پاڤین ڕەمەزان – هەولێر
لە یادی شەش ساڵەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پانێڵێکی بە ناونیشانی “ڕیفراندۆم دەستکاریکردنی پۆزەتیڤانەی مێژوو” بۆ هەریەکە لە نووسەر و کۆمەڵناس د.ئیسماعیل بێشکچی و نووسەر و ڕووناکبیر ئازاد جندیانی و د.سالار عوسمان و لە پێشکەشکردنی هاودەنگ فارووق، ڕێکخست. لەبەر گرنگی پانێڵەکە لە چەند بەشێکدا سەرنج و ڕای بەشداربووانی پانێڵەکە دەخەینە ڕوو.
- بەشی دووەم
ئازاد جندیانی:
لە ڕیفراندمدا مێژوویەکی نوێمان دروست کرد - ئەو وەرچەرخانە چی بوو ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هێنایە کایەوە؟
- ئازاد جندیانی: بۆچوونێک هەمیشە هەیە، ئەوانەی کە سەلیقەیان لەگەڵ خوێندنەوە و بیر کردنەوە و فەلسەفە هەیە، بەهەموو پۆلینەکانی ڕووبەڕووی شتێک دەبنەوە کە پێی دەوترێت بەردەوامیی مێژوو یا ئاراستەی مێژوو. بۆچوونێک هەیە پێی وایە کە هەندێک شت هەیە حەتمیەتی تاریخە، ڕۆیشتن لێرەوە بۆ ئەوێ حەتمیەتی تاریخە و پێویستە وا بڕۆیت. ئەمەش شتێکی سەرلێشێوێنەرە و کەسێکی وەکو فۆکۆیامای توشی سەرلێشێوان کرد کاتێک وتی لیبرالیزم کۆتایی مێژووە و دوا پیاوی مێژووە. دوای ئەوەش پەشیمان بووەوە، بەڵام تا ئەم ساتە وەختەش نەیتوانی ئەمە بەتەواوەتی جێبەجێ بکات.
وە هەندێکیش دەڵێن؛ نەخێر مێژوو مەسەلەیەکی حەتمیە و دەبێت بگەینە فڵان شوێن. هەر یەکە و بەجۆرێک تەفسیر بۆ مێژوو دەکات وە مارکسیش تەفسیری خۆی هەیە بۆ حەتمیەتی مێژوو، وە هەتا لە ڕوانگەی دینیشەوە و بە تایبەت دینە ئاسمانییەکانیش تەفسیری خۆیان بۆ حەتمیەتی مێژوو دەکەن و ئەوان لە ڕوانگەی قەدەرەوە لێی دەڕوانن. لە ڕاستیدا، سەرنجڕاکێشە ئەم قسانە لە هەمان کاتیشدا سەرلێشێوێنەریشە. ئێمە چۆن تەماشی بکەین و لێکی بدەینەوە؟ ئێمە ڕیفراندۆممان کرد بۆئەوەی مێژوویەکی جیاواز دروست بکەین. سەرۆک بارزانی، ڕێبەرایەتیی ئەو ڕەوتەی کرد، وە ڕێبەرایەتیی ئەو ئاراستەیەی کرد لەناو بزووتنەوەی کوردایەتیدا کە لە سەد ساڵی رابردوودا ئەگەر ماوە ماوە قسەیەکیش لەسەر سەربەخۆیی کرابێت شتێکی تیۆری بووە و زۆرتر بۆ مشتومڕی ناو ڕووناکبیران و بۆ مشتومڕی گرووپێک لە سیاسییەکانی کوردستان بووە نەک شتێکی تر. بۆیە ئەگەر بمانەوێ باسی دەستکاریردنی مێژوو بکەین لە ڕاستیدا ئەمە پۆزەتیڤانە و نێگەتیڤانە نییە، ئێمە خۆمان مێژوو دروست دەکەین. ئێمە کە خۆمان مێژوو دروست دەکەین بە دڵنیاییەوە بۆ ئێمە پۆزەتیڤانەیە و وا دەیبینین. لە ڕاستیدا ئەمە جۆرێک لە ململانێ دروست دەکا، ئەوی ئێمە کردمان لە ڕیفراندۆم. - ڕیفراندۆم گۆڕینی مێژوو بوو؟
- ئازاد جندیانی: بە دڵنیاییەوە مێژوویەکی دیکە دروست دەکات، لە ڕاستیدا دەوڵەتە داگیر کەرەکان، یان نەتەوە داگیر کەرەکان، چونکە هیچ دەوڵەتێکی داگیر کەر نییە ئەگەر نەتەوەیەکی داگیر کەر نەبێت. عێراق دەوڵەتی نەتەوەی عەرەبە، هیچی هی کورد نییە و هیچی هی دیموکراتی و دەوڵەتی هاوولاتی نییە و ئەو قسانە تەنیا قسەی ڕووتن، کوردیش لەمێژە وتویەتی قسەی ڕووت ناچێتە گیرفانەوە. بۆیە ئەمانە دەیانەوێ پێمان بڵێن شتێک هەیە کە حەتمیەتی مێژووە و تۆ دەبێت لە بن دەستی عەرەبدا بیت، کۆمەڵێک بەڵگەشت بۆ دێنێتەوە، هەر لە هاتنە خوارەوەی قورئانی پیرۆز بە زمانی عەرەبی هەر لە دوایەمین نێردراوی خوا، کە هەموومان خۆشەویستیمان بۆی هەیە و هەموومان بە شێوازی جۆراوجۆر لە ماڵەکانمان ئامادەیی هەیە کە پەیامبەری ئیسلامە و ئەمە تەوسیف دەکەن و لە کاتێکدا ئەو پەیامبەرە خۆی جیاوازی نەتەوەیی ڕەتدەکاتەوە، بەڵام عەرەب و ناسیۆنالیزمی عەرەب پەیامەکانی بە جۆرێکی دیکە تەوسیف دەکات و بەکاری دێنێت. بۆیە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، ئەمە کارێک بوو دژبەر بە ئاراستەی پێچەوانە و ناکۆک بەرامبەر ئەو تاریخەی کە عەرەب بە حەتمیەتی تاریخی دەزانێت ئێمە ژێر دەستی ئەو بین و بەوشێوەیە بین بەلایەنی کەم لە سەد ساڵی ڕابردوودا لە عێراق و لە تورکیا و لە ئێران و سووریاش لە سایەیدا ئەو عەزابە دەبینین، ئەوان پێیان وایە ئەمە قەدەری ئێمەیە، بەداخەوە کۆمەڵێک هۆکارت بۆ باس دەکەن کە لە ڕاستیدا وانییە و تەنیا شکڵییە.
بۆیە بەڕاستی ئێمە دەستکاری مێژوومان کرد، بەڵام ئێمە لە جیاتی ئەوەی بڵێین دەستکاری باشترە بڵێین ئێمە لە ڕیفراندۆمدا تاریخێکی پێچەوانەمان دروست کرد. چونکە تاریخ دروستکراوی نەتەوە و ئایین و کۆمەڵگەکانی دنیایە، بۆیە ئێمەش نەتەوەین و دەتوانین مێژوو دروست بکەین و مێژووەکەشمان دروست کرد بە ئیرادەی خۆمان. مێژوویەکمان دروست کرد، کە پێمان وایە ڕەت کردنەوەی ئەو مێژووەیە کە داگیرکەرانی کوردستان پێیان وایە ئەوە قەدەری ئێمەیە و دەڵێن ئەوە قەدەری خوایە کە ژێر دەست بین و ئەو هەموو زەڵمەمان لێدەکرێت و دەبێت پێی ڕازی بین.
ئێمە لە ڕیفراندۆمدا وتمان نەخێر ئەوە قەدەری ئێمە نییە و هەموو نەتەوەیەک قەدەرێکی جوانتری هەیە ئەگەر خۆی بیەوێت دروستی بکات. ئێمە لە ڕیفراندۆمدا بە ڕێبەرایەتی سەرۆک بارزانی ئێمە مێژوویەکی نوێمان بنیاتنا و دەستمان کرد بە دروست کردنی، تەماشا بکەن ئیستا لە هەموو دنیا بە پێچەوانەی قۆناغی پێش ریفراندۆم هەر توێژەرێک هەر سیاسییەکی پەیوەست بیەوێت لەم ناوچەیە کار بکات، بە پێچەوانەی قۆناغی پێش ڕیفراندۆم وای دەبینێت کە کورد دەبێت بە مافەکانی خۆی بگات، پێشتر نەدەزانرا مافەکانی کورد چییە؟ کوردیش لە قۆناغە جیاجیاکاندا سەرلێشێواوییەکی توش بووە لە داواکردنی مافەکانی خۆی، ڕۆژێک دەمانوت مافی ڕووناکبیری و کلتووری و ڕۆژێک دەمانوت مافی ئیدارەی خۆ جێی کە یاسای پارێزگاکانی پێ دەرچوو، دواتر وتومانە لامەرکەزی دواتر وتومانە ئۆتۆنۆمی دواتر ئۆتۆنۆمی ڕاستەقینە دواتر وتومانە فیدراڵی و لە دوای ڕیفراندۆمیش وتمان نەخێر ئێمە مێژوویەکی نوێ دروست دەکەین و ئێمە مەحکووم نین بە قەدەرێک بە حەتمیەتێک کە ئێمە تا کۆتایی ژێر دەستەبین، ئەویش ژێر دەستی ٣ نەتەوە کە ئەو نەتەوانە بە هیچ جۆرێک ئامادە نین دەستبەرداری ئەو کیان و قەوارە سیاسیەی خۆیان بن کە دەوڵەت نەتەوەی عەرەبە و دەوڵەت نەتەوەی تورک و دەوڵەت نەتەوەی فارسە. کە بەداخەوە سیستەمی دەلیش ئامادە نییە ئەمە بگۆڕێت و ئەم دەوڵەتانە بکەنە شێوازە دەوڵەتێکی دیکە بە هەر هۆکارێک بێت.
ئێمە دەتوانین بڵێین دەستکاری مێژووشمان کرد، ئەو قسەیەش ڕاستە، بەڵام دەستکاری بەو مانایە نا، ئێمە بورغویەکمان گۆڕیووە و ئەوانەی دیکەمان هێشتووەتەوە، ئێمە جەوهەری ئیشەکەمان دەستکاری کردووە، جەوهەری ئیشەکە ئەوەیە کە دەمانەوێت سەربەخۆ بین. ئێمە نە جەماعەتی فیدراڵین نە جەماعەتی ئۆتۆنۆمین نە جەماعەتی ئەوەی کە ملکەچی بین لە دەوڵەتێک لەو ٤ دەوڵەتە کە بە حساب دەوڵەتی هاووڵاتی و دیموکراتی و خۆشگوەزارنیش بێت ئێمە نامانەوێ و جەوهەری ئیشەکەمان دەستکاری کردووە. ئەگەر بچمەوە سەر سەقافەتی کۆنی خۆم مارکسیزم، جەوهەر دەستکاری بکەین و ژێرخان دەستکاری بکەین خۆی لە خۆیدا سەرخان شکڵ و شێوەی دەگۆڕێت.