دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

تەندروستی نەینەوا دوایین ئاماری رووداوەکەی حەمدانییەی بڵاوکردەوە

راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی نەینەوا دوایین ئاماری رووداوەکەی حەمدانییەی بڵاوکردەوە کە بەپێی ئامارەکە، لەو رووداوەدا 122 کەس گیانیان لەدەستداوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ـی ئۆکتۆبەر، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی نەینەوا دوایین ئاماری قوربانییانی رووداوەکەی حەمدانییەی بڵاوکردەوە، بە گوێرەی ئامارەکە، تا ئێستا 20 لە بریندارانی رووداوەکە بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی دەرەوەی وڵات کراون و سی برینداری دیکەش ئامادەکارییان بۆ کراوە، بۆئەوەی رەوانەی دەرەوەی وڵات بکرێن.

وەک لە ئامارەکەدا ئاماژەی پێدراوە، چوار برینداری رووداوەکە لە نەخۆشخانەی گشتیی حەمدانییەن لە نەینەوا، یەک بریندار لەلایەن رێکخراوی پزیشکانی بێ‌سنوورەوە چارەسەر وەردەگرێت، چوار بریندار لە شاری هەولێرن و سێ برینداریش لە دهۆکن.

سەبارەت بە ژمارەی گیانلەدەستدان، لەو ئامارەدا هاتووە، کۆی گشتیی گیانلەدەستدان تا ئێستا گەیشتووەتە 122 کەس.

ئاماژەیان بەوەشدا، تەواوی تەرمەکان لە شوێنی رووداوەکە دەرهێنراون و بەشێکیان نەناسراونەتەوە، هەربۆیە ئەوانە رەوانەی پزیشکی دادی بەغدا کراون بەمەبەستی تەواوکردنی رێکارەکان.

تەندروستی نەینەوا روونیشیکردەوە، بەردەوامن لە وەرگرتنی نموونەی دی ئێن ئەی لە کەسوکاری قوربانییەکان و ناردنیان بۆ بەغدا، بەمەبەستی ناسینەوەی تەرمە نەناسراوەکان.

درەنگانی شەوی 26ـی ئەیلوولی 2023، لە هۆڵێکی قەزای حەمدانییە کە لەوکاتەدا ئاهەنگگێکی هاوسەرگیری تێدا بەڕێوەدەچوو، ئاگر کەوتەوە و بەهۆیەوە 122 کەس گیانیان لەدەستدا و سەدانی دیکەش بریندار بوون.

رووداوەکە لەسەر ئاستی عێراق و جیهانیش کاردانەوەی لێکەوتەوە.

دوای رووداوەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد، بەهانای لێقەوماوانەوه‌ بچن، دواتریش نزیکەی 70 برینداری ئەو رووداوە بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان گواسترانەوە.