپۆرتێكدا باسی لە نەوتی هەرێمی كوردستان كردووە، بەوەی ئەگەر وەبەرهێنانی تێدا نەكرێت، رەنگە بەرهەمهێنانی نەوت كەم بكات، چونكە بیرە نەوتییەكان پێویستیان بە وەبەرهێنانە.
ئاژانسی ناوبراو، دەڵێت لە دەستووری عێراقدا هاتووە كە بەشێك لە بودجەی وڵات بۆ بەرهەمهێنانی بیرە نەوتییەكان تەرخان بكرێت، هەرێمی كوردستانیش بیرە نەوتییەكانی پێویستیی بە وەبەرهێنانی زیاترە، بەڵام ئەو ناكۆكییەی لەنێوان عێڕاق و هەرێمی كوردستاندا هەیە، وای كردووە كۆمپانیاكانی جیهانی وەكو پێویست وەبەرهێنان لە نەوتی هەرێمی كوردستان نەكەن، ئەمەش تا 2027 دەبێتە هۆی ئەوەی، بەرهەمهێنان لە 470هەزار بەرمیلەوە بۆ 240 هەزار بەرمیل دابەزێت.
توركیا هەوڵەكانی خۆی چڕ كردووەتەوە تا بە زووترین كات نەوتی هەرێمی كوردستان، لەرێگەی توركیاوە هەناردەی بازاڕی جیهان بكرێت، چونكە پێی وایە قورسایی توركیا لە ناوچەكە پەیوەستە بەو گرێبەستە و دەیەوێت بیسەلمێنێت كە وڵاتەكەی بووەتە ترانزێتێكی گرنگی نەوتی بەشێك لە وڵاتە عەرەبییەكان بۆ بازاڕی جیهان، ئەگەر ئەوەی لەدەست بچێت، ئێران دەبێتە جێگیرەوەی توركیا و پلانی عێراقیش بەو ئاراستەیەیە كە نەوتی هەرێمی كوردستان رەوانەی ئێران بكرێت و لەوێوە بۆ بازاڕەكانی جیهانی بنێرن.