دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

لە كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتیدا باسی سەربەخۆییی هەرێمی كوردستان كرا

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

لە شاری شچێچین لە وڵاتی پۆڵەندا پێنجەمین كۆنفرانسی هاوبەشی نێودەوڵەتی لە بوارەكانی ژمێریاری و ئابووری و كارگێڕی و ڕامیاری دەستی بە كارەكانی كرد؛ ئەم كۆنفرانسە دوو ڕۆژ بەردەوام بوو.

سەرەتا پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د. ئیدریس هادی سەرۆكی دەستەی كارگێڕیی زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك و پڕۆفیسۆر د. ڤالدیمر تارچینسكی سەرۆكی زانكۆی شچێچین و پڕۆفیسۆر د. عەبدولكەریم یاسین كەریم نوێنەری سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین-هەولێر، بەخێرهاتنی میوانە بەڕێزەكانیان كرد و تیشكیان خستەسەر گرنگیی كۆنفرانسەكە و بوارەكانی ژمێریاری و ئابووری و كارگێڕی و ڕامیاری بۆ هەردوو وڵاتی هاوبەش.
لەلایەن خۆیەوە بەڕێز زیاد رەئووف نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پۆڵەندا كۆنفرانسەكەی بەرز نرخاند، ئاماژەی بەوە دا، كە دەستپێكی ئەم كۆنفرانسە هاوكاتە لەگەڵ ڕۆژێكی مێژوویی بۆ گەلی كورد، ئەویش رۆژی ٩/٢٥، ساڵیادی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی كوردستانە. بەڕێزیان تیشكی خستەسەر ئەوەی، كە ئەم ڕۆژە ڕۆژێكی مێژوویی لەبیرنەكراوە بۆ گەلی كورد، سەركەوتنێكی دیارە لە پرۆسەی دیموكراسی لە مێژووی نەتەوەكەماندا، كە بە ڕێگەی ئاشتی و دیموكراتیک داوای مافی چارەنووسی خۆیان كرد.
لە درێژەی وتەكانی نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پۆڵەندا ئاماژەی بەوە دا، كە بەداخەوە دوای سەركەوتنی ئەم ڕیفراندۆمە، حكومەتی ناوەند و وڵاتانی ناوچەكە نەیانتوانی دان بەم پرۆسە دیموكراتیکەدا بنێن، ئەمەش بووە هۆكاری دووبارە سەرهەڵدانەوەی كێشە لە ناوچە دابڕینراوەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان. لە دوایین بەشی وتەكەیان لەسەر گشتپرسی و لەبارەی ڕیفراندۆم بەڕێزیان وتی كە گشتپرسی و ئەنجامەكەی وەك بەڵگەیەكی مێژوویی بۆ گەلی كورد تاهەتایە دەمێنێتەوە.
هەوەرها بەڕێزیان لە درێژەی وتارەكەیدا باسی لە ڕۆڵی نوێنەرایەتیی حكومەت كرد لە وڵاتی پۆڵەندا بۆ هەوڵەكانیان لە لێكنزیكردنەوەو هاریكاری لە نێوان زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و پۆڵەندا و مێژووی بنیاتنانی پەیوەندیی نێوان زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و وڵاتی پۆلەندا؛ سەرەتای ئەم پەیوەندیانەشیان گەڕاندەوە بۆ دەیەی یەكەمی سەدەی بیستەم بە تایبەت سالێ ٢٠٠٤ لەگەل زانكۆی یاگیلۆنسكی لە شاری كراكۆڤ. هەورەها هەوڵەكانی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە پۆڵەندا بۆتە هۆی خێراكردنی هاوكارییەكان لە ساڵانی ڕابردوودا. جەختیشی لە ڕۆڵی پەروەردە و هاوكاری نێودەوڵەتی كردەوە لە داڕشتنی ئایندەی هەرێمی كوردستان.
نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پۆڵەندا ئاماژەی بەوەش دا، كە تاوەكو ئێستا سیانزدە رێككەوتنامە واژۆ كراوە لەنێوان زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و وڵاتی پۆڵەندا. ئەم جۆرە پەیوەندییانەش لەلایەن كاربەدەستان و ئەكادیمیست و ناوەندە زانستیەكانی هەرێمی كوردستانەوە بەگشتی بەرز نرخێندراوە و پێشوازیەکی زۆری لێ كراوە. بنیاتنانی ئەم جۆرە پەیوەندییانە لەگەڵ زانكۆكانی وڵاتی پۆڵەندا بۆتە هۆی ئەوەی، كە ساڵانە بە دەیان قوتابی كورد درێژە بدەن بە خوێندنی قۆناغەكانی بەكالۆریۆس و ماستەر و دكتۆرا لە زانكۆكانی وڵاتی پۆڵەندا. هەورەها تیشكی خستە سەر رۆڵی ئەو قوتابیە كوردانەی كە خوێندنیان لە زانكۆكانی ولاتی پۆڵەندا تەواو كردووە، ئێستا لە هەرێمی كوردستان، كە هەریەكێكیان لە بوارەكانی خۆیان خزمەتێكی بەرچاوی هەرێمی كوردستان دەكەن.
هەر لە میانی كۆنفرانسەكە نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆبونەوەیەكی تایبەتیان کرد لەگەڵ بەڕێز پرۆفیسۆر د. ڤاڵدیمر تارچینسكی سەرۆكی زانكۆی شچێچین هەروەها بەڕێزان پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. ئیدریس هادی سەرۆكی دەستەی كارگێڕیی زانكۆی نێودەوڵەتی تیشك و پرۆفیسۆر د. عەبدولكەریم یاسین نوێنەری سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین سەبارەت بە پەرەپێدان و فراوانكردنی پەیوەندییەكانی زانكۆی شچێچین لەگەڵ زانكۆكانی كوردستاندا؛
شایانی باسە ئەم كۆنفرانسە نێودەوڵەتیە بە هاوبەشیی زانكۆی نێودەولەتی تیشک و زانكۆی سەلاحەدین و زانكۆی شچێچینی پۆڵەندا بەڕێوە چوو، یەكەم جاریشە لە لایەن زانكۆی شچێچین لە وڵاتی پۆلەندا میوانداری كرا، پێشتر لە ساڵانی ٢٠١٨ تاوەكو ٢٠٢٢ چوار جار ئەم كۆنفرانسە لە لایەن زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشكەوە لە هەولێری پایتەخت میوانداری كراوە.
لە پێنجەمین كۆنفرانسی هاوبەشی نێودەولەتی لە بوارەكانی ژمێریاری و ئابووری و كارگێڕی و ڕامیاری، كە دوو رۆژ بەردەوام بوو، جگە لە چوار وتاربێژە سەرەكیەكەی پۆڵەندا و یۆنان و ئەفریقای باشوور و هەرێمی كوردستان كە بەشدارییان كردوبوو، ٥٢ توێژینەوەی زانستی پێشكەش كران لە لایەن توێژەرانی ١١ وڵاتەوە. خۆشبەختانە چەندین ئەكادیمیست و توێژەریش لە زانكۆكانی زانكۆی سەلاحەدین و سۆران و سلێمانیەوە ئامادەی ئەم كۆنفراسە بوون.