سیروان بارزانی: داعش شێوازی شەڕکردنی خۆی گۆڕیوە بۆ پارتیزانی

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە دە رۆژی رابردوودا داعش هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە زیاد کردووە، لەو چەند رۆژەدا داعش 4 جار هێرشی کردۆتە سەر هێزەکانی پێشمەرگە، بەو هۆیەوە 17 پێشمەرگە شەهید بوونە و 9 پێشمەرگەش بریندار بوونە، هەروەها 3 هاووڵاتیش کە برای یەکدی بوونە شەهید بوونە و هاووڵاتییەکیش بریندار بووە. فەرماندە سەربازییەکان رەوشی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە مەترسیدار وەسفدەکەن و داوای جێبەجێکردنی رێککەوتنە ئەمنییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە دەکەن. ئەمینداری گشتی هێزەکانی پێشمەرگەش، دەڵێ، لە 10 مانگی ئەمساڵ بەهۆی هێرشەکانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکان 837 کەس شەهید و بریندار بوونە، یان رفێندراون.

لە 27/ 11 لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراو لە تەپی تەلان لە کولەجۆ 5 پێشمەرگە شەهید و 5ی دیکەش بریندار بوون، هەروەها 28/11 داعش هێرشی کردە سەر خاڵێکی پاسەوانی فەوجی سێیی لیوای 17ی پیادە لە کفری، پێشمەرگە بەرپرچی هێرشەکەی دایەوە و هیچ زیانێکی نەبوو، هەروەها لە 29/11 لە هێرشێکی داعشدا لە رێگەی گۆپان لە نزیک کفری هێرشی کردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە و لە ئەنجامدا 2 پێشمەرگە شەهید بوون و دووی دیکەش بریندار بوون، هەروەها 2/12 داعش لە سنووری ناحیەی دێبەگە لە داوێنی چیای قەرەچۆغ داعش هێرشی کردە سەر دوو گوند و لە ئەنجامدا 10 پێشمەرگە و 3 هاووڵاتی کە برای یەکدی بوون شەهید بوون و 4 پێشمەرگە و هاووڵاتییەکیش بریندار بوون.
بە گوتەی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان کە بۆ “هەولێر” قسەیان کردووە، رۆژبەرۆژ جمووجۆلی چەکدارانی داعش زیاتر دەبێت، ئەگەر بارودۆخەکە کۆنتڕۆڵ نەکرێت و هێزی پێشمەرگە نەگەڕێتەوە ئەو ناوچانە ژیانی ئێمە دەکەوێتە مەترسییەوە و رۆژانە شەهید و بریندارمان دەبێت، بەوەش ناچار دەبین گوند و ئاواییەکانی خۆمان بەجێ بهێڵین و روو لە هەرێمی کوردستان بکەین.
غازی محەمەد، فەرماندەی پێشمەرگە لەبەرەکانی پێشەوە، بە “هەولێر”ـی گوت:”هەبوونی کردەوەی تیرۆریستی لە ناوچە کوردستانییەکان بەهۆی بوونی بۆشایی ئەمنی زیادیکردووە، چونکە لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆشاییەکی گەورە لەو ناوچانە دروست بووە، بۆیە لە لایەن داعش و تاقمە تیرۆیستییەکان بەکار دەهێندرێت، کە هەم گەشە بکەن، هەمیش هێرش بکەنە سەر هێزەکانی پێشمەرگە و هاووڵاتییان.
ئەو بەرپرسەی پێشمەرگە، ئاشکراشی کرد:”حکوومەتی هەرێم چەندین جار داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە، کە هەماهەنگی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق هەبێت، بۆ ئەوەی بە هەمووان پێکەوە بتوانین رێگری لە داعش بکەین و ئەو گروپە تیرۆریستیانە نەهێڵن، بەڵام تا ئێستا وەکو پێویست هەنگاو نەنراوە، بەوەش رۆژبەرۆژ بارودۆخەکە خراپتر دەبێت”.
سیروان بارزانی، فەرماندەی میحوەری گوێر مەخمووری هێزی پێشمەرگە، رایگەیاند، بۆشایی ئەمنی دوای رووداوەکانی16ی ئۆکتۆبەر دروست بووە، ئێستا تەکتیکی داعش گۆڕاوە، ئێستا شەڕی پارتی زانی دەکات.
فەرماندەی میحوەری گوێر مەخمووری هێزی پێشمەرگە، دەشڵێ:” ئێستا لە چیای قەرەچۆغ زیاتر لە 100 چەکداری داعش هەیە، هەروەها زانیاری هەیە کە چەکداری داعش، بەتایبەتی چەکداری بیانی لە سنووری سووریاوە هاتوونەتە ناو خاکی عێراق”.
هەر لەبارەی هێرشەکانی ئەم داوییەی داعشەوە، شاخەوان عەبدولڵا، ئەندامی لیژنەی ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکووک، بۆ “هەولێر” گوتی:” دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر بەردەوام گویمان لە هێرشی چەکدارانی داعش بووە بۆ سەر هێزی پێشمەرگە و ناوچە کوردستانییەکان، بەڵام دوای هەڵبژاردن هێرشەکان چڕ کراونەتەوە، گومان هەیە ئەوە دەستێکی سیاسی لە پشتەوە بێت، چونکە لە دوای دۆڕاندنی هێزێکی سیاسی لە عێراق بابەتی تەعریب لە ناوچە کوردستانییەکان چڕ بۆتەوە بۆ داگیرکردنی زەوی و زاری کورد و کردەوە تیرۆریستییەکان فراوانتر بوونە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکووک، دەشڵێ:” خەڵکی ئەو ناوچانە لەبەردەم مەترسییەکی گەورە دایە، کۆچی خەڵکی ئێمە لەو گوندانە بەرەو هەرێمی کوردستان زیادی کردووە، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە و دەبێت حکوومەتی عێراق بە جددی بێتە سەر خەت و ئەو بۆشاییەی کە لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق هەیە هەرچی زووە پڕ بکرێتەوە، ئەگەرنا رۆژبەرۆژ مەترسییەکان زیاتر دەبن.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جەختی لەوەش کردەوە:” دەبێت ئەم بابەتە هەرچی زووە یەکلا بکرێتەوە و هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچە کوردستانییەکان بۆ پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان، هەروەها لیژنەیەکیش بۆ راگرتنی پرۆسەی تەعریب سەردانی بەغدا بگات، چونکە بەپێی ئەو بەڵگانەی لە بەر دەستی ئێمەن پارێزگاری کەرکووک و هەندێک لایەنی دیکە هاوکارن بۆ ئەوەی پرۆسەی تەعریب بەردەوام بێت”.

ھەواڵی زیاتر