دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

بانكی ناوه‌ندی عێراق: راكێشانی نه‌ختینه‌ی دۆلار به‌ دینار پاره‌ی هاووڵاتیان له‌ بانكه‌كان ناگرێته‌وه

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی وه‌به‌رهێنان و حه‌واڵه‌كردنی ده‌ره‌كی له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات راكێشانی نه‌ختینه‌ی دۆلار به‌ دینار، پاره‌ی هاووڵاتییان له‌ بانكه‌كان ناگرێته‌وه،‌ به‌ڵكوو ته‌نیا بۆ حه‌واڵه‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌ و له‌ سه‌ره‌تای ساڵی داهاتووه‌وه‌ ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردن.

ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه‌ 5ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023) مازن سه‌باح ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی وه‌به‌رهێنان و حه‌واڵه‌ی ده‌ره‌كی له‌ بانكی ناوه‌ندی روونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌باره‌ی لێدوانێكی رۆژنامه‌وانی دا و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، لە چاوپێکەوتنێكی رۆژنامه‌وانیدا هیچ ئاماژەیەکی بەو پێشبینیانە نەکردووه‌، کە نرخی ئاڵوگۆڕی دیناری عێراق به‌رامبه‌ر به‌ دۆلاری ئه‌مه‌ریكی بگاتە 1700 هه‌زار. گوتووشیه‌تی، بانکی ناوەندی میكانیزم و کەرەستەی تایبەتی خۆی هەیە کە بۆ کەمکردنەوەی جیاوازی نێوان ئەو دوو نرخە و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش به‌رده‌وام كار ده‌كات.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی وه‌به‌رهێنان و حه‌واڵه‌ی ده‌ره‌كی هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌ كردووه‌، بانكی ناوه‌ندی گه‌ره‌نتی ده‌داته ئه‌و‌ هاووڵاتییانه‌ی كه‌ پاره‌كانیان به‌ دۆلار له‌ بانكه‌ عێراقییه‌كان داناوه‌، كه‌ تاوه‌كو سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوو (2024) ده‌توانن پاره‌كه‌یان به‌ شێوه‌ی نه‌ختینه‌یی به‌ دۆلار وه‌ربگرنه‌وه‌.

ناوبراو له‌ به‌شێكی دیكه‌ی روونكردنه‌وه‌كه‌یدا جه‌ختیكردووه‌ته‌وه‌، بانكی ناوه‌ندی عێراق ئامانجییه‌تی به‌پێی پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كار بكات، بۆ ئه‌وه‌ی دۆلار به‌و لایه‌نانه‌ نه‌گات كه‌ قه‌ده‌غه‌یه‌ دۆلاریان پێ بگات.

مازن سه‌باح له‌ كۆتاییدا رایگه‌یاندووه‌، راكێشانی نه‌ختینه‌ی دۆلار به‌ دینار پاره‌ی هاووڵاتیان له‌ بانكه‌كان ناگرێته‌وه،‌ به‌ڵكوو ته‌نیا بۆ حه‌واڵه‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌ و له‌ سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوودا، واته‌ له‌ 1/1/2024ـوه‌ ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردن.