ڕائیب جادر – هەولێر
دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، بۆ ئەو مەبەستە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڕێک نەوت وەکو تاقیکاری بە سەرکەوتوویی بە لوولەکەدا گواسترایەوە. وەزیری وزەی تورکیا، دەڵێت: لوولەی گواستنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیھان ئامادەیە و ئەم ھەفتەیە دەست بە کار و چالاکی دەکەینەوە. شارەزایانی بواری وزەش، دەڵێن: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بە بەغدا جێبەجێ کردووە و پێویستە ھەرچی زووە دەست بە ھەناردەی نەوتی کوردستان بکرێتەوە.
لە ٢٥ـی ئادارەوە ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بەھۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، لەلایەن تورکیاوە ڕاگیراوە. دادگەکە لەسەر سکاڵای عێراق دژی تورکیا بۆ ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان، بڕیاری لە بەرژەوەندیی عێراق دا و لەسەر بنەمای ئەو بڕیارەش ھەناردەکردنی نەوتی کوردستان ڕاگیرا. بەگوێرەی ڕێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا، پێویستە ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە چوار سەد ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەی دەرەوە بکات، لەبەرامبەردا شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە دابین بکرێت.
ڕۆژی سێ شەممە ٤ـی نیسانی ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە ڕێوڕەسمێکدا ڕێککەوتنی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی ھاوبەش ئیمزا. ئەو کات مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ھیوای خواست، ڕێککەوتنەکە وەکو خۆی و لە نزیکترین کاتدا جێبەجێ بکرێت و ببێتە بنەمایەکی باش بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای نەوت و گاز، بەڵام زیاتر لە شەش مانگ بەسەر ئەو ڕێککەوتنەدا تێدەپەڕێت و تا ئێستە حکوومەتی عێراق جێبەجێی نەکردووە.
دوای ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوو، بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵ، مووچە و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستانیان بڕی، ھەرێمی کوردستان ناچار بوو نەوت ھەناردە بکات و ڕێکارەکانی ھەناردەکردنی نەوتیش یاسایی و دەستووری بوون لە چوارچێوەی مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان.
ئاڵپئەرسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا، لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی نەوت لە ئەبوزەبی، تیشکی خستە سەر کێشەی گواستنەوەی نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جەیھان کە لە ٢٥ـی ئاداری ئەمساڵەوە ڕاگیراوە.
وەزیری وزەی تورکیا، گوتیشی: زیاتر لە چل ساڵە ڕۆژانە نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیھانەوە ھەناردەی بازاڕەکانی جیھان کراوە و ئێستەش لوولەکە بۆ ھەناردەکردنەوە ئامادەیە و لەم ھەفتەیەدا کار بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوت دەکەن. دوای دەستکردنەوە بە چالاکییەکە، ئەو لوولە توانای ئەوەی ھەیە نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ بازاڕەکانی نەوتی جیھان بگوازێتەوە.
ڕۆژی ٢٤ـی ئابی ٢٠٢٣، ئاڵپئارسڵان بایراکتار، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ھەولێر و لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی ھاکان فیدان، وەزیری دەرەوە، بایراکتار لە ھەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، وێنەی خۆی و سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە ھەولێرین بۆ گفتوگۆکردنی ھاوئاھەنگییەکانمان، پرسە ھەنووکەییەکان و دوایین پێشھاتەکان لە بواری وزە.
ھاوکات مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس گوتی: باسمان لە پێویستی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیھانی تورکیا و نەھێشتنی ھەموو ئاستەنگێکی تایبەت بەم بابەتە کرد.
بەگوتەی شارەزایانی بواری وزە، دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم بۆ بەندەری جەیھانی تورکی، سوودی سێ لایەنەی بۆ تورکیا، عێراق و ھەرێمی کوردستان دەبێت، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ڕاگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان زیانی گەورەی بە ئابووریی عێراق و ھەرێمی کوردستان گەیاندووە. موحسین ئیسماعیل، شارەزای بواری وزە، ڕایگەیاند: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بە بەغدا جێبەجێ کردووە و پێویستە ھەرچی زووە دەست بە ھەناردەی نەوتی کوردستان بکرێتەوە.
د.سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: ئەم مانگە بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم بۆ تورکیا، یەکلاکەرەوە دەبێت. ڕاگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێم لەڕێگەی بەندەری جەیھانەوە زیانی بە عێراق گەیاندووە، ھەر ئەوەش وایکردووە ھەنگاوەکان بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم خێراتر بکرێن.
د.سەباح سوبحی، دەشڵێ: پرۆسەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان و کەرکووک گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی، کە چوار سەد و ھەشتا و پێنج ھەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، ئێستە کاتی ئامادەکارییە بۆ سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان، حکوومەتی عێراق کە سکاڵایەکی لەسەر ھەناردەکردنی ئەو نەوتە بردووەتەوە حکوومەتی تورکیا داوای قەرەبووکردنەوە دەکات.
سوبحی، ڕوونیکردەوە: ئەوەی ئێستە ماوەتەوە بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، پەیوەندی بە نێوان عێراق و تورکیاوە ھەیە، حکوومەتی تورکیا داوایکردووە بە بڕی سێزدە دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک داشکانی بۆ بکرێت، ھاوشێوەی ئوردن کە ئێستە عێراق نەوت بە چواردە دۆلار کەمتر لە بازاڕەکان بە ئوردن دەفرۆشێت، ھەروەھا شایستە داراییەکانی کۆمپانیای بۆتاشی تورکیا، داوا دەکات بۆ ھەر بەرمیلێک حەوت دۆلاری پێبدرێت، لە ڕاستیدا حکوومەتی عێراق کێشەی لەگەڵ ئەو مەرجانەی حکوومەتی تورکیا ھەیە، ئەمە لە کاتێکدایە ھەرێمی کوردستان ھیچ ڕێگرییەکی نییە بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوت، بەڵکو بەردەوام ئامادەیی خۆی دەربڕیوە ھەم بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوت ھەمیش بۆ بەکارھێنانی نەوت لە ناوخۆ، وەک لە یاسای بودجەی گشتی عێراق ئاماژەی پێکراوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چوار سەد ھەزار بەرمیل نەوت ڕۆژانە ڕادەستی حکوومەتی عێراق بکات لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ، حکوومەتی ھەرێم ڕێگر نییە لەو بابەتە و پابەندی خۆی ڕاگەیاندووە.
سەبارەت بە یاسای نەوت و گاز، د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە سێ جار پڕۆژەیاسای نەوت و گاز ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق کراوە، بەڵام ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان ڕێگر بووە لە تێپەڕاندنی، بابەتی نەوت و گاز تەنیا پەیوەندی بە حکوومەتی فیدراڵییەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیشەوە ھەیە، دەبێ بە ھاوئاھەنگی و ھاوبەشییەوە ڕەشنووسی یاسای نەوت و گاز بنووسرێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، زیاتر دەڵێ: یاسای نەوت و گاز نەخشەی نەوتی لە عێراق دەکێشێتەوە و چارەی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا دەکات و گرێنتی پاراستنی مافەکانی ھەردوولاش دەکات، کە ئێستە بەھۆی نەبوونی یاسای نەوت و گاز کێشەی زۆر بۆ عێراق دروست بووە، ئەگەر یاساکە ھەبێت، ھەموو ئەو کێشانەی ئێستە ھەن چارە دەبن.