دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

سروشت و مێژوو لە تابلۆ کاریکاتێرییەکانی جەبار سابیردا

شیڤان شێرزاد – هەولێر

هونەرمەندی کاریکاتێرست “جەبار سابیر” لە گەشتێکی هونەری دا ٣٠ تابلۆی کاریکاتێری لەگەڵ خۆی دا کردە میوانی گەلەری میدیا.

لە پێشانگاکەدا، کە بە چاودێری “فەرهەنگ غەفوور” بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و “سەلیم قادر”ی جێگری بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەچوو، چەردەیەک لە بەرهەمه ناوازەکانی ئەو هونەرمەندە نمایش کرا، کە پڕ بوون لە سەربوردەی کەسایەتیە گەورەکانی کورد لە مێژوودا، هەروەها تانە لێدان بوون لە گرفتە هەنووکەییەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردی دا، لە نێویشیاندا زمانی زبر و زمانی گوڵ ڕەنگی دابۆوە و بەشێکیش لەو کاریکاتۆرانە لە وڵاتانی دەرەوە و ناوەوە ببوون بە ڕووپەڕی گۆڤار و ڕۆژنامەکان، کە هونەرمەند هەوڵیداوە بە زمانە سادە و شەفافەکەی کاریکاتێر کێشە و کەم و کوڕییەکان بخاتە ڕوو.
جەبار سابیر قادر لە ئاخاوتنێکی “هەولێر”ـدا ئاماژەی بۆ ئەزموونی کارەکانی خۆی کرد لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا، کە بوونەتە جێی سەرنجی وڵاتانی ئەوروپا و جیهان و وڵاتانی عەرەبی بە گشتی و دەیان بڕوانامەی پێبەخشراوە و کراوەتە ئەندامی کارای سەندیکای هونەرمەندانی جیهان لە بواری کاریکاتێردا و لەم گەشتە هونەرییەشیدا گوڵبژێرێک لە هونەرەکەی پێشکەش بە ئارەزوومەندانی بواری کاریکاتێر کردووە و دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم پێشانگایەوە گەنجان هانبدات ڕوو لەو هونەرە بکەن و ئاستەنگەکانی ژیان بە زمانی گوڵ بخەنە سەر پەڕەی سپی.