موزەفەر ئەحمەد عەباس
ژینگە، کاریگەرییەکی تەواوی لەسەر کۆمەڵگە هەیە بۆیە زۆربەی کۆمەڵگەکان بایەخێکی زۆر بە ژینگە ئەدەن وەکو گەوهەریکی گرنکی کۆمەڵگەکان سەیری دەکەن، باسکردن لە ژینگە باسکردنە لە ژیان، چونکە هەموو زیندەوەرەکانی سەر گۆی زەوی ژینگەیەکی تایبەت بە خۆیان هەیە و هەر کێشەیەک لە ژینگەدا ببێت دەبێتە هۆی دروست بوونی کێشە لە ژیانی زیندەوەراندا چونکە پەیوەندییەکی توند و تۆڵ لە نێوان ژینگە و زیندەوەراندا هەیە.
گەر سەرنج بخەینە سەر وتەیەکی ئەنیشتاین کە دەڵێت (ژینگە هەموو شتێکە جگە لە خۆم) کەواتە مرۆڤ هۆیەکی سەرەکی و بنچنەییە لە پرۆسەی پیس بوونی ژینگە و دەرکەوتنی جۆرە جیاوازەکانی پیسبوونە و پیسبوونیش بەهۆی مرۆڤەوە یەکسانە بە زۆر بوونی پیشەسازی – پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا – خراپ بەکارهێنانی سەرچاوەکان -زیاد بوونی رێژەی دانیشتوان – پیسبوونی ( ئاو – هەوا – خاک ) کە ئەمانەش لە ئەنجامی چالاکی مرۆڤەوە پیس دەبن.
ژینگەش وەک بابەتێکی پەیوەست بە ژیان و چالاکییە بەردەوامییەکانی مرۆڤ و زیندەوەرانەوە، بەردەوام پێویستی بە چاودێریکردن و چاککردن هەیە، چونکە چالاکییە بەردەوامییەکانی مرۆڤ پاشماوەی نامۆ دەخاتە نێو پێکهێنەرەکانی ژینگە ( ئاو – هەوا – خاک ) خاکیش یەکێکە لە گرنگترین سامانەسرووشتییەکان بە هۆی چالاکی نادروستی مرۆڤەوە پیس دەبێت.
پیسبوونی ژینگەش بریتیە لە ڕوودانی گۆڕانێک لە ژینگەی گیانداران بەهۆی سروشت و چالاکی ڕۆژانەی مرۆڤەوە کە دەبێتە هۆی دەرکەوتنی چەند ماددەیەک کە ناگونجێ لەگەڵ ئەو شوێنەی کە گیاندارەکەی تێدا دەژیت .
بەرهەمهێنانی پێداویستییەکانی ژیانی مرۆڤ بە بەردەوام پاشماوەی زیانبەخش دەخەنە نیو ژینگە، بەڵام ڕێژەی ئەو پاشماوانە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەیە بە هۆشیاری مرۆڤەکان و بایەخدانیان بە ژینگە هەروەها گۆڕانی کەش و هەوا کاریگەری نێگەتیڤی کردۆتە سەر ژینگە.
هەروەها زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی زەوی و زۆر بوونی کارگەکان و دەردانی وزەی زیاد لە پێویست بە تایبەت لە وڵاتە پیشەسازییەکانەوە و زۆر بوونی ئۆتۆمبێل زیانێکی ژینگەی زۆری هێناوە لە قەتیس بوونی گەرما و تۆز و خۆڵ و دەیان کارەساتی سروشتی کە ڕاستەوخۆ کاریگەری زۆر خراپیان کردە سەر ژینگە و هاوسەنگی ژینگەیان تێکدا. پیسبوونەکان گاریگەرییان لەسەر چاو و قوڕگ و پێست و دەروون هەیە، بۆیە لەو وڵاتانەی کە ژینگەیان پیسە دانیشتوانەکەی لە دڵەڕاوکێ و توڕبووندان، هەروەها پیس بوونەکانی ژینگە بە زۆری لە وڵاتە دواکەوتووەکانن وڵاتی چین و هندستان پیسترین وڵاتی جیهانن لە ڕووی ژینگەییەوە لە کوردستانیشدا زۆرترین پیس بوونەکان بریتین لە ژاوەژاو هەوا و ئاو .
هەموو ساڵێکیش نزیکەی سەد ملیۆن کەس لە دانیشتوانی سەر زەوی زیاد دەکات، لە ئێستادا یەک لەسەر سێی دانیشتووانی سەر زەوی لە هەژاری و بەدخۆراکیدا دەژین. لە ئیستاشدا تەنها ٨% ی هاوڵاتیان لە جیهاندا لە ژینگەیەکی پاکدا دەژین. (ئاو – هەوا – خاک) ئەمانە هەرسێکیان پێکهێنەری ژینگە و سەوزکردنی زەوین،
هاوکات پیسبوونیان واتا تێکچونی باری ژیان هەریەک لەم ڕەگەزانە تەواوکەری یەکترین بۆ بەردەوامیدان بە ژیان، بۆیە ناکرێت یەکێکیان بە گرنگتر لە ئەوی تریان دابنرێت، زیادکردنی ڕێژەی سەوزایش پەیوەندییەکی راستەوخۆی هەیە بەهەرسێ لەم پێکهێنەرانە و گەشەکردنی مرۆڤیش پێویستی بە پێکهێنەرەکانی ژینگە هەیە.
لەسەر هەموو تاکێکی کورد پێویستە ئەرکی پاراستنی ژینگە لە ئەستۆ بگرێت و لەسەر هەموو ڕێکخراو و سەنتەر و دام و دەزگا حکوومی و ناحکوومی و پەرلەمان و کەرتی تایبەت و ڕاگەیاندکاران بەشداربن لە گەیاندنی پەیامی ژینگە پاریزی. هەموو لایەک پێویستە پاریزگاری لەو ژینگەیە بکەن کە هەموومان تێیدا دەژین چونکە ژینگەیەکی خاوێن مافی هەموومانە و پاراستنی ژینگەش ئەرکی سەر شانی هەموو تاکێکی کوردە.
کارکردن بۆ ژینگەیەکی تەندروست لە پێش هەموو شتێکدا هەوڵدانە بۆ پاراستنی هاوسەنگی ژینگەیی کە لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم هەتا ئەمڕۆ بە شێوازێکی زۆر دژوار ئەو هاوسەنگییە ڕوو لە ئاڵۆزبوون و تێکچوونە، بەهۆی زۆری هۆکارەکانی پیس بوونی ژینگە ئەوەی جێگای خۆشحاڵییە کە ڕێژەیەکی بەرچاو لە کاربەدەستان لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان هەست بە مەترسییەکانی پیسبوونی ژینگە دەکەن و کاری یاساییان بۆ کەمکردنەوەی پیس بوونی ژینگە کردووە. ساڵانە چەندین کۆنفرانس و کۆبونەوە دەبەسترێت و بڕیاری گرنگ بۆ پاراستنی ژینگە جێبەجێ دەکرێت، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ ئەوەی پێویستە بکرێت بۆ پاراستنی ژینگەیەکی خاوێن و گونجاو بۆ نەوەکانی داهاتوو.
- بۆ نووسینی ئەو بابەتە سوود لە چەندین بابەت و شارەزایەکی ژینگەیی و
ژینگەپارێزوەرگیراوە